بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران شەوی چوارشەممە لە وتووێژێکی تەلەفوونیدا لە گەڵ عەبدوڵڵا بن زاید ئالی نهیان وەزیری دەرەوەی ئیمارات سەبارەت بە دوایین گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە بیر و ڕای ئاڵوگۆڕ کرد.
وەزیری دەرەوەی ئێران لەو وتووێژەدا پەیوەندییەکانی نێوان هەر دوو وڵاتی بە ئەرێنی و بەرەوپێشچوو ناو برد و وتی کە کۆبوونەوە و ڕاوێژی باش لە نێوان بەرپرسانی هەر دوو لادا کراوە.
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان بە ئاماژە بە قەیرانی یەمەن ڕایگەیاند: ئێمە لەو بڕوایەداین کە بەردەوامی شەڕ و پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکان لە بەرژەوەندی هیچ یەک لە لایەنەکان و ناوچەکە نییە.
ناوبراو هەروەها ڕژێمی زایۆنیستیی بە سەرچاوەی هەڕەشە لە سەر تەواوی وڵاتان و ناوچەکە ناو برد.
وتیشی کە دەبێت هەوڵ بدەین ئەوانەی هۆکاری خوڵقاندنی قەیرانەکانن، نەتوانن لە ناوچەکەدا شوێنپێی خۆیان بکەنەوە.
عەبدوڵڵا بن زاید ئالی نهیان وەزیری دەرەوەی ئیماراتیش لەو وتووێژە تەلەفوونییەدا ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە گەڵ ئێران جیدییە و بەردەوامی وتووێژەکان لە بوارە جیاجیاکان بە پێویست دەزانێت.
ناوبراو سەبارەت بە قەیرانی یەمەن وتی: هەوڵ دەدەین سەرجەم لایەنەکانی یەمەن بۆ گەیشتن بە چارەسەری سیاسی بە چاودێری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان هان بدەین./.