بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە بەیاننامەیەکی چوارچێوەی هەماهەنگی لایەنە سیاسییەکانی شێعەدا هاتووە کە سەرکردەکانی ئەم چوارچێوەیە لە کۆبوونەوەیەکدا تاوتوێی دوایین دۆخی سیاسی و گۆڕانکارییەکانی عێراقیان کردووە و جەختیان لەوە کردووەتەوە کە پابەندی پرۆژەی خۆیانن سەبارەت بە بەشداری لە قۆناغی داهاتوو بۆ خزمەتکردنی وڵات و دژی سیاسەت و تێڕوانینی پەراوێزخستن و سڕینەوەن کە لە سەردەمی ڕژێمی پێشوودا تێچوویەکی قورسی بە سەر گەل و وڵاتی عێراقدا سەپاندووە.
لە درێژەی ئەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە چوارچێوەی هەماهەنگی هەوڵ دەدات وڵات لە کێشە و قەیرانەکان بە دوور بێت و بەرەو خزمەت گەیاندن بە هاووڵاتیان ببرێت و گرنگترین هەنگاویش بۆ ئەمە هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیرانێکی بەتوانایە کە بتوانێت بە پشت بەستن بە یاسا ئەم قۆناغە تێپەڕ بکات و بە پێی مافی هەڵبژاردنەکان و ئەوانەی کە خواستی بەشدارییان لە حکومەتدا هەیە و پابەندی هاوبەشییە نیشتمانییەکانن، کابینەی نوێ پێک بێنێت.
چوارچێوەی هەماهەنگی ڕایگەیاندووە کە هێشتا هیوادارە لایەنەکانی دیکە وەڵامی ئەم پرۆژەیە بدەنەوە لە بەر ئەوەی کە دواکەوتنی دەتوانێت عێراق لە بەر کێشە و مەترسییەکانی بەردەمی ڕوبەڕوی تێچوویەکی زۆر بکاتەوە.
لە بەشێکی دیکەی ئەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە چوارچێوەی هەماهەنگی وێڕای ئەوەی کە پابەندی زۆرینەی نیشتمانی و داواکارییەکانی خەڵکە، لە هەمان کاتدا جەخت لەوەش دەکاتەوە کە ئەو زۆرینە نیشتمانییە نابێت لە دژی لایەنێک و بەشێک لە کۆمەڵگا بێت./.