بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، میشل عون سەرۆک کۆماری لوبنان لە گەڵ نزیکبوونەوە لە ساڵیادی واژۆکردنی ڕێکەوتن لە گەڵ سەید حەسەن نەسروڵڵا ئەمینداری گشتی حیزبوڵڵا لە 6 ی شوباتی 2006، جەختیکردەوە کە لێکتێگەیشتن و ڕێکەوتنی نێوان هەر دوو لا بەردەوامە و هیچ جیابوونەوەیەک ڕووی نەداوە.
ناوبراو وتی: چەندین کێشەی ناوخۆیی هەیە بەڵام ئەوەی گرنگە کە ئێمە دەمانەوێت پەرە بەم ڕێکەوتنە بدەین، بەم هۆیەوە هیچ کات جیابوونەوە لە نێوان ئێمە و حیزبوڵڵا ڕوو نادات، ڕێکەوتنەکەی ئێمە و حیزبوڵڵا وەک قەڵغانێکی بەهێزە کە وڵات لە پیلانگێڕییە ناوخۆییەکان دەپارێزێت و تا ئێستاش بە هۆی ئەم دەسکەوتەوە ئەزموونە دژوارەکانمان تێپەڕ کردووە.
سەرۆک کۆماری لوبنان وتی: جوبران باسیل سەرۆکی ڕەوتی ئازادی نیشتمانی کەوتە ڕیزی سزا و گەمارۆکانی ئەمریکاوە، لە بەر ئەوەی کە داواکارییەکەی واشنتنی بۆ گۆڕینی تێڕوانین و هەڵوێستی خۆی لە بەرامبەر حیزبوڵڵا ڕەتکردەوە، باسیل ئەو گەمارۆیانەی قبووڵ کرد تا نەکەوێتە چوارچێوەی پیلانگێڕییەکەوە. ڕێکەوتنەکەی ئێمە و حیزبوڵڵا پێویستییەکی نیشتمانییە.
لە ڕۆژی 6 ی شوباتی ساڵی 2006 سەید حەسەن نەسروڵڵا و میشل عون لە کەنیسەی مارمیخائیل کۆبوونەوە و کردنەوەی وەرزێکی نوێی پەیوەندییەکانیان ڕاگەیاند و بەم پێیەش قۆناغێکی نوێ لە پێکەوەبوون و لێکتێگەیشتنی هێزە سیاسییەکانی لوبنان دەستیپێکرد. نزیکەی چوار مانگ پاش ئەوەش شەڕی 33 ڕۆژەی ڕژێمی زایۆنیستی دەستیپێکرد تا پیشاندەری ڕاستی و پێویستیی هاوپەیمانییەکەی نێوان حیزبوڵڵا و ڕەوتی ئازادی نیشتمانیی لوبنان بێت./.