بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بەهمەن ئەمیری موقەدەم وتی: ئەو ڕەزامەندییەش هەنگاوێکی گرنگە بۆ کردنەوەی دەروازەی سنوریی تیلەکۆ و پرۆسەی چالاکییەکانی دەروازەکە وەک هۆکارێکی گرنگ لە دابینکردنی هەلی کار بە فەرمی دەست پێدەکات.
ناوبراو بە ئاماژە بە ڕۆڵی گرنگی دەروازەی سنوریی تیلەکۆ لە گەشەی ئابوری ناوچەکە، دابینکردنی هەلی کار و باشترکردنی بژێوی ژیانی دانیشتووانی سنورەکە، وتی: جەخت لە سەر خێراترکردنی هەنگاوەکانی کردنەوەی ئەم دەروازە سنورییە دەکەینەوە و لەم دەرفەتەش لە پێناو گەشەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان و زیاترکردنی داهاتی خەڵک لە گەڵ دابینکردنی هەلی کاری بەردەوام، کەڵک وەردەگرین.
پارێزگاری کرماشان ڕایگەیاند کە هەنگاوی گرنگ بۆ دابینکردنی ژێرخانی پێویست لەو دەروازە سنورییە هەڵگیراوە و بە کردنەوەی ئەم دەروازە سنورییە تا ڕادەیەک لە قەرەباڵغیی دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان کەم دەبێتەوە و ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان لە سنورەکانی پارێزگای کرماشانەوە خێراتر و ئاسانتر دەبێت.
ئەمیری موقەدەم بوونی پەیوەندی نزیکی لە نێوان پارێزگای کرماشان و هەرێمی کوردستان بە گرنگ ناو برد و وتی: لە سەردانەکانی داهاتوو و کۆبوونەوەمان لە گەڵ بەرپرسانی هەرێم و عێراق بەدواداچوونی تەواو بۆ ئەم بابەتە دەکەین.
وتیشی کە سنورەکانی کرماشان بە دەرفەتێکی گرنگی دابینکردنی هەلی کار بۆ خەڵکی ئەو ناوچانە دادەنرێن./.