مەسعود عەبدولخالەق چاودێری سیاسی هەرێمی کوردستان لە وتووێژی لە گەڵ پەیامنێری جام کوردی سەبارەت بە ململانێی پارتی دیمۆکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە سەر پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق، وتی کە دۆخەکە بە ئاستێک گەیشتووە کە پارتی و یەکێتی نەتوانن مامەڵە بە پۆستێکی وەک پارێزگاری کەرکوکەوە بکەن.
ناوبراو چالاکییەکانی نەوەی نوێی لە پەرلەمانی عێراق لە بەرژەوەندی ڕەوتی سەدر و سوننەکان و پارتی دیمۆکراتی کوردستان ناو برد و وتی کە جوڵانەوەی نەوەی نوێ کاندیدی هەیە بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار و بەشداری دانیشتنەکەی پەرلەمان دەکات و ئەمەش لە بەرژەوەندی پارتیدا دەبێت.
دەقی ئەو وتووێژە لە درێژەدا هاتووە:
لە ئەگەری سەرکەوتنی بەرهەم ساڵح یان هۆشیار زێباری لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری عێراق، کاردانەوەی پارتی و یەکێتی چۆن دەبێت؟
ئێمە ئەزموونی یەکێتی و پارتیمان بینیوە، چ لە کوردستان و چ لە عێراق و ئەوەندە بەتوانا و سەرکەوتوو نەبوون و هەرێمی کوردستانیان گەیاندووەتە دۆخێکی خەراپ، ئەوە ڕاستییەکی هەر دوو لایە بەڵام سەبارەت بە سەرۆک کۆماری عێراق، ئەو پۆستە سەرکەوتنی پێوە بینراوە، لە پاراستنی کوردستان لە هەندێک کێشەی هەرێمی و نێودەوڵەتی و تا ڕادەیەکیش لە پاراستنی دەستوور، هەندێک جار کێشەی گەورە لە سەر ئاستی عێراقدا هەبووە و سەرۆک کۆمار نەیهێشتووە و ڕێگربووە لەوەی کە عێراق و هەرێمی کوردستان ببێتە گۆڕەپانی شەڕی گەورە. بە تایبەت لەم دواییانەدا کە ڕۆڵی ئەرێنیی هەبووە لە ناوبژیوانی ئێران و وڵاتانی کەنداوی فارس، هەروەها دەوری هەبووە لە کێشەی کورد لە سوریا. ئەم خاڵانە وایکردووە کە باس لە چالاکییەکانی بەرهەم ساڵح بکرێت.
هەڵبژاردنەکانی ئەمجارە جیاوازە، ئەگەر کاندیدەکەی پارتی سەرکەوتن بە دەست بێنێت یان تووشی شکست بێت بە بۆچوونی من هەر دوو لا شکستیان هێناوە. ئەگەر هۆشیار زێباری سەرکەوتوو نەبێت ئەوا دووبارەکردنەوەی ئەزموونی ساڵی 2018 یە و ئەگەر سەرکەوتووش بێت چەند مانگێک پاش هەڵبژاردنەکان خۆپێشاندان دەست پێدەکات و دەڵێن گەندەڵمان ناوێت، هەر بۆیە خاڵی لاوازی حکومەت و دەسەڵاتی داهاتووی سەدر و سوننە و پارتی سەرۆک کۆمار دەبێت و حکومەتی داهاتووی عێراق تووشی کێشە دەکات.
دۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان لە پاش هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆمار بەرەو کوێ دەڕوات؟
پارتی و یەکێتی هەر یەکە و قسەی خۆیان هەیە. پارتی دەڵێت دوو هێندەی یەکێتی کورسی پەرلەمانیم هەیە و یەکێتیش دەڵێت ڕێکەوتنی ستراتیژیمان لە گەڵ پارتی هەیە و بە پێی ئەو ڕێکەوتنە پۆستی سەرۆکی هەرێم بۆ پارتی و سەرۆک کۆماریش پشکی ئێمەیە. کاتێک پارتی سەرۆکی هەرێمی هەڵبژارد یەکێتی کاندیدی بۆ ئەو پۆستە نەبوو و ئێستا پارتی زوڵم لە یەکێتی دەکات و بەمەش کوردستان تووشی کێشەیەکی گەورە دەبێت و وا دەکات کە زیاتر متمانە لە نێوان هەر دوو لادا نەمێنێت و سەر لە نوێ ئەو شەڕە ساردەی نێوانیان سەر هەڵبداتەوە، لە بەر ئەوەی کە هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانیش لە کوردستان نەماون و تەواو لاواز بوون و ئەمەش وا دەکات کوردستان بۆ سەردەمی ساڵانی 1990 بگەڕێتەوە و جارێکی دیکەی پرسی دوو ئیدارەیی قووڵتر ببێتەوە.
ئایا گوشارەکانی ئێستای پارتی لە سەر پۆستی سەرۆک کۆمار پەیوەندی بە پۆستی پارێزگاری کەرکوکەوە هەیە؟
لە ڕابردوودا هەبووە بەڵام ئێستا گەیشتووەتە دۆخێک پێدەچێت پارتی دیمۆکراتی کوردستان نەتوانێت ئەو هەڵبژاردنە قبووڵ بکات و لەو بڕوایەدام یەکێتیش بەوە ڕازی نابێت، دۆخەکە گەیشتووەتە ململانێیەکی دژوار و بە بڕوای من ئەو دەرفەتە لە دەستچووە کە هەر دوو لا مامەڵەیەکی وەها بکەن.
پارتی بە پشت بەستن بەو ڕێکەوتنەی لە گەڵ سەدر و سوننەکان لە هەڵبژاردنی هۆشیار زێباری دڵنیایە، پێتان وایە کە ئەو ئامانجەی بۆ مسۆگەر دەبێت؟
بەڵێ، من پێم وایە لە ناو پەرلەمان هۆشیار زێباری دەیباتەوە و تا ئێستاش وایە، هەرچەندە ڕەوتی سەدر تووشی ئیحراجییەکی زۆر بووەتەوە، لە بەر ئەوەی کە درووشم و گوتارەکانی سەدر لە دژی گەندەڵییە، هۆشیار زێباری لە ناو پەرلەمان دۆسیەیەکی لە سەر ساغ بووەتەوە و بەو هۆیەوە لە پۆستی وەزارەتی دارایی عێراق لادرا، بۆ سەدرییەکان نەگونجاوە کە دەنگ بە زێباری بدەن بەڵام بە گوێرەی ئەو نەخشە سیاسییە و ئەو هاوپەیمانییە کە دەیبینین ڕەنگە هۆشیار زێباری بیباتەوە.
دەوترێت کە پارتی بە بێ نەوەی نوێ دووسەد دەنگی لە پەرلەمان مسۆگەر کردووە، ئایا جوڵانەوەی نەوەی نوێ و هاوپەیمانەکەی دەنگ بە کاندیدی یەکێتی دەدەن یان پارتی؟
لە دانیشتنی یەکەمی پەرلەمان پێویستی بەو ڕێژە کورسییە هەیە بەڵام لە دانیشتنی دووەمدا کاندیدەکەی پارتی دەردەچێت، لە ئێستادا چوارچێوەی هەماهەنگی لە گەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان بیر لەوە دەکەنەوە کە بایکۆتی دانیشتنەکان بکەن، ئەمە پیشان دەدات کە لایەنی بەرامبەر باڵادەستە و نەوەی نوێش هەوڵەکانی زیاتر لە قازانجی سەدر و سوننە و پارتییە، لە بەر ئەوەی کە کاندیدی هەیە و بایکۆتی دانیشتنەکانی پەرلەمان ناکات و بەمەش ڕێژەی یاسایی تەواو دەبێت و ئەمەش لە بەرژەوەندی پارتی دیمۆکراتی کوردستان دەبێت.
وتووێژ: سەردەشت محەممەد