بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە چاوپێکەوتنی محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئالی سانی جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر بە ئاماژە بە گرنگیی هاوکارییە ناوچەییەکان، وتی: پتەوکردنی هاوکارییەکان و پەیوەندییەکان و پێکەوەبوونی زیاتری وڵاتانی دراوسێ دەتوانێت کاریگەری زۆری لە سەر ئاسایشی ناوچەکە هەبێت.
سەرۆک کۆماری ئێران ستراتیژی سەرەکیی سیاسەتی دەرەوەی ئەم وڵاتەی لەم کابینەیەدا بە پەرەپێدان و پتەوکردنی پەیوەندییەکان و هاوکارییەکان لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە ناو برد و وتی: تاران هاوکارییە ناوچەییەکان لە پێناو ئاشتی، ئاسایش و پێشکەوتنی گەلانی ناوچەکە دەزانێت و پێشوازیی لێدەکات.
ئایەتوڵڵا ڕەئیسی سەبارەت بە هاوکارییەکانی نێوان ئێران و قەتەریش وتی کە ئامادەین لە سەرجەم بوارەکان پەرە بە هاوکارییە دووقۆڵی و ناوچەییەکان لە پێناو بەرژەوەندی گەلانی هەر دوو وڵات بدەین.
ناوبراو وتی: بێگانەکان ڕێز لە سەروەری و شووناس و پێگەی گەلانی ناوچەکە ناگرن و خۆیان بە کوێخای جیهان دەزانن، لە کاتێکدا کە دەبێت ئەوان سیاسەتی ستەمکاریی خۆیان بە لاوە بنێن و کەلتور و شووناسی گەلانی ناوچەکە بە فەرمی بناسن.
لە درێژەی ئەو چاوپێکەوتنەدا، وەزیری دەرەوەی قەتەر بانگهێشتنامەی فەرمیی میری وڵاتەکەیی بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی لوتکەی وڵاتانی هەناردەکاری گاز ڕادەستی ڕەئیسی کرد و وتی: قەتەر هەوڵ دەدات لە سەرجەم بوارەکان بە تایبەت لە بواری سیاسی و ئابوری پەرە بە پەیوەندییەکانی لە گەڵ ئێران بدات و میری قەتەر خۆی بەدواداچوون بۆ ئەم پەیوەندییانە دەکات./.