بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە ڕاگەێندراوێکی پارتی دیمۆکراتی کوردستان کە مەحمود محەممەد وتەبێژی ئەو حیزبە بڵاویکردووەتەوە، جەخت لەوە کراوەتەوە کە ئامانج لە کۆبوونەوەکانی پارتی و لایەنەکانی دیکەی کوردستان، گەیشتن بە وەرەقەیەکی کاریی هاوبەش و یەکڕیزیی کورد لە بەغدا بووە.
ڕاگەێندراوەکەی وتەبێژی پارتی لە کاردانەوەی بەرامبەر بە ڕاگەێندراوێکی ڕۆژی یەک شەممەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بووە کە بە فەرمی بەرهەم ساڵح ی وەک کاندیدی یەکێتی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق ناساند و پاڵپشتی تەواوی بۆ ڕاگەیاند.
پارتی لە ڕاگەێندراوەکەیدا ئاماژەی بەوە داوە کە ئامانج پێکهێنانی شاندێکی هاوبەشی کوردستانی بووە بەڵام لەوەدا سەرکەوتوو نەبووین.
پارتی جەختی لەوەش کردووەتەوە کە پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق مافی لایەنێک و کەسێکی دیاریکراو نییە و هەوڵی ئەوەمان داوە کە کاندیدێکی هاوبەش بۆ ئەو پۆستە دیاری بکرێت بەڵام یەکێتی بە بێ ڕەزامەندی لایەنەکانی دیکە پێداگری لە سەر کاندیدکردنەوەی کەسێک دکەاتەوە.
پارتی ئەوەشی ڕاگەیاندووە کە یەکێتی دەبێت بەرپرسیاریەتی ئێستا و لێکەوتەکانی داهاتووی ئەم هەڵوێستەی لە ئەستۆ بگرێت.
یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش پارتیی بەوە تۆمەتبار کردووە کە لە دەرەوەی یەکڕیزیی کورد ڕێکەوتنی لە گەڵ لایەنەکانی دیکەی عێراق کردووە.
هەڵبژاردنەکانی ئێستای سەرۆک کۆماری عێراق لە نێوان پارتی و یەکێتی هەمان سیناریۆی ساڵی 2018 دووبارە دەکاتەوە. ئەمجارە دۆخەکە گۆڕاوە و پارتی لە گەڵ ڕەوتی سەدر و هاوپەیمانی تەقەدومی سوننە ڕێکەوتنی کردووە.
لە ئەگەری سەرکەوتنی کاندیدەکەی پارتی، پێدەچێت یەکێتی کشانەوە لە حکومەت و پەرلەمانی کوردستان جێبەجێ بکات، بەمەش ئاڵۆزییەکی سیاسی ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکات.
هێشتا ئەوەش ڕوون نەبووەتەوە کە ئایا سەدر بانگەشە و سیاسەتی ڕابردووی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دەکاتە قوربانیی ڕێکەوتنەکەی لە گەڵ پارتی و بەمەش خۆی ڕوبەڕوی ڕەخنەی شەقامی عێراق دەکاتەوە یان دەنگ بە کاندیدەکەی یەکێتی دەدات.
لە ئەگەری سەرکەوتنی زێباری پرسی دیکە ئەوەیە کە ئایا یەکێتی لە دادگای فیدراڵی بە هۆی دۆسیەکانی ناوبراوەوە سکاڵا تۆمار دەکات یان نە.
لە هەر حاڵەتێکدا بە سەرکەوتنی کاندیدی هەر لایەنێک، پێشبینی ئەوە دەکرێت ڕێکەوتنی ستراتیژیی نێوان یەکێتی و پارتی کۆتا ڕۆژانی خۆی بەڕێبکات./.