بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، شەهرام کەرەمی داواکاری گشتی کرماشان ڕایگەیاند کە سێ ئەندامی خێزانێک لەم شارەدا کوژراون و بکوژەکەش لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.
ناوبراو وتی: بکوژەکە زاوای پێشووی ئەو خێزانە بووە و لەو تاوانەدا هاوسەری پێشووی خۆیی کە کچە پوریشی بووە لە گەڵ دایک و خوشکێکی دیکەی کوشتووە.
بە وتەی ئەو بەرپرسەی کرماشان، بکوژەکە بە نهێنی لە سەرەتای شەو خۆیی گەیاندووەتە ماڵی ئەو خێزانە و پاش دڵنیابوون لە خەوتنی ئەوان دەستی داوەتە تاوانەکەی.
داواکاری گشتی کرماشان ڕایگەیاند کە بکوژەکە پاش چەند کاتژمێرێک لە هەڵهاتنی، لە یەکێک لە گەڕەکەکانی ئەم شارە دەستبەسەر کراوە و لە ئێستادا تیمێکی شارەزا لێکۆڵینەوە لەم ڕووداوە دڵتەزێنە دەکەن./.