بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دکتۆر هەڤین کەمال شامحەممەد شارەزا لە چارەسەری فەقەرات و نەخۆشی جومگەکان بە بێ نەشتەرگەری، ڕایگەیاندووە کە خواردنی تەندرووست یەکێک لە ڕێگاکانی کەمکردنەوەی ئازاری جومگەکانە لە وەرزی سەرما.
ناوبراو ئاماژەی بە هەندێک لەو خۆراکانە داوە کە بۆ ئەم مەبەستە سوودیان دەبێت، وەک:
هەرزن یان داروجان:
لە ڕووی پێکهاتەی خۆراکییەوە دەوڵەمەندە، هەروەها گلوتینی تێدا نییە، بە ڕێژەیەکی زۆر مادەی کیورستین ی تێدایە کە دژە هەوکردنێکی بەهێزە و بە ڕێژەیەکی بەرچاو ئازاری جومگەکان ناهێڵێت.
بەهارات و سەوزە و مزرەمەنییەکان:
زۆربەی توێژینەوەکان ئەوەیان سەلماندووە کە کاریگەرییەکی زۆر باشیان لە سەر تەندرووستی جومگەکان هەیە، وەک زەردەچەوە، زەنجەفیڵ، مەعدەنوس، پیاز، سیر، تور، شویت، چۆنەر، سەوزە گەڵا تۆخەکان و …. .
ماست:
کاریگەری نەرمکردنەوە و ساردکردنەوە و دژە هەوکردنی هەیە و ئازاری جومگەکان کەم دەکاتەوە، بەدەر لەوەی سەرچاوەیەکی باشی کەلسیۆمە، کە گرنگە بۆ هەبوونی ئێسکێکی تەندرووست و بەهێز.
میوە و بێرییەکان:
میوەکانی وەک سێو، لیمۆ، پرتەقاڵ، گێلاس، توتڕک و قەیسی کە ڕێژەیەکی زۆر دژەهەوکردنیان تێدایە و یارمەتی جەستە دەدەن بۆ نەهێشتنی فری ڕەدیکاڵەکان و کەمکردنەوەی هەوکردن و ئازاری جومگەکان.
ئۆمێگا سێ:
ئەو خواردنانەی ڕێژەیەکی زۆر لە ئۆمێگا سێ یان تێدایە یارمەتیدەرن بۆ کەمکردنەوەی ئازاری جومگەکان لە بەر ئەو تایبەتمەندییەی دژەهەوکردنەی کە هەیەتی، وەک ماسی بە تایبەت ماسی سەلەمون، چەرەساتەکان، شیرەمەنییەکان و سەوزە گەڵا تۆخەکان، ئەڤۆکادۆ، زەیتی ڕووەکییەکانی وەک زەیتی تۆوی کەتان، زەیتی سۆیا و زەیتی کانولا.
گرنگە ئەو کەسانەی کە ئازاری جومگەکانیان زیاد دەکات لە وەرزی زستان، هەوڵ بدەن جومگە بە ئازارەکە گەرم ڕابگرن و تەڕی نەکەن و بە باندچ یان شتی تایبەت دایبپۆشن./.