بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، خەڵک لەو سەردەمەدا زیاتر ئەو زانستەیان وەردەگرت کە پەیوەندی بە ئائین و مەزهەب، وێژە و ئەدەب، ژمێریاری و هەندەسە، فەلسەفە، ئەستێرەناسی و … هەبوو و هیچ لە زانستی نوێ بە فێرخوازان نەدەوترا.
ئەمەش وایکردبوو کە گرنگی بە پێداویستییەکانی ڕۆژی کۆمەڵگا وەک پیشەسازی، کشتووکاڵی، پزیشکی و زانستی سەربازی نەدرێت. هەروەها لە کاتێکدا بوو کە لە وڵاتانی ئەورووپی، سەرهەڵدانی شۆڕشی پیشەسازی لە سەدەکانی 18 و 19 ی زائینی و پێشکەوتنی زۆری ئەوان لە زانستی نوێ وایکردبوو کە لە پیشەسازییەکان و کردنەوەی کارگە وەبەرهێنەرەکان و کەرەستە و پێداویستی سەربازی دەستی باڵایان هەبێت.
بە دڵنیاییەوە ئەوەتان بیستووە کە کتێبەکانی ئبن سینا لە زانکۆ بەناوبانگەکانی جیهان وەک وانە دەوترێتەوە، خواڕەزمی باوکی زانستی بیرکارییە و زەکەریای ڕازی یەکەم کەس بووە کە زانستی تاقیگەکانی لە پزیشکیدا بەکار هێناوە و یان عومەری خەیام ئەو کەسە بووە کە شارەزاییەکی تەواوی لە زۆر شتدا هەبووە.
ڕەنگە بە لاتانەوە سەیر بێت بزانن کە ڤلادیمیر پوتین سەرۆک کۆماری ڕووسیا شەوانە پێش خەوتن شیعرەکانی خەیامی خوێندووەتەوە، لەم سەردەمەی ئێستاش کەسێکی وەک پڕۆفیسۆر سەمیعی لە ئێرانەوە دەبێتە باشترین پزیشکی نەشتەرگەری مێشک و دەمار.
ئێمەی ئێرانی شانازی بە هەبوونی یەکەم شارستانیەتەکانی زەویوە دەکەین و شانازی بەوەش دەکەین کە لە زۆر شتدا یەکەم جار دەستمان پێ گەیشتووە و گرنگتر لەوەش کە لای ئێرانییەکان زانست پێگە و ڕێزی تایبەتی هەبووە.
باسکردن لەو خوێندنگانەی کە مێژوویەکی زۆریان هەیە و ساڵانێک شوێنی خوێندنی کەسایەتییە گەورەکان بوون، ڕەنگە ئاسان نەبێت. خوێندنگە مێژووییەکانی ئەسفەهان، شیراز، تاران و زۆربەی شارەکانی دیکەی ئێران کە بێگومان بیرەوەرییەکی زۆریان لە دڵی خۆیاندا حەشار داوە.
ئەگەر ئێران وەک ئامانجێکی گەشتیاری هەڵدەبژێرن، سەیرێکی ئەو خوێندگانە دەتوانێت چێژێکی زیاتر بە گەشت و سەردانەکەتان ببەخشێت.
خوێندنگەی نجومیەی گەناباد
گەناباد یەکێک لە شارە مێژووییەکانی ئێران و لە پارێزگای خۆراسانی ڕەزەوی لە باکوری ڕۆژهەڵاتی ئێراندایە. لەم قوتابخانەدا زانستی ئەستێرەناسی بە فێرخوازان دەوترایەوە. خوێندنگەکە کەوتووەتە تەنیشت مزگەوتی گشتی شارەکە و مێژووەکەی بۆ سەردەمی سەفەوییەکان دەگەڕێتەوە.
خوێندنگەی فەخرییەی سەبزەوار
خوێندنگەیەکی تەواو مێژوویی کە مێژووەکەی بۆ زیاتر لە هەزار و سەد ساڵی ڕابردوو دەگەڕێتەوە و هێشتا وەک خۆی ماوەتەوە. یەکێکە لە کۆنترین خوێندنگەکانی ئێران و لە نزیک شاری سەبزەوار لە پارێزگای خۆراسانی ڕەزەویدایە، خوێندنگەکە هێشتا چالاکە و خوێندکارانی ئائینی تێیدا سەرقاڵی خوێندنن.
مێژووی خوێندنگەکە بۆ سەردەمی دەیلەمییەکان دەگەڕێتەوە و ژوورە درێژەکانی بە خاڵێکی سەیری بیناسازییەکەی دادەنرێت.
خوێندنگەی سەردار لە قەزوێن
مێژووی خوێندنگەکە بۆ سەردەمی قاجاڕەکان دەگەڕێتەوە و لە لایەن سەردار حەسەن خان و سەردار حوسێن خان کراوەتەوە و بەم هۆیەوە بە خوێندنگەی سەردار ناسراوە.
خوێندنگەی چوارباخی ئەسفەهان
لە نێو جوانییە کەم وێنەکانی شاری ئەسفەهان و دەوڵەمەندیی مێژوویی ئەم شارە دەچینە خوێندگەیەکی بەناوبانگ، خوێندنگەیەک لە سەردەمی سەفەوییەکان کە بە فەرمانی سوڵتان حوسێنی سەفەوی درووست کراوە و بە پێی ئەوەی کە موڵکی خوێندنگەکە وەقفی دایکی شا بووە وەک خوێندنگەی دایکی شاش ناوبانگی دەرکردووە.
خوێندنگەی چوارباخ نموونەیەکی هەرە جوانی بیناسازیی سەردەمی سەفەوییەکانە کە لە ڕووی بیناسازییەوە وەک مزگەوتەکانی ئەو سەردەمەیە.
خوێندنگەی خانی شیراز
زۆربەی خوێندنگەکانی ئێران لە سەر بنەمای خوێندنی ئائینی کراونەتەوە. یەکێک لە بەناوبانگترین و گەورەترین خوێندنگە مێژووییەکانی شاری شیراز، خوێندنگەی خانە کە لە لایەن دەسەڵاتدارە ناسراوەکەی ویلایەتی فارس بە ناوی ئەڵڵا وەردیخان کراوەتەوە.
ئەگەر شارەزاییتان لە مێژوودا هەبێت دەزانن کە ئەڵڵا وەردیخان هەمان ئەندازیاری سی و سێ پردی شاری ئەسفەهانە و خوێندنگەی خانی لە گەڵ کوڕەکەیدا کردووەتەوە، ئەو کوڕەی کە لە میانەی هێرشی بۆرتۆگالییەکان بۆ سەر خاکی ئێران دوورگەی هۆرمزی لەوان وەرگرتەوە.
بیر و بڕوای زۆری ئەڵڵا وەردیخان بە ئیسلام و شێعە وایکردووە کە لە درووستکردنی ئەم خوێندنگەدا هەندێک تایبەتمەندی لە بەرچاو بگرێت، بۆ نموونە، کردنەوەی 114 ژوور کە بە ژمارەی سورەتەکانی قورئانی پیرۆزە.
خوێندنگەی خانی یەزد
خانی خانانی یەزد، محەممەد تەقی خان بافقی، دامەزرێنەری یەکێک لە کۆنترین خوێندنگەکانی ئێرانە، خوێندنگەیەک کە پەیوەندی بە کۆتایی دەسەڵاتی زەندییە و سەرەتای قاجاڕەوە هەیە. خوێندنگەکە بە سەر دوو خوێندنگەی گەورە و بچووکدا دابەش بووە و یەکێک لەوان لە لایەن محەممەد تەقی خان و ئەوی دیکە لە لایەن کوڕەکەیەوە درووست کراوە.
خوێندنگەکە هێشتا لە شاری یەزد بۆ خوێندنی فێرخوازانی ئائینی بەکار دێت.
خوێندنگەی ئیبراهیم خانی کرمان
ئەم خوێندنگەش بە بینایەکی بەشکۆی سەردەمی قاجاڕەکان دادەنرێت و لە گەڵ ئەمەش بازاڕ و گەرماو و ئاوعەمباریشی هەبووە.
خوێندنگەی عیمادیەی گورگان
خوێندنگەی عیمادیە بە یەکێک لە کۆنترین خوێندنگەکانی ئێران دادەنرێت کە کاتی درووستکردنەکەی بۆ سەردەمی حکومەتی شا سولێمان سەفەوی دەگەڕێتەوە.
خوێندنگەکە چوار هۆڵی هەیە و دوو نهۆمە و حەوشەیەکی جوانی هەیە، مزگەوت و گەرماو و تەکیە و زۆر شوێنی دیکەشی تێدایە.
خوێندنگەی هیدایەتی ورمێ
خوێندنگەی هیدایەت بە یەکێک لە یادگارە جوانەکانی سەردەمی قاجاڕ دادەنرێت، سەرەتا خانووی یەکێک لە کەسایەتییە گەورەکانی قاجاڕ بووە بەڵام دواتر کراوەتە خوێندنگە.
خوێندنگەی دارولفنونی تاران
دارولفنون لە مێژووی ئێران و لە بیرەوەری ئێرانییەکاندا ناوێکی گەورە و ئاشنایە، ناوەکەی گرێدراوی ناوی یەکێک لە گەورەترین کەسایەتییە سیاسییەکانی مێژووی ئێرانە. ئەمیر کەبیر پیاوی ناسراو و دامەزرێنەری ئەم خوێندنگە مێژووییە کە لە ڕاستیدا بە یەکەم زانکۆی ئێران دادەنرێت.
یەکەم خوێندنگەی قۆناغی کۆتایی لە ئێران بووە. خوێندنگەکەش یادگاری سەردەمی قاجاڕە و لە بوارەکانی پزیشکی، ئەندازیاری، دەرمانسازی، زانستی سرووشتی، بیرکاری، مێژوو، جوگرافی، نیگارکێشی و بوارەکانی دیکەش چالاکی کردووە. بینای سەرەکیی خوێندنگەکە ڕووخاوە و دواتر لە لایەن کەسێکی ئەورووپییەوە نۆژەن کراوەتەوە و ئێستاش بووەتە پێشانگایەکی وەزارەتی پەروەردەی ئێران.
خوێندنگەی ڕوشدییەی تەورێز
خوێندنگەی ڕوشدییەی تەورێز خوێندنگەیەکی ئاسایی دوو نهۆمییە کە بیناکەی بۆ سەردەمی پاڵەوی یەکەم دەگەڕێتەوە و ئێستا شوێنی میراتی کەلتوریی تەورێزە بەڵام ڕووداوێکی مێژوویی لە پشتەوەی مێژووی خوێندنگەکە حەشار دراوە.
میرزا حەسەن ڕوشدییە پاش ئەوەی کە شێوازی خوێندنی ئەورووپییەکانی بینی و خوێندنگەیەکی لە شاری ئیروان کردەوە، گەڕایەوە ئێران تا خوێندنگەیەکی نوێ و مۆدێڕن بکاتەوە بەڵام نەک پێشوازیی لێنەکرا بەڵکوو چەندین جاریش هەڕەشە لە سەر گیانی میرزا حەسەن هەبوو.
میرزا بە چەندین جار ڕوبەڕوی شکست بوویەوە بەڵام بە پێی ئەوەی کە بڕوای بە نەهێشتنی نەخوێندەواری هەبوو، هیچ کات ئیرادەی لاواز نەبوو و لەوەدا سەرکەوتوو بوو کە یەکەم خوێندنگەی بنەڕەتیی پێشکەوتووی ئێران بکاتەوە و ئەمەش لە زنجیرە چالاکییەکدا گەیشتە شارەکانی دیکەی ئێران.
خوێندنگەی کچان
یەکەم جار ژنێکی ئێرانی بە ناوی بی بی خانم ئسترئابادی هەنگاوی سەرەتایی بۆ کردنەوەی خوێندنگەی کچان هەڵگرت بەڵام خوێندنگەکەی داخرا، دواتر ئەو خولیایە مایەوە و دوا جار توبا ئازمودە یەکەم خوێندنگەی کچانی ئێرانی بە فەرمی کردەوە./.