بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەم کۆبوونەوە بە ئامادەبوونی بەرپرسانی باڵای وەزارەتی میراتی کەلتوری، پیشەسازی دەستی و گەشتیاریی ئێران و چالاکوانانی ئەم بوارە لە ڕۆژی 28 ی کانوونی دووەمی 2022 لە هوتێل ئەوینی تاران بەڕێوەچوو.
ئەکبەر خەمخۆر ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردنی کۆمەڵەی گەشتیاریی ئێران لە کۆبوونەوەکەدا وتی کە ئێران لە بواری مێژوویی، کەلتوری و تەندرووستی هەڵگری تایبەتمەندییەکی زۆری گەشتیارییە.
ناوبراو وتی: نرخی زۆر نزمی گەشتیاری لە ئێران، هەبوونی خەڵکانێکی میواندۆست، جۆربەجۆریی ڕاکێشیگەلە گەشتیارییەکان، خواردنە حەڵاڵەکان و وەرگرتنی ئاسانی ڤێزە لە وڵاتانی دیکە و هەروەها لە سنورەکان و فڕۆکەخانەکان، کەرتی گواستنەوەی ئاسمانی و وشکانی، بە گرنگترینی ئەو هۆکارانە دادەنرێن کە وایکردووە گەشتیارانی بیانی، ئێران وەک ئامانجێکی خۆیان دیاری و سەردانی بکەن.
خەمخۆر وتی: لە کۆبوونەوەی BtoB کۆمپانیاکانی بواری گەشتیاریی ئێران پلان و پێشنیارەکانی خۆیان بۆ کۆمپانیا پەیوەندیدارەکانی وڵاتانی پاکستان، عێراق و هەروەها هەرێمی کوردستان خستەڕوو و ئاڵوگۆڕی زانیاری لە گەڵ ئەوانیش کرا.
لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا پەرهام جانفشان بەڕێوەبەری گشتی میراتی کەلتوری، پیشەسازی دەستی و گەشتیاریی پارێزگای تاران وتی: پارێزگای تاران لە ڕووی گەشتیارییەوە بە پارێزگایەکی گرنگی ئێران دادەنرێت، گەورەترین فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ئێرانی تێدایە و بە یەکەم ئامانجی گەشتیارانی بیانی دادەنرێت.
ناوبراو وتی: لە بواری سرووشتی، ئائینی، مێژوویی و تەندرووستی دەتوانین تاران بە نموونەی گەشتیاریی ئێران ناو ببەین.
جانفشان وتی: هوتێلەکانی تاران بە پێشکەوتووترین هوتێلەکان دادەنرێن و هەروەها باشترین شوێنە گەشتیارییەکان و نەخۆشخانەکانیش لە تاراندایە.
وتیشی کە تایبەتمەندییەکانی تاران دەتوانێت بۆ دانیشتووانی وڵاتانی دراوسێ گرنگ بێت و ئەوان دەتوانن کەڵک لەم دەرفەتانە وەربگرن.
لە درێژەدا دوسانی محەممەد حەنیف جێگری سەرۆکی یەکێتی کۆمپانیا گەشتیارییەکانی پاکستان وتی: من پێش ئەوەی کە سەردانی ئێران بکەم ئەم وڵاتەم تەنیا لە ڕووی گەشتیاری ئائینییەوە دەناسی و ئەوەم نەدەزانی کە باشترین شوێنی گەشتیاری و خزمەتگوزاریی هەیە.
ناوبراو وتی: ئێران مێژوو و کەلتورێکی دەوڵەمەندی هەیە و هیوادارین بتوانین پەیوەندییەکانمان لە بواری گەشتیاریدا زیاتر بەرەو پێش ببەین.
هەروەها حاجی وەلید زۆبەیدی جێگری سەرۆکی یەکێتی کۆمپانیا گەشتیارییەکانی عێراقیش وتی: پێشانگای نێودەوڵەتی گەشتیاریی تاران بە یەکێک لە گرنگترین پێشانگاکانی ناوچەکە دادەنرێت و بە بۆنەی بانگهێشتکردنمان سوپاسی ئەم وڵاتە دەکەین.
ناوبراو وتی: کۆرۆنا چالاکییە گەشتیارییەکانی لە دوو ساڵی ڕابردوو ڕاگرت، لە کاتێکدا کە وڵاتانی دراوسێ دەتوانن هاوکارییەکی زۆر باشیان لە پێناو بەرەوپێشچوونی پەیوەندییە گەشتیارییەکان هەبێت.
زۆبەیدی وتی: عێراق و ئێران کۆمەڵە خاڵێکی هاوبەشیان لە بواری گەشتیاری، مەزهەبی و تەندرووسیدا هەیە و پێشانگای نێودەوڵەتی گەشتیاریی تارانیش دەرفەتێکە بۆ ئەوەی زیاتر پەرە بە هاوکارییەکانی نێوانمان بدەین./.