بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەنتۆنی بلینکەن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند کە واشنتن وەڵامی نووسراوی پێشنیارەکانی مۆسکۆی سەبارەت بە دەستەبەری ئەمنی داوەتەوە.
ناوبراو وتی: هەفتەی ڕابردوو لە ژنێڤ لە گەڵ سرگێی لاوڕۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا کۆبوومەوە تا قەیرانی ئۆکرانیا تاوتوێ بکەم کە بە هۆی جێگیرکردنی هێزەکانی ڕووسیا لە سنورەکانی ئۆکرانیا ئاڵۆزییەکان پەرەی سەندووە، هەروەها سەبارەت بە دابەزاندنی ئاستی ئاڵۆزییەکان و گرتنەبەری دیپلۆماسی وتووێژمان کرد.
بلینکەن وتی: پێشتر ڕووسیا بە نووسراو پێشنیارەکانی ئاراستەی ئێمە کرد و منیش بە لاوڕۆڤم وت کە هەمان کار لە وەڵامەکەیدا دەکەین، ڕۆژی چوارشەممە باڵیۆزی ئەمریکا لە ڕووسیا ئەو وەڵامەی ڕادەست کرد.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا وتی کە ئەو وەڵامە بڵاو نابێتەوە لە بەر ئەوەی کە دەمانەوێت دیپلۆماسی زیاترین شانسی هەبێت بەڵام وەڵامەکان ڕادەستی کۆنگرێس دەکەین.
ناوبراو داوای لە ڕووسیا کرد کە پێشنیارەکانی ئەمریکا بە جیدی بگرێت./.