بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، فەریق محەممەد باقری سەرۆک ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە پەراوێزی کۆبوونەوەی لە گەڵ زاکر حەسەنۆف وەزیری بەرگری کۆماری ئازەربایجان بە پەیامنێرانی ڕاگەیاند کە لەو کۆبوونەوەدا سیاسەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە پەرەپێدانی هاوکاری و پەیوەندییەکان لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ بە تایبەت پەیوەندی سەربازی و بەرگری لە گەڵ کۆماری ئازەربایجان شرۆڤە کرا.
سەرۆک ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران وتی: سەبارەت بەوەی کە چۆن لە ڕێگای هێزە چەکدارەکانەوە دەتوانین ئاسایش و سەقامگیریی هەر دوو وڵات دابین بکەین، بیر و ڕا ئاڵوگۆڕ کرا.
باقری وتی: بە سەردانەکەی وەزیری بەرگری کۆماری ئازەربایجان بە دڵنیاییەوە پەیوەندییە سەربازییەکانی نێوان هەر دوو وڵات بە ڕێژەیەکی بەرچاو ڕوو لە زیادبوون دەکات، بە شێوازێک کە سنورەکانی هەر دوو وڵات، سنوری ئاشتی و دۆستایەتی و گەشەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان دەبێت./.