بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عەلیڕەزا پەیمان پاک وتی: لە 9 مانگەی یەکەمی ساڵی 1400 ی کۆچی هەتاوی ڕێژەی هەناردەی نانەوتیی ئێران بەرز بووەتەوە و گرنگیدانی بەرپرسان بە پەرەپێدانی هەناردە و چارەسەرکردنی کێشەی بازرگانان و هەناردەکاران یارمەتیدەر بووە.
ناوبراو وتی کە بە بێ ئامادەبوونی نوێنەرانی کەرتی تایبەت بڕیارێک دەرنەکراوە و بەردەوام هەوڵی ئەوەمان داوە کە بۆچوونی بەشە جیاجیاکانی کەرتی تایبەت وەربگرین، ئەمەش وایکردووە کە هەست و تێڕوانینێکی ئەرێنی بەرامبەر بە کابینەی سێزدەیەمی حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران هەبێت و بە هاوکاریی بەڕێوەبەرانی باڵا ڕەتی پەرەسەندنی ڕێژەی هەناردە بەرچاوتر دەبێت.
سەرۆکی ڕێکخراوی پەرەپێدانی بازرگانیی ئێران پێشبینی ئەوەیکرد کە ڕێژەی هەناردە بۆ ساڵی داهاتووی کۆچی هەتاوی تا 5 ملیار دۆلار بەرزبوونەوەی هەبێت و وتی: تا کۆتایی ئەمساڵ ڕێژەی هەناردەی ئێمە دەگاتە زیاتر لە 45 ملیار دۆلار و هەموو ئەمانەش لە کاتێکدا ڕوویداوە کە لە بواری هەناردە بۆ ئەفغانستان چەند کێشەیەکمان هەبووە بەڵام لە ئێستادا بەرەو چارەسەربوون دەڕوات و پرۆسەکە ئاسایی دەبێتەوە.
پەیمان پاک سەبارەت بە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی ئێران و ڕووسیا و چین وتی: سەرۆک کۆمار گرنگی بە پەرەپێدانی هەمەلایەنەی پەیوەندییەکان لە گەڵ وڵاتانی جیهان دەدات، ڕووسیا یەک لەو وڵاتانەیە، لە سەردانەکەی ئەم دواییەی سەرۆک کۆمار، ئامانجی 10 ملیار دۆلاری بۆ ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان دیاری کراوە و ئەمەش کەمترین ئامانجە کە دەتوانێت مسۆگەر ببێت.
سەرۆکی ڕێکخراوی پەرەپێدانی بازرگانیی ئێران وتی: هاوردەی ڕووسیا ساڵانە 250 تا 300 ملیار دۆلارە بەڵام پشکی ئێمە کەمتر لە 500 ملیۆن دۆلارە و ئەمساڵ دەگاتە 700 ملیۆن دۆلار، خاڵێکی گرنگ ئەوەی کە دەفرایەتییەکی باڵای هەناردە بۆ ڕووسیا هەیە بەڵام دەبێت لە دابینکردنی ناوەندەکانی بازرگانی، ڕاوێژکارانی بازرگانی، هاوکاریی ژوورە بازرگانییە هاوبەشەکان و ئامادەبوونی کۆمپانیا بازرگانییە پلە یەکەکان هەوڵی جیدی بدرێت.
ناوبراو وتی: پەرەپێدانی بازرگانیی ئێران و یەکێتی ئوراسیا خاڵێکی گرنگە کە بە جیدی کاری لە سەر دەکرێت و چەندین کۆبوونەوە تا ئێستا لە گەڵ نوێنەرانی 5 وڵاتی ئوراسیا هەبووە، لە ساڵی داهاتوو هیوادارین بگەینە بازرگانیی ئازادی ئوراسیا./.