بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بەسام سەباغ باڵیۆزی سوریا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەبارەت بە ڕووداوەکانی گرتووخانەی شاری حەسەکە، وتی: ئەوەی کە لە شاری حەسەکە ڕوویداوە و ئەم شارە هێرشی تیرۆریستانی داعش و هێزەکانی هەسەدەی بە خۆوە بینی و ئەمریکییەکانیش بە هێرشی ئاسمانی ژێرخانەکانی شارەکەیان لە ناو برد، دەکەوێتە چوارچێوەی هەوڵەکانی واشنتن بۆ زیندووکردنەوەی داعش تا پاساو و بیانوویەک بۆ مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە خاکی سوریا هەبێت و ئەم ڕووداوانەش لە کاتێکدا بووە کە داواکارییەکی زۆر لە ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە خاکی سوریا هەیە.
ناوبراو وتی: ڕووداوەکانی حەسەکە پێویستی بەوە هەیە کە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ئاکام و لێکەوتە مەترسیدارەکانی تاوتوێ بکات.
باڵیۆزی سوریا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی: ئەوەی کە لە سوریا ڕوویداوە پێویستی بە کۆتایی مانەوەی هێزە داگیرکەرەکانی ئەمریکا لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا و ڕاگرتنی پاڵپشتی ئەو وڵاتە لە هێزەکانی هەسەدە و گرووپە تیرۆریستییەکان هەیە، هەروەها دەبێت تاڵانکردنی سەروەت و سامانی سرووشتیی سوریا لە لایەن داگیرکەرانەوە کۆتایی بێت.
بەسام سەباغ وتی: هەوڵی ژمارەیەک لە وڵاتانی ڕۆژئاوا بۆ ئەوەیە کە ڕای گشتی لە شکستە بەردەوامەکانیان لە سوریا بە لاڕێدا ببەن و ئەمەش تەنیا کات بە فیڕۆدانە و کاریگەری و ئاسەواری ئەم داگیرکارییە لە سەر ژیانی ڕۆژانەی خەڵک دەبینرێت. ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بەرپرسی پاراستنی ئاشتی و سەقامگیری نێودەوڵەتییە و داوا دەکەین لە بەپەلە هەنگاوی پێویست لە دژی داگیرکەران هەڵبگرێت.
ناوبراو لە درێژەدا ڕەخنەی لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی گرت و وتی: بەڕێوەچوونی ئەم کۆبوونەوانە چ مانایەکی هەیە؟ بۆ کۆبوونەوەیەکی بەپەلە بۆ ئیدانەکردنی هێرش و دەسدرێژییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ سەر خاکی سوریا ناکرێت، بۆ ئەنجومەنی ئاسایش لە بەرامبەر ئەو ڕژێمە و تاوانەکانی بێدەنگە.
ئەو بەرپرسەی سوریا لە کۆتاییدا جەختی لە سەر پێویستی هەنگاوی بەپەلەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی تایبەت بە جۆلانی داگیرکراو و کۆتایی هێنان بە داگیرکاریی ڕژێمی زایۆنیستی لەم ناوچەیە و ڕاگرتنی پرۆژەکانی تایبەت بە درووستکردنی شارۆچکە جولەکەنشینەکان کردەوە./.