بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئاژانسی بلۆمبێرگ ڕایگەیاندووە کە ئەنجامی دانوستانەکانی ڤیەننای تایبەت بە چالاککردنەوەی ڕێکەوتنی ناوەکی ئێران، بۆ بازاڕی جیهانیی نەوت گرنگییەکی کەم وێنەی هەیە.
نرخی نەوتی خاو لەمساڵ لەسەدا 10 بەرز بووەتەوە و زۆربەی شرۆڤەکاران لەو بڕوایەدان کە درەنگ یان زوو بۆ یەکەم جار لە هەشت ساڵی ڕابردوو دەگاتە سەروی 100 دۆلار.
بەرزبوونەوەی خێرای نرخی نەوت یان دابەزینی نرخەکەی تا ڕادەیەکی زۆر بەندە بە گەڕانەوەی ئێران بۆ بازاڕی جیهانیی وزە.
فرانسیسکۆ بلانچ شرۆڤەکاری بانکیی ئەمریکا پێی وایە کە ئەمساڵ دانوستانەکانی ڤیەننا هۆکارێکی گرنگی دیاریکردنی ڕێژەی وەبەرهێنانی نەوتە و بە گەورەترین نیگەرانیی بازاڕ لە ئێستادا هەژمار دەکرێت.
بلۆمبێرگ لە درێژەی ڕاپۆرتەکەیدا باسی 4 سیناریۆ و کاریگەرییەکانی لە سەر بازاڕی جیهانیی نەوت کردووە.
ڕێکەوتنی کۆتایی
گەیشتن بە ڕێکەوتنێکی کۆتایی، نرخی جیهانیی نەوت بە ڕێژەیەکی بەرچاو تووشی دابەزین دەکات.
بە وتەی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی وزە، تاران دەتوانێت ڕێژەیەک لە نزیکەی 80 تا 90 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی پاشەکەوتکراوی کە بەشێکی زۆری لە بازاڕەکانی ئاسیادایە، بفرۆشێت. ئێران دەتوانێت هاوکات ڕێژەی وەبەرهێنانی بەرز بکاتەوە و لە ماوەی 6 مانگی داهاتوو لە 2 ملیۆن و 500 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە کە بەشێکی زۆری بۆ بەکارهێنانی ناوخۆییە، بۆ 3 ملیۆن و 800 هەزار بەرمیل بەرزی بکاتەوە.
ئەگەرێکی زۆرە کە پاڵاوگەکانی چین کە بە فەرمی هەواڵی هاوردەکردنی نەوتی لە ئێران ڕاگەیاندووە، لە ڕیزی یەکەم کڕیارانی نەوتی وەبەرهێنراوی ئەم وڵاتەدا بن.
بە وتەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا، هەناردەی نەوتی ئێران یەک ساڵ لە پاش ڕێکەوتن زیاتر لە 400 ملیۆن بەرمیک دەبێت کە بۆ گۆڕینی هاوسەنگیی بازاڕەکانی جیهان ڕۆڵی دەبێت. بە وتەی ئەم دامەزراوە ئابورییە، نرخی نەوت تا نیوەی ئەمساڵ بۆ 120 دۆلار لە هەر بەرمیلێک بەرز دەبێتەوە بەڵام لە سێ مانگەی چوارەم بە شێوازی مامناوەند بۆ هەر بەرمیل دەگاتە 71 دۆلار و تووشی دابەزین دەبێت کە بەشێکی زۆری ئەمەش بۆ خستنەڕووی بڕێکی زۆری نەوت لە لایەن ئێرانەوە دەگەڕێتەوە.
ڕێکەوتنی کاتی
سەرەڕای ڕەتکردنەوەی لە لایەن ئێرانەوە و ئەوەی کە بەرپرسانی ئەم وڵاتە بوونی هەر ڕێکەوتنێکی لەو شێوەیە بە درۆ دەخەنەوە، بەڵام ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ئەگەری ڕێکەوتنێکی کاتی زیاتر دەبێت. دیار نییە کە لە وەها سیناریۆیەکدا تاران بتوانێت لە هەڵگرتنی گەمارۆ نەوتییەکان کەڵک وەربگرێت، بە پێچەوانەی ئەمەش پەیامی نەرێنیی بەرزبوونەوەی نرخەکان دەدرێتە بازاڕ.
نووسینگەی ڕاوێژکاریی وزەی بەریتانیا ناسراو بە FGE لە ڕیزی ئەو دامەزراوانەدایە کە پێشبینی کردووە لە ڕێکەوتنی کاتی ئێران کەڵک لە ئیمتیازە بەرچاوەکانی وەردەگرێت. بە وتەی ئەو نووسینگەیە، ئەم ڕێکەوتنە لە سێ مانگەی دووەمی ساڵی 2022 مسۆگەر دەبێت و تا کۆتایی ساڵ، تاران یەک ملیۆن و 300 هەزار بەرمیل نەوت لە هەناردەی نەوتی خۆی زیاد دەکات.
بەردەوامی دۆخی ئێستا
ناکۆکیی نێوان لایەنەکانی دانوستانکار لە ڤیەننا، خاوبوونەوەی ڕەوتی دانوستانەکانی بە دواوە بووە و دیپلۆماتکارەکانی بەو ئەنجامە گەیاندووە کە ڕەنگە ئەم دۆخە بۆ چەند مانگی داهاتووش بەردەوام بێت.
بانکی سەرمایەگوزاریی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە ئەگەرێکی بەهێز ئەوەیە کە تا کۆتایی ئەمساڵ هیچ ڕێکەوتنێک ناکرێت و ئێران وەبەرهێنانی نەوتی خۆی لە 2023 بەرزتر دەکاتەوە. تەنانەت لەو کاتەشدا بە هۆی دۆخی کێڵگە نەوتییەکان، هێڵەکانی بۆری گواستنەوە و ژێرخانەکانی دیکە، ئەستەمە کە گەڕانەوەی ئێران بۆ بازاڕەکانی جیهان خێرا بێت.
لە هەلومەرجێکی وەهادا نرخی نەوتی خاوی برێنتی دەریای باکور لە سێ مانگەی سێهەمی ساڵی 2022 بۆ 100 دۆلار بەرز دەبێتەوە.
ئەگەری شکستی دانوستانەکان
شکستی دانوستانەکانی ڤیەننا و کشانەوەی ئێران یان یەکێک لە زلهێزەکان، بەرزبوونەوەی زۆری نرخی نەوتی خاوی بە دواوە دەبێت.
لە وەها هەلومەرجێکدا ئەگەری هێرشی سەر کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕێگای درۆنەکانەوە زیاتر دەبێت و لە گەڵ نیگەرانیی بازاڕ لە چۆنیەتی قەرەبووکردنەوەی هەر کەمبوونێک، هێرشەکان دەبنە هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی خاو.
بە وتەی گرووپی ئەمریکیی ئوراسیا، ئەگەر ئەمریکا یان ئیسرائیل دامەزراوە ناوەکییەکانی ئێران بکەنە ئامانج، نرخی نەوت بۆ لە سەدا 15 بەرز دەبێتەوە و دەگاتە 100 دۆلار یان زیاتر بۆ هەر بەرمیلێک./.