بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، میخائیل ئولیانۆف وتی کە ئێمە وەک وڵاتانی بەشدار لە دانوستانەکانی ڤیەننا لەو نیگەرانییەی ئێران تێدەگەین و هەوڵ دەدەین سەبارەت بە دەستەبەرکردنی جێبەجێکردنی ڕێکەوتنەکە لە داهاتوودا دڵنیا ببینەوە.
ناوبراو سەبارەت بە ڕەوتی دانوستانەکان وتی: وتووێژ و ڕاوێژی سیاسی هەنگاو بە هەنگاو بەرەو پێش دەڕوات و کۆبوونەوەی باشمان لە چوارچێوەی جیاجیا لە نێوان بەشداربووان هەبووە.
ئولیانۆف وتی: وتووێژەکان بەرەوپێشچوونی هەیە و کۆبوونەوەکان درێژەی دەبێت.
نوێنەری ڕووسیا وتی: مۆسکۆ دژی ئەوەیە کە وادەیەکی سەپێندراو بۆ تەواوکردنی وتووێژەکان دیاری بکرێت بەڵام هەوڵی ئەوەش دەدەین دانوستانەکانی ڤیەننا لە داهاتوویەکی نزیکدا بگاتە ئەنجام.
وتیشی کە هێشتا دیار نییە تا مانگی شوبات ئەو ڕێکەوتنە دەکرێت یان نە، بەڵام هەنگاوی پێویست بۆ خێراترکردنی ڕەوتی دانوستانەکان دەگرینەبەر./.