کەمال ڕەئوف لە وتووێژی تایبەت لە گەڵ پەیامنێری جام کوردی سەبارەت بە دۆخی سیاسی ئێستای هەرێمی کوردستان و ململانێی هەر دوو حیزبی دەسەڵاتدار لە سەر پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق، وتی: ئەگەرچی کورد پێکهاتەیەکی سەرەکییە لە عێراق بەڵام لە ڕووی ژمارەی دانیشتووانەوە کەمینەیە، ئەوەش وا دەکات کە لایەنە سیاسییەکان پێکەوە خاوەنی پرۆژەی هاوبەش لە بەغدا بن و ڕێگری لەوە بکەن کە کێشە و ناکۆکییە سیاسییەکانی نێوانیان لە بەغدا ڕەنگدانەوەی هەبێت، کورد داواکارییەکی زۆری لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا هەیە کە دەرفەتێک بۆ مسۆگەربوونی هەیە و نابێت بەرژەوەندییە کەسی و حیزبییەکان بە سەر ئەو مافانەدا زاڵ بکرێن.
ناوبراو لە درێژەدا وتی: ململانێی ئێستای نێوان هەر دوو حیزبی گەورەی هەرێمی کوردستان لە سەر پرۆژە و کاری چاکە و خزمەتگوزاری نییە بەڵکوو لە سەر پشکی زیاترە بۆ حیزب، لە هاوکێشەکەشدا ئەوەی لەبیر کرابێت بەرژەوەندی گشتییە، هەر بۆیە ئەم ململانێ تەنیا زیانی بۆ خەڵک بە دواوە دەبێت و ڕەنگە ئاشتی کۆمەڵایەتیش ڕوبەڕوی مەترسی بکاتەوە و دابڕانی گەورەش لە نێوان دانیشتووانی هەرێمی کوردستان درووست بکات.
بە وتەی کەمال ڕەئوف، بەشدارینەکردنی زیاتر لە سەدا شەستی خەڵک لە هەڵبژاردنەکان بەڵگەی ئەوەیە کە دابڕانێکی گەورە لە نێوان حیزبە سیاسییەکان و جەماوەردا درووست بووە و وتی: ئەم ڕەتکردنەوەیە بۆ هەڵبژاردنەکان و بەشدارینەکردن بەڵگەی ئەوەیە کە سیاسەتی ئەم حیزبانە پێویستی بە پێداچوونەوەی قووڵ هەیە، پێویستە لەوە تێبگەن کە کۆمەڵگا وەک نوێنەری خۆیان سەیری ئەوان ناکات و متمانە بە بەڵێن و حکومڕانییەکەی ئەوانیش نەماوە.
ناوبراو وتی: ئێمە داواکارین کە حیزبەکان لەم پەیامە تێبگەن و ئەو کەلێنەی نێوان خۆیان و خەڵک بە کارنامەی سیاسی و چاکسازی ڕیشەیی کەم بکرێتەوە، ئەوان تا ئێستا سیاسەتیان ئەوە بووە کە لە ڕێگای ترساندن و پێدانی ئیمتیازەوە دەنگە ناڕەزاکان کەم بکەنەوە، تەمەنی ئەم حکومڕانییە پرسیاری جیدیی لە سەر درووست بووە و ئەگەر ئامادەی گوێگرتن نەبن دەبێت چاوەڕوان بن کە پشوودرێژیی جەماوەیش سنورەکانی خۆی تێپەڕ دەکات و ڕەنگە ئەو کاتە ڕووداوەکان لە دەستی کورددا نەمێنێت.
وتووێژ: سەردەشت محەممەد