بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لەو چاوپێکەوتنەدا کە لە وەزارەتی تەندرووستی و ژینگەی عێراق بەڕێوەچوو، هانی عەقابی ڕەزامەندی خۆیی لە سەر هاوکارییەکانی نێوان هەر دوو وڵات لە بواری خزمەتگوزارییە پزیشکی و تەندرووستییەکان دەربڕی و وتی: ئێمە پێش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە لێک تێگەیشتنمان لە گەڵ وەزارەتی تەندرووستی ئێران، کەڵکمان لە هاوکاریی ژمارەیەک لە پزیشکانی پسپۆڕ و پسپۆڕی باڵای ئێرانی لە ناوەندە تەندرووستییەکانی عێراق وەرگرت و هاوکارییەکان لە دامەزرانی ناوەندی نەشتەرگەریی دڵی ناسریە گەیشتە لوتکە.
ناوبراو وتی: عێراق متمانەی بە بەرهەمی دەرمانیی ئێران هەیە، ئێستا لە بوارە جیاجیاکان هاوردەی دەرمانی ئێرانی هەیە، کۆمەڵەی مانگی سوری ئێران دەتوانێت بەرهەمی کۆمپانیا تایبەتەکانی خۆی بە ئێمە بناسێنێت تا وەزارەتی تەندرووستی عێراق پرۆسەی موڵەتی هاوردەی ئەو دەرمانانە دەست پێبکات.
وەزیری تەندرووستی عێراق وتی: خۆشحاڵین بە کردنەوەی ناوەندی تەندرووستیی کۆمەڵەی مانگی سوری ئێران لە شارەکانی نەجەف و کەربەلا و وەک لایەنی چاودێر و دەزگای پەیوەندیدار لە دەرکردنی موڵەتی ناوەندە تەندرووستییەکان لە عێراق، بەڵێنی زیاترکردنی هاوکارییەکان دەدەین.
سەرۆکی کۆمەڵەی مانگی سوری ئێرانیش لەو چاوپێکەوتنەدا وتی: ئێمە بەدەر لە هەناردەی دەرمان بۆ عێراق، ئامادەین تەکنۆلۆژیای پەیوەندیداریش بەم وڵاتە بدەین، کۆمەڵەی مانگی سوری ئێران چوار کارگەی گەورەی وبەرهێنانی دەرمانی هەیە کە لە ئەگەری ڕەزامەندی و داواکاریی عێراق دەتوانێت لق و کارگەی هاوبەش لەم وڵاتەدا بکاتەوە.
پیر حوسێن کولیوەند وتی: کردنەوەی ناوەندە تەندرووستییەکانی مانگی سوری ئێران لە عێراق دەتوانێت گەشتی تەندرووستیی خەڵکی ئەم وڵاتە بۆ وڵاتانی دیکە کەم بکاتەوە، لە بەر ئەوەی کە لەو ناوەندانەدا هەموو جۆرە خزمەتگوزارییەکانی پزیشکی پسپۆڕانە پێشکەش دەکرێت./.