بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەرچاوەکانی هەواڵ ڕایانگەیاند کە بەرەبەیانی پێنج شەممە 3 ی شوبات ی 2022، هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە ناو دژ بە داعش لە ناوچەیەکی نێوان پارێزگاکانی ئیدلب و حەلەبی سوریا لە ڕێگای دابەزینی ئاسمانییەوە جێگیر بوون.
ئەو پرۆسە سەربازییەش بۆ دەستبەسەرکردن یان کوشتنی یەکێک لە سەرکردەکانی قاعیدە بووە کە پێشتر ئەمریکا بۆ هەبوونی هەر زانیارییەک لە سەر ئەو خەڵاتی دیاری کردبوو.
چاودێری مافی مرۆڤی سوریا ڕایگەیاند کە بەرەبەیانی پێنج شەممە چەند فڕۆکە و کۆپتەری سەربازی لە بنکەیەکی سەربازی شاری کۆبانێوە هەڵمەتێکیان بەرەو ناوچەیەکی نێوان پارێزگاکانی ئیدلب و حەلەب دەستپێکرد.
لەو پرۆسە سەربازییەدا هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە ڕێگای دابەزینی ئاسمانییەوە لە گەڕەکێک بە ناوی ” مدرسە غربی ” لە ناوچەی ” دەیر بەلوت ” دابەزین و ناوچەکەیان دایە بەر دەستڕێژی گولە و لە درێژەدا هێرشیان کردە سەر خانوویەک و داوایان لە دانیشتووانەکەی کرد کە ژنان و منداڵان دوور بخەنەوە.
سەرچاوە میدیاییەکان ڕایانگەیاندووە کە هێرشەکە زیاتر لە یەک کاتژمێر کاتی بردووە و فڕۆکەکانی ئێف 16 ی ئەمریکا بە سەر ناوچەکەدا سوڕاونەتەوە.
پێگەی سابرین نیوز سەر بە هێزەکانی خۆڕاگری عێراق ڕایگەیاندووە کە لە ئەنجامی ئەو شەڕ و پێکدادانە کۆپتەرێکی سەربازیی ئەمریکا کەوتووەتە خوارەوە.
سەرچاوەکانی هەواڵ ڕایانگەیاندووە کە چەند کەس لەو هێرشەدا کوژراون و تەرمەکانیان لە ڕێگای کۆپتەرێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە گوازراوەتەوە.
لە لایەکی دیکەوە باس لەوە دەکرێت کە سوپای ئەمریکا کەوتووەتە بۆسەی هێزە چەکدارەکان لە پارێزگای ئیدلب و شەڕ و پێکدادانێکی زۆر ڕووی داوە و زیانێکی زۆر بە ئەمریکییەکان گەیشتووە.
چاودێری مافی مرۆڤی سوریا وردەکاری زیاتری بڵاو کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە کە لەو شەڕ و پێکدادانەدا کە تا کاتژمێر 3 و 30 خولەکی بەرەبەیان درێژەی هەبووە، لانیکەم 9 کەس بە تایبەت دوو ژن و منداڵێک کوژراون./.