بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، زنجیرە وتووێژ و ڕاوێژی سیاسی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی عێراق لە نێوان ڕەوتی سەدر و چوارچێوەی هەماهەنگی شێعەکان بەردەوامە. لەم پێناوەدا سەید موقتەدا سەدر لە ڕۆژانی ڕابردوو گەیشتە بەغدا و هەرچەندە باس لەوە دەکرا کە بە بێ هیچ ئەنجامێک گەڕاوەتەوە نەجەف بەڵام لە نێوان ئەم دوو لایەنەی شێعەدا بۆ گەیشتن بە چارەسەرێک وتووێژەکان بەردەوامە.
قەیس خزعەلی ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق سەبارەت بە مامەڵەی چوارچێوەی هەماهەنگی لە گەڵ ڕەوتی سەدر، ڕایگەیاند کە ئێمە بەردەوام ئیرادەی خۆمان بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان پیشان داوە.
ئەمەش لە کاتێدایە کە سەرۆکی ڕەوتی سەدر تا ئێستاش جەخت لە سەر پێکهێنانی حکومەتێکی زۆرینەی نیشتمانی دەکاتەوە و بە ڕاشکاوانە حکومەتی تەوافوقی هاوشێوەی خولەکانی ڕابردووی ڕەتکردووەتەوە. ناوبراو بەردەوام لە ڕێگای هەژماری تایبەتی خۆیەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ئەم هەڵوێستەی دووبارە کردووەتەوە.
لە پاش ڕاگەیاندنی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق سەبارەت بە یاساییبوونی دانیشتنی یەکەمی خولی پێنجەمی پەرلەمانی ئەم وڵاتە و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی، سەدر ڕایگەیاند کە هەر هاوپەیمانییەکی لە گەڵ لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بەندە لە بەشدارینەکردنی نوری مالیکی و هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە پێکهاتەی حکومەتی نوێ. ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە مالیکی بێدەنگی بشکێنێت و بە توندی ڕەخنەی لەوە گرت کە سەدر کێشەکانی بە کەسی کردووە.
لە ئێستادا باس لە سێ سیناریۆی بەردەم پێکهێنانی فراکسیۆنی زۆرینەی پەرلەمان و پاشان هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق دەکرێت.
سیناریۆی یەکەم:
ئەوەیە کە ڕەوتی سەدر و چوارچێوەی هەماهەنگی دەگەنە ڕێکەوتن و فراکسیۆنی زۆرینەی پەرلەمانی پێک دێنن. پێشتریش چوارچێوەی هەماهەنگی ڕایگەیاندبوو کە کێشەیەکی لە گەڵ ڕەوتی سەدر نییە. ئەڵبەت ئەم چوارچێوەیە بەیاننامەیەکی گرنگی دەرکرد و تێیدا جەختیکردەوە کە بە تەواوی لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگییەوە لە گەڵ سەدر دەگەنە ڕێکەوتن یان هیچ کات ئەو ڕێکەوتنە ناکرێت و هیچ کەرتبوونێک لە چوارچێوەی هەماهەنگیدا ڕوو نادات.
لە ڕاستیدا ئەم بەیاننامەی چوارچێوەی هەماهەنگی شێعەکان بە واتای ڕەتکردنەوەی مەرجەکانی موقتەدا سەدر دێت، یەکێک لە مەرجە سەرەکییەکانی سەرۆکی ڕەوتی سەدریش ئەوەیە کە مالیکی و هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە تەواوی لە دەسەڵاتی عێراق دوور بخرێنەوە. سەرەڕای ئەوەی کە چوارچێوەی هەماهەنگی ئەم مەرجەی ڕەتکردووەتەوە بەڵام بەردەوام سیناریۆی هاوپەیمانیی هەر دوو لا لە گەڵ یەکتر بۆ پێکهێنانی فراکسیۆنی زۆرینە لە ئارادایە و لە ئەگەری سەرکەوتنی ئەمەش، بە کردەوە پێکهێنانی حکومەتێکی تەوافوقی لە عێراق دەبینین.
سیناریۆی دووەم:
پاوانخوازی ڕەوتی سەدر بە سیناریۆی دووەمی بەردەم پێکهێنانی کابینەی نوێی عێراق دادەنرێت. بە پێی ئەوەی کە سەدر بەردەوام بە تویتەکانیەوە پێداگریی لە سەر پێکهێنانی حکومەتی زۆرینەی نیشتمانی کردووەتەوە، دوور نییە کە ناوبراو ڕێگای تاکلایانەی خۆی هەڵبژێرێت و واز لە هاوپەیمانی لە گەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی بێنێت، هاوپەیمانی فەتح بە سەرۆکایەتی هادی عامری ڕایگەیاندووە کە تا ئێستا هیچ ڕێکەوتنێک لە نێوان ئەم دوو لایەنەی شێعەدا نەکراوە.
لە ئەگەری مسۆگەربوونی ئەم سیناریۆیەش، چوارچێوەی هەماهەنگی لە پەرلەمانی عێراق دەبێتە هێزێکی ئۆپۆزسیۆن و زۆرێک لەو بڕیارانەی کە سەدرییەکان تاکلایانە پێداگری لە سەر دەکەن ڕوبەڕوی ڤیتۆی لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی دەبێتەوە.
سەرۆکی ڕەوتی سەدر باشتر لە هەر کەسێکی دیکە دەزانێت کە ئەم سیناریۆیە ناتوانێت ئامانجەکانی ئەوان لە گۆڕەپانی سیاسی عێراق دابین بکات.
سیناریۆی سێهەم:
بایکۆتی پرۆسەی سیاسی عێراق لە لایەن چوارچێوەی هەماهەنگی شێعەکانەوە بە سێهەم سیناریۆ دادەنرێت. بەمەش کێشەی جیدی دەکەوێتە بەردەم پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێی عێراق و بە دڵنیاییەوە کە سەرکردەکانی ڕەوتی سەدر ئاگاداری ئەو کێشە و گرفتانەن.
ئەڵبەت دەبێت ئەوەش بوترێت کە ڕەوتی سەدر هەوڵ دەدات وەک لایەنێکی شێعە بە تەنیایی پێکهێنەری کابینەی نوێ بێت. ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەوان لە ئەگەری پێکهێنانی کابینەی نوێ ڕوبەڕوی دوو گرفتی گەورەی وەک بوونی ئۆپۆزسیۆنێکی بەهێز یان بایکۆتکردنی پرۆسەی سیاسی لە لایەن چوارچێوەی هەماهەنگی شێعەکان دەبنەوە./.