بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، جەواد ئەوجی سەردانەکەیی بۆ ڕووسیا بە یەکێک لە گرنگترین سەردانەکان ناو برد و وتی: کۆبوونەوەی زۆر باش لە گەڵ وەزیری وزە و جێگری سەرۆک وەزیرانی ڕووسیا کرا و زیاتر لەوەش کە چاوەڕوان دەکرا ڕێکەوتنی گرنگ مسۆگەر بوو.
ناوبراو بە ئاماژە بەوەی کە ڕێکەوتنی گرنگ سەبارەت بە هاوکارییەکان لە بواری نەوت و وزە کراوە، وتی: لە گەڵ ژمارەیەکی زۆر لە کۆمپانیا گەورەکانی ڕووسیا سەبارەت بە بەشدارییان لە پەرەپێدانی کێڵگەکانی نەوت و گاز، درووستکردنی پاڵاوگە گەورەکان، پێدانی تەکنۆلۆژیا و کەرەستەی پێویست کە بۆ ئەم پیشەسازییە بە گرنگ دادەنرێت، ڕێکەوتنی زۆر باش کرا و واژۆمان لە سەر ئەو ڕێکەوتنانە کردووە و دەتوانم بڵێم کە لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەنجام و کاریگەرییەکەشی لە بواری وزەدا دەبینرێت و بە دڵنیاییەوە بە ئیرادەی جیدیی بەرپرسانی حکومەتی ڕووسیا و هەروەها لە وەزارەتی نەوتی کۆماری ئیسلامی ئێران سەرجەم ئامانجەکانی ئەم سەردانە مسۆگەر دەبێت.
وەزیری نەوتی ئێران لە درێژەدا وتی: ئێران و ڕووسیا گەمارۆکانیان لە سەرە، هەر دوو وڵات خاوەن یەدەکێکی زۆری نەوت و گازن و بەم ڕێکەوتنانەش دەتوانن پەرە بە هاوکارییەکانی نێوانیان بدەن.
جەواد ئەوجی کە بووەتە سەرۆکی لێژنەی هاوبەشی ئابوریی ئێران و ڕووسیا، وتی: بۆ لایەنی ڕووسی ڕوون کرایەوە کە ئیرادەی کۆماری ئیسلامی ئێران و کابینەی سێزدەیەم و وەزارەتی نەوت ئەوەیە کە پەیوەندییەکانی نێوان تاران و مۆسکۆ بە تایبەت لە بواری وزەدا پتەوتر بکرێت.
ناوبراو بە ئاماژە بە بوونی ڕووسیا لە ئۆپێک پڵەس وتی: بۆچوونەکانی ئێران و ڕووسیا لە کۆبوونەوەکانی ئۆپێک پڵەس و ئەو بڕیارانە کە دەرکراون، یەکسان و هاوشێوەن./.