بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ند پرایس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕەخنەی لە سیاسەتەکانی دوناڵد ترەمپ لە دژی ئێران گرت و وتی: کەمپینی زیاترکردنی گوشارەکانی کابینەی پێشووی ئەمریکا لە دژی ئێران شکستی هێناوە.
ناوبراو وتی: ترەمپ بەڵێنی ئەوەی دابوو کە بە زیاترکردنی گوشارەکان دەتوانێت لە گەڵ ئێران بگاتە ڕێکەوتنێکی باشتر و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە دژی ئەم وڵاتە یەکدەنگ بکات بەڵام ئەوەی بۆ مسۆگەر نەکرا.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە لێدوانێکی ڕۆبێرت مالی بەرپرسی کاروباری ئێران لە وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە کە ڕایگەیاندبوو هەر ڕێکەوتنێک لە گەڵ تاران بەندە بە ئازادکردنی چوار گیراوی ئەمریکی، وتی کە ئێمە ئازادی گیراوانی ئەمریکی و گەڕانەوە بۆ ڕێکەوتنی ناوەکی پێکەوە نابەستینەوە./.