جام کوردی – بە هاتنی مانگی ڕێبەندان وردە وردە فێستیڤاڵی فیلمی فەجر باڵ دەکێشی بە سەر سینەمای ئێراندا و داگیری دەکات. پاش ڕادەست کردنی نموونەی کۆتایی فیلمە بەشدار بووەکان لە پێشبڕکێی فێستیڤاڵەکە، وردەکاری نمایشە جەماوەرییەکانی چلەمین فێستیڤاڵی فیلمی فەجریش دەرکەوت؛ ئەم فێستیڤاڵە بۆ چلەمین ساڵی بەڕێوە چوونی، نمایشی نموونەی نۆژەنکراوی 10 فیلمی دانسقەی دەیەی 60 و 70ی ئامادە کردوە.
لە کاتێکدا لە ڕۆژانی دەسپێکردنی چلەمین فێستیڤاڵی فیلمی فەجر نزیک دەبینەوە، بابەتی دەرخستن و ئاشکرا کردنی چیرۆک و ناوەڕۆکی فیلمەکان وەک خۆی درێژەی هەیە، قاڵێک کە لە «محەمەد تەقی فەهیم»ەوە دەستیپێکرد و ئێستا ڕەخنەگرێکیتری سینەمایی درێژەی بەم کردارە داوە. پێدەچێت هێوری لە ڕادەبەدەری نووسینگەی فێستیڤاڵ، بۆتە هۆی ئەوەی نووسین لە بارەی فیلمە نەبینراوەکان و ئاشکراکردنی ناوەڕۆکەکەیان ئاسایی ببێتەوە.
ئەو فیلمانەی بەردەوام ناوەڕۆکیان دەر دەخرێت.
چەن حەوتوویەک لەمەوپێش و نەختێک پاش ڕاگەیاندنی فیلمەکانی بەشی پێشبڕکێی فێستیڤاڵ، «محەمەد تەقی فەهیم» ڕەخنەگری بە ئەزموونی سینەما و لە کەسایەتییە هەمیشەییەکانی بەرنامە سینەماییەکانی تەلەفزیۆن، لە کردەوەیەکی سەرسوڕهێنەردا دەستی کرد بە نووسین سەبارەت بە فیلمەکانی بەشی پێشبڕکێ و دەرخستنی ناوەڕۆک و وردەکارییەکانی ئەو فیلمانە. هەڵوێستی ناڕەزایەتیانەی بەرهەمهێنەرانی فیلمی «نگهبان شب» و«شب طلایی»یش لە هیچ لایەنێکەوە گوێی پێنەدرا و ئێستە «شەهرام خەرازیها» کە ماوەی 2 دەیەیه چالاکی میدیایی دەکات لە پەیجی تایبەتی خۆیدا ڕێگاکەی «محەمەد تەقی فەهیم»ی گرتۆتە بەر.
جێی تێڕامانە «شەهرام خەڕازیها» لە وەڵامی ناڕەزایەتیەکاندا ڕایگەیادووە ئەم هەڵوێستانە لای ئەو هیچ گرینگیەکیان نییە.
ئەمەی کە لە ڕاستیدا ناوەڕۆک و وردەکاری فیلمەکانی فێستیڤاڵ لە شوێنێکدا دەرخراون یان هەموو شتێک بە پێی زانیاری نافەرمی، پرسیار لە ئەندامانی بەرهەمهێنەری سینەما ( سەبارەت بە «نگهبان شب» بینینی 15 خولەک لە فیلمەکە کە بە مۆبایل تۆمارکراوە ) بووە، چیرۆکێکە و دەرخستنی ناوەڕۆک و وردەکارییەکانی فیلمەکان چیرۆکێکی تر. کردەوەیەک کە زۆر جار بەرهەمی ورووژانی ژۆرنالیستە لاوەکانە، بەڵام ئێستا لە لایەن کەسانێکەوە دەردەکەوێت کە لە مێژە چالاکی میدیایی دەکەن. لە وەها دۆخێکدا دەبێت نووسینگەی فێستیڤاڵ بە خۆیدا بێتەوە و هەڵوێستێکی توند دەر ببڕێت ئەنا ئەگەر درێژەی هەبێت کار لە کارگە دەترازێت.