بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئیبراهیم ڕەزایی سەبارەت بە سەردانەکەی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ ڕووسیا، وتی: لە سەردانەکەی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ ڕووسیا بڕیار دراوە کە کۆمپانیا گەورەکانی بواری وزەی ڕووسیا لە کێڵگە نەوتییەکانی ئێراندا وەبەرهێنان بکەن.
ناوبراو یەکێکی دیکە لە دەسکەوتەکانی ئەم سەردانەی بۆ بەرزکردنەوەی ڕێژەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان گەڕاندەوە و وتی: لە ئێستادا ڕێژەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی نێوان ئێران و ڕووسیا 4 ملیار دۆلارە کە ڕێکەوتن کراوە بۆ 10 ملیار دۆلاری ساڵانە بەرز بکرێتەوە.
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی ئێران وتی: پرسی هەناردەی بەرهەمە کشتووکاڵییەکانی ئێران بۆ ڕووسیاش تاوتوێ کراوە و ئەمەش لە بەرژەوەندی جوتیاران و وەبەرهێنەرانی ئێرانییە.
ڕەزایی ئاڵوگۆڕی بەرهەمە کشتووکاڵییەکانی وەک گەنم بە یەکێکی دیکە لە ڕێکەوتنەکان ناو برد و وتی: بە پێی ئەوەی کە پەیوەندی لە گەڵ ئەورووپا دەبێت لە ڕێگەی ئێرانەوە تێپەڕ بێت، بڕیار درا کە ڕێڕەوی باکور – باشور، تەواو و کارا بکرێت.
وتیشی کە ئەم ڕێڕەوە لە ڕووی ترانزێتییەوە گرنگییەکی زۆری هەیە و لە سەردانەکەی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ ڕووسیا لە سەر کردنەوەی هێڵی ئاسن، پەرەپێدانی ڕێگەی وشکانی و هێڵی دەریایی ڕێکەوتن کراوە.
ئەندامی لێژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران بە ئاماژە بە ئەندامبوونی ئەم وڵاتە لە یەکێتی ئابوریی ئوراسیا، وتی: ئەگەر لە هاوردەی 200 ملیار دۆلاریی ڕووسیا تەنیا لە سەدا 10 ی لە ئێرانەوە بێت گۆڕانکارییەکی گەورە لە ڕووی ئابورییەوە ڕوو دەدات./.