جام کوردی – لێرەدا خوێنەری بەشی سێهەمی ڕێبازی ئەدەبیی مەولەوی و نالی و بۆتیقایەکی جیاواز لە نووسینی عادڵ محەمەدپوور دەبن کە لە دوو ژمارەی پێشوو دا بەشەکانی یەکەم و دووهەمی بڵاوکرایەوە
٢-٤- عەبدوڵڵا گۆران و پشت بەستن بە گەنجینەی دێرین و شۆڕشێکی سەردەمیانەی ئەدەبی
وەک پێشتر باسمان کرد، گەشەی ئەدەبی کلاسیکی نالی و شێوازە ئەدەبییەکەی(ئوسلووبی عەرووز و فۆرمی زاڵی غەزەڵ و قەسیدە) پاش نالی نەیتوانی کاریگەریی ئەوتۆ دابنێ بە سەر زەمینەی تازەگەری و نوێخوازیی شیعری پاش خۆیدا، بەڵام بەگشتی کاریگەرییە ئەدەبییەکەی نالی لە ژیاندنەوە و هۆرزانەی زمان و ئەدەب و ڕووناکبیریی کوردیدا10 بەرچاوە و نکوولی لێناکرێت. ئەگەر وەک خاڵێکی شێوازناسانەی بەراوردیی سەیری ئەم کاریگەرییانە بکەین ناهاوسەنگییەک نێوان شێوازە ئەدەبییەکەی نالی و مەولەوی و قوتابخانەی شیعری هەورامیدا، دەبینین کە لە درێژەی باسەکەدا وردتر شەن و کەوی دەکەین.
لە شێوازی ئەدەبیی هەر ڕەوتە شیعرێکدا، هەناسەی بەردەوام و سامانێکی بەپێزی درێژخایەن و حوزووری یەک لە دوای یەکی هونەرسازەکان11و مۆرکە ئەدەبییەکان، خاڵی سەرەکین بۆ کاریگەرییەکانی پاش خۆی. کەچی پێش نالی، شیعری کوردی کرمانجیی ناوەڕاست لەم بوارەدا قوتار بووە لە ڕەوتێکی ئەدەبیی خۆماڵی و دەقەکانی تاپۆکراو و بەرچاو نەبوون و وێنای بەرزی فێرکانسی ئەو فۆرمانەش کە شیعریان پێ وتراوەتەوە لەژێر کاریگەری و کاردانەوەی ئەدەبی دەوروبەردا بووە و کەچی تەنیا دووبارە کراونەتەوە.
نیما یووشیج(١٢٧٦-١٣٣٨ ک.هـ)، بە پشت بەستن بە یاسای گۆڕانکاری و هەبوونی گەنجینەیەکی درێژخایەنی (١٠٠٠) ساڵەی ئێران، دەستی کرد بە تازەگەری لە شیعری فارسیدا و چەندین ڕەهەندی بە دووی خۆیدا هێنا. نیما سەرەتا دەستی بە وتنی شیعری ئەوسایی کرد و پاشان بە دانانی شیعری ئەفسانە پردێکی ئەستووری نێوان شیعری ئەوسا و ئێستای فارسی دروست کرد و بەم شێوە بوو بە باوکی نوێخوازەکان و هەمیش خاوەن سامانێکی دۆڵەمەندی شیعری سەردەم و شیعری هاوچەرخی فارسی کە لەم بارەوە و لە مەڕ کاریگەریی ئەم شاعیرەوە کۆبەڵێنێک هەیە و هەموویان دانی پێدا دەنێن و وەک باوکی شیعری هاوچەرخی فارسی ناوی دەرکردووە.
وەک نووسیمان سەرهەڵدانی نالیش، خۆی لە خۆیدا و بەپێی ئەو ئامانجانە کە پێڕەو کراون دەستکەوتێکی تازە بووە بۆ درەوشانەوە و بەردەوامێتیی زمان و ئەدەب و ڕۆشنبیریی کوردیی کرمانجیی ناوەڕاست و تەنانەت سەرجەم نەتەوەی کورد. دەسەڵاتێکی تازە کە لەم دوو سەد ساڵەی دواییدا، تۆز و گەردی کەڵەکەبووی دێرینە و زۆری لەسەر خۆی تەکاند و وەک دیالێکتێکی شێوە یەکگرتووی هاوچەرخانە هاتە کایەوە(محەمەد حمە باقی، ١٣٩١: ٢٣٦). واتە هەوڵەکەی لە پێناو دەرک بە دەسەڵاتێک و پێداویستی پایتەختێکی تازە(محەمەد حمە باقی، ١٣٩١: ٢٣٥) بۆ تەنگ هەڵچنین بە قوتابخانەی زیندوو و سەردەمیانەی فەوجی چێش کەروو! لە پایتەختی ئەردەڵانەکاندا، درەوشایەوە و تەنانەت هۆگر و ڕاهاتووی ئەم جۆرە شیعرەش(غەزەڵ) نەبوو، ژمارەیەکی زۆر کەمی توێژێکی تایبەتی خوێندەوارانیش تێدەگەیشتن (محەمەد حمە باقی، ١٣٩١: ٢٣٦). بۆیە لە سووچەنیگای نووسەری ئەم دێڕانەوە لەسەر بنەمای قابیلیەتەکانی فۆرمی شیعر و کاریگەرییەکانی ئەم ڕێبازەدا، پاش نالی گۆڕانکارییەکی تازە، نامۆ و فۆرمیک ڕووی نەداوە، ئەگەرچی دانانی شیعری کوردیی کرمانجیی ناوەڕاست بە غەزەڵ لە ڕوانگەی خودی نالییەوە بەرچاوە و ئەم جۆرە ئوسلووبە(غەزەڵی عەرووزی) بە تەبعێکی شەکەربار و داهێنانێکی شازی دەزانێت بۆ شیعری کوردیی کرمانجیی ناوەڕاست و پێی وابووە تا ئێستا بۆ کەس نەلواوە کە ئەم شێوە بکاتە دەستمایەی داهێنان لە سلووکی دابەزاندن و ئیمتیحانی شیعردا و وەک خاڵێکی داهێنەرانە دایناوە:
تەبعی شەککەر باری من، کوردی ئینشا دەکا
ئیمتیحانی خۆیە مەقسوودی لە عمدا وا دەکا
(نالی، ١٣٦٣: ١٠٦)
نالی شارەزووری لەو بەیتەدا، خۆی بە یەکەم رەنگڕێژ و بوێری ئەم چەشنە هۆنینەوە و هەمیش دانەری هەموو داهێنانێک لە شیعری کلاسیکی کرمانجیی ناوەڕاست دەزانێت (کوردی ئینشا دەکات)، کە نکوولی لێ ناکرێت. شیعری هەورامیش لە ڕەوتی خۆیدا تاک و ترووک نەبێت، بە زێدهاتی بەرزەوە و وەک نۆرمێکی ئەدەبی و ئەزموونێکی بەرچاو، قەرەی ئەم ئوسلووبەدا (غەزەڵ و قەسیدە و دیاردەی عەرووز) نەچووەو لە شیعری کوردیدا بۆشایی هەبووە، بۆیە قەسیدە و غەزەڵی عەرووزی بۆ نالی و سەردەمی خۆی لە شیعری کلاسیکی کوردیدا دیاردەیەکی شاز و داهێنانێکی تازە دێتە بەرچاو، بێگومان یەکەم ئیمتیحانکەری ئەم رێبازەش بۆ نالی چەسپاو و دەستەبەرکراو، دەنوێنێت. بەپێی ئەزموونی گەلانی تر عەبدوڵڵا گۆران(١٩٠٤- ١٩٦٢ز) باوکی شیعری نوێ، لەسەر دەرک بە بەرپرسیارەتیی سەردەمیانە و پشت بەستن بە درێژهەناسەیی زمان و ئەدەبی خۆماڵی و کێشی نەتەوەیی پەنجە (کاکەی فەللاح، ١٩٧٨ : ٣٤)، چارەی نەبوو کە ئەو رێبازە و تازە ئەزموونکراوەی نالییە، بباتە ژێر پرسیارەوە و پێی وا بێت ئەو توخمە ناکوردییانە(پێکهاتەی مۆسیقای دەرەکی عەرووزی، فۆرمی ئاسۆیی غەزەڵ، تاکوشە، وشە و دەستەوشە عەرەبییەکان) هیچیان تەبا لەگەڵ ڕۆحی ناخۆئاگا و هەناسەکانی ڕاهاتوو و ڕابردووی شیعری میللی گونجاو نین (کاکەی فەللاح، ١٩٧٨ : ٣٤) و لەم نێوەندەدا هەست بە بۆشاییەک دەکات و ژیرانەش بادانەوە دەکات بۆ گەنجینەی مۆسیقای شیعری هەورامی و لە ئەو ئامێزەدا ئۆقرە و ئاسوودەیی بە خۆوە دەگرێت. پاشان بە ڕەچاوکردنی باقی دیاردەکانی نوێخوازی فەجری ئاتی و ڕەهەندە تازە و سەردەمیەکانی شیعری تورکی و ئورووپایی، پێکهاتەی شیعری کلاسیکی کوردیی ناوەڕاست ژێر و ڕوو دەکات و سەر لە نوێ بینایەکی شەکیل و تازە، بونیات دەنێتەوە. خۆی لەم بارەوە دەنووسێت:
«شیعرە تازەکان بە وەزنی پەنجە هەڵبەستراون، کە هەرچەند شیعر دۆستەکانی کۆن بە خوێندنەوەی ڕانەهاتوون، بەڵام لە بەرئەوەی وەزنی تایبەتی نەتەوەییمانە و لەگەڵ خەسائێسی زمانەکەمان چاتر ڕێک ئەکەوێ، بە پێویستم زانی، لە ماوەی تەقەلای ئەدەبی خۆما، ڕۆژ بە ژۆژ بەرەو لایەنی بەکارهێنانی ئەم وەزنە بچم، تا لەم چەن ساڵەی دواییدا وەزنی عەرووزم بە تەواوی و لاموایە بە ئیجگاری، بەرەڵڵا کرد، مەگەر پێویستێکی هاندەری تایبەت ڕوو بدات» (گۆران، ١٩٧١: ١٢.)
لە ڕوانگەی نووسەر و توێژەر بەختیار سەجادییەوە: «شیعری نوێی کوردی، خاڵی پێگەیشتنی دوو سامانی گەورەی شیعری کلاسیکی کوردییە کە بریتین لە دوو نەریتی گۆران و کرمانجیی ناوەڕاست… ئەم خاڵە بە یەک گەیشتنەش شیعری دوو شاعیری گەورەی کوردی سەدەی نۆزدەهەم، مەولەوی کورد و نالی، لە قەڵەم دەدرێت» (سەجادی، ١٣٩٧: ٢٢٧). بە واتایەکی تر، لە لایەکەوە پێکهاتەی شیعری عەبدۆڵڵا گۆران لە سەر کێشی بڕگەیی و خۆماڵی دارێژراوە و لە لایەکی تریشەوە دەربڕینی لە توخمە زمانییەکانی زاری ئەدەبی کرمانجیی ناوەڕاست کەڵکی وەرگرتوە. من ئەم هەڵسەنگاندنە ئەرێنی دەنرخێنم و لەم وتارەشدا وەک خاڵێکی ئیجابی هاتووەتە ئەنجام و پێداگریی لە سەر کراوە. بەڵام پێویستە هەوڵە نوێخوازییەکەی عەبدۆڵڵا گۆران وەک قەزییەیەکی دیالێکتیکی و چەند لایەنە بخرێتە بەر باس و شرۆفەی کرداری و پەڕچەکردارییەوە:
یەکەم: کرداری دەربڕین؛ گۆران خواستی نوێ کردنەوەی شیعری بە زمانی یەکەم و دایکیی خۆی دەربڕیوە، واتە دیاردەیەکی سروشتی و ئیجابییە.
دووهەم: پەڕچەکرداری وەلاوەنانی نۆرمی زاڵ (انحراف از نرم غالب)؛ گۆران لە پێکهاتەی کێش و مووسیقای شیعری عەرووزیی زمانی یەکەم کە بە دیاردەیەکی دەرەکی دەزانێت دادەبڕێ و لە کێشی بڕگەیی شیعر و ڕوون بێژی زمانی دووهەم، کاریگەری وەردەگرێت.
سێهەم: خاڵی پێگەیشتن؛ نوێ کردنەوەی شیعری کوردییە کە دەرەنجامی هەوڵدان و سلووکی ئەدەبیی گۆرانە، وەرگرتە لە زمانی دووهەمدا.
دواتر خاڵی پێگەیشتنی پڕۆسەی نوێ کردنەوەی عەبدوڵڵا گۆران دەبێتە وێنای دینامیزمێک و بەڵگەیەکی کارا بۆ دەرکەوتن، درێژەدان و درەوشانەوەی قابیلییەتەکانی شیعری هەورامیی پاش مەولەوی و هەنووکە و وڵامێک و پەڕچەکردارێکی ئەدەبی بۆ ئەوانەی پێیان وایە پڕۆسەی گەشەی ئەدەبی نالی، شیعری کوردیی هەورامی، مەولەوی و پاش مەولەوی تواندەوە. وەک ئاماژەمان پێدا ئەوەش مەسەلەی بەکارهێنانی کێشی پەنجەیی کە ڕووداوێکی ڕەسەنی کۆن بوو و لەگەڵ جەوهەرە بزاوتەکانی شیعر بە واتای میللی دەگونجا. بەڵگەش بۆ ئەم راستییە تیکڕا هەموو شیعرەکانی مەولەوی و بەرهەمی ئەو شاعیرانەیە کە بە لەهجەی هەورامی و لەسەر کێشی (5+5) شیعریان هۆنیوەتەوەوە، گۆڕینێکی بنەڕەتی و شۆڕشێکی سروشتی و ئیقلیمگیر و سەرکەوتووی مۆسیقای کوردی لە عەرووزەوە بۆ کێشی رەنگاوڕەنگی خۆماڵی. (کاکەی فەللاح، ١٩٧٨ : ٣٥-٣٤). لێرەدا گۆران پەی بەم ڕاستییە بردبوو کە ئەفاعیلە سواوەکانی عەرووزیی لە مێژە لە شیعری فارسی و عەرەبیدا باو بووە، ئیتر ڕەوشێکی بێ سوود بە ئەژمار دەهات و خەریک بوو لە قۆناغەکانی دواییدا دەخرایە پەراوێز و هەڵاوێردنی ئەدەبییەوە. ئەمە لە ڕووی گۆڕینی مۆسیقا و سەربەستی شاعیر و دەربڕینی هەست و خواستەکانی شاعیرییەوە بایەخێکی بنەڕەتی بووە بۆعەبدۆڵڵا گۆران، و خۆی لەخۆیدا بوو بە شۆڕشێکی گەورەی مۆسیقا و تازەوەکردنەوەی هونەرسازەی کێشی شیعری کوردی.
کۆتایی بەشی سێهەم
درێژەی هەیە