ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد لە وتووێژی لە گەڵ پەیامنێری جام کوردی، وتی: لە کاتێکدا کە حکومەتی عێراق دەکەوێتەوە سەر ڕێڕەوی خۆی و دوور دەکەوێتەوە لە پێکدادانی شێعە و سوننە، ناوخۆی کوردستان ڕوبەڕوی هەڵوەشانەوە دەبێتەوە و دوور نییە بگاتە ئاستی هەڵوەشانەوەی حکومەتی هەرێمیش، لە بەر ئەوەی هەر لە یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی خولی پێنجەمەوە تا ئێستا دەنگێک هەیە کە داوا دەکات یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە حکومەتی هەرێم بکشێتەوە و هەرێمی سلێمانی ڕابگەێنێت.
ناوبراو وتی: کاریگەری ئەم دۆخە وا دەکات کە هەر دوو لایەن متمانەیان بە یەکتر نەبێت و نەتوانن پێکەوە کار بکەن و بەردەوام هەوڵی تۆڵەکردنەوە لە یەکتر دەدەن.
ئەو ڕۆژنامەنووسە وتی: لە پێشوودا کە لایەنە کوردییەکان تا ڕادەیەک لە بەغدا یەکڕیز و تەبا بوون نەیاندەتوانی ماف و دەسکەوتێک بۆ خەڵکی کورد بە دەست بێنن، ئێستاش بەم پەرتەوازییە و جەستە نەتەوەییە بێهێزە ناتوانن هیچ شتێک بۆ کورد و کوردستان بە دەست بێنن.
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد وتی: بە پێچەوانەوە ئەگەر حکومەتی زۆرینە ڕابگەێندرێت کێ دەستەبەری ئەوە دەکات دەستووری عێراق هەموار ناکرێتەوە و دەستکاری تەواوی ئەو مادە و بەندانە بکرێت کە لە سوودی کورد بووە و جێبەجێ نەکراون، بۆ نموونە مادەی 140 کە تا ئێستا جێبەجێ نەکراوە و شێعە یان سوننە ئامادە نین هیچ وتووێژی لە سەر بکەن.
وتیشی کە زیانەکە لەوەدایە کە کورد خاوەنی یەک گوتار و پەیامی نەتەوەیی نییە لە بەرامبەر هێزە سیاسییە شێعە و سوننەکان و ماڵی کوردی هێندە کەلێن و درزی تێدەکەوێت کە دەرفەتی دەستێوەردانی ناوخۆیی و دەرەکی دابین دەکات و کوردیش بە دەستی بەتاڵ لە بەغدا لێی دەردەچێت، ئەم ململانێ ڕەنگە لایەنێک بە قازانجی خۆیی بزانێت بەڵام زەرەزمەندی یەکەم کورد دەبێت.
ئەو ڕۆژنامەنووس و شرۆڤەکارەی هەرێمی کوردستان لە کۆتاییدا وتی کە نووسەران و چینی ڕۆشنبیری ئێمە ناتوانن ئەوەندە هێز و کاریگەرییان هەبێت لە چارەسەرکردنی ململانێکان و گوێ لە داواکارییەکانی ئەوان ناگیرێت و لە لایەکی دیکەوە خۆیان بەشێکن لە ململانێکان و بە سەر حیزبەکاندا دابەش بوون و ناتوانن بێلایەن بن و نەچنە ناو ململانێکانەوە.
وتووێژ: سەردەشت محەممەد