بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕیاز و ئەبوزەبی لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو لە تۆڵەی هەڵمەتە گەورە و کاریگەرەکەی ئەم دواییەی هێزەکانی یەمەن و هێرشی سەر قووڵایی خاکی ئیمارات، دەستیان داوەتە خوڵقاندنی کارەساتێکی مرۆیی لە ناوچە جیاجیاکانی یەمەن. فڕۆکە شەڕکەرەکانی سعوودیە هەینی ڕابردوو بە چەندین جار گرتووخانەی ناوەندیی پارێزگای سەعدەیان کردە ئامانج.
میدیاکانی یەمەن ڕایانگەیاند کە لەو هێرشەدا زیاتر لە 80 کەس کوژران و زیاتر لە 100 کەسی دیکەش بریندار بوون. هاوپەیوەند لە گەڵ ئەمەش، محەممەد عەلی حوسی سەرۆکی کۆمیتەی باڵای شۆڕشی یەمەن لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاند کە بەئامانجگرتنی خەڵکی سڤیل وەک تاوانی شەڕە و هیچ شتێک ناتوانێت حاشا لەم ڕاستییە بکات.
ئاشکرایە کە زنجیرە تاوانەکانی هاوپەیمانی سعوودیە لە دژی خەڵکی سڤیل لە یەمەن و بە تایبەت دوایین نموونەی تاوانەکانی ئەوان لە بۆردومانکردنی گرتووخانەی ناوەندیی سەعدە و کوژران و برینداربوونی سەدان کەس پیشاندەری توڕەبوونی ئەوان لەو هێرشەیە کە قووڵایی خاکی ئیماراتی کردە ئامانج. زیاتربوونی هێرش و تاوانی هاوپەیمانی سعوودیە لە دژی خەڵکی سڤیل بە تەنیا یەکێک لە گرنگترینی ئەو هۆکارانەیە کە پیشان دەدات ئەو هەڵمەتە سەربازییەی یەمەن لە دژی ئیمارات چەندە سەرکەوتوو بووە.
میدیایەکی ئێرانی سەبارەت بەم پرسە لە گەڵ ” تالب حەسەنی “ شرۆڤەکاری ناسراوی یەمەنی وتووێژی کردووە و ناوبراو لەو وتووێژەدا ڕایگەیاند: زیاتربوونی تاوان و دەسدرێژییەکان لە یەک مانگی ڕابردووە دەستیپێکردووە بەڵام لەم ڕۆژانەدا بە گڵۆپی سەوزی ئەمریکییەکان گەیشتووەتە لوتکەی خۆی تا گوشاری تەواو لە سەر سەنعا دابنێت و ئەو پرۆژەی کە حکومەتی جۆبایدن بۆ چارەسەری قەیرانی یەمەن ئامادەی کردووە، قبووڵ بکرێت.
ناوبراو وتی: لەم قۆناغەی بەردەوامی تاوانەکانی هاوپەیمانی سعوودیە و ئیمارات لە دژی یەمەن، کەڵک لە ئەندامانی گرووپی تیرۆریستیی ” العمالقە ” گیراوە کە بە پاڵپشتی ئیمارات لە کەناراوەکانی ڕۆژئاوای یەمەن چالاکی دەکەن و تێڕوانین و ئایدۆلۆژیای ئەوان لە گەڵ بەرەی نوسرە لە سوریا یەک دەگرێتەوە. ئەو تیرۆریستانە هێرشیان کردووەتە سەر مەئرب و چەند ناوچەیەکی دیکە کە هێرشەکانیان لە لایەن هێزە چەکدارەکانی یەمەنەوە تێکشکێندرا و ئەمەش هەمان بابەتە کە کێشەی خستە بەردەم ئیمارات، پاش ئەوەی کە چاوەڕوانی دەکرد گوشارە مەیدانییەکان و لە گۆڕەپانی شەڕ دەتوانێت ئامانجە شکستخواردووەکانی ئەوان کە لە ڕێگەی بۆردومانکردنی فڕۆکەخانە و پرد و نەخۆشخانە و قوتابخانەکانەوە مسۆگەر نەکرا، بەدی بێنێت، وایکردووە کە ئەم هاوپەیمانییە تاوانبارە لە درێژەدان بە تاوانە دژە مرۆییەکانی بەردەوام بێت.
تالب حەسەنی وتی: ئەو وەڵامە توندەی کە بە هێرشەکانی سەر قووڵایی خاکی ئیمارات کرا، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە دەسەڵاتدارانی ئیمارات هەوڵیان دەدا لە ڕێگای گوشار و بۆردومانەکانەوە پلانەکەی ئیدارەی بایدن بۆ قەیرانی یەمەن قبووڵ بکرێت و ئەنساروڵڵا بۆ سەر مێزی دانوستان بگەڕێتەوە، بەڵام ئەو وەڵامە هێندە توند و کاریگەر بوو کە هەوڵەکانی ئیماراتی شکست پێهێنا و بۆردومان و هێرشەکانی ڕۆژانی ڕابردووش بۆ شاردنەوەی ئاسەوارەکانی ئەو شکستە سەربازی و مەیدانییە بووە.
ئەو شرۆڤەکارەی یەمەن بە ئاماژە بەوەی کە ئیمارات لە ڕێگەی بەئامانجگرتنی کەسانی سڤیلەوە هەوڵ دەدات گوشار لە سەر یەمەن دابنێت، وتی: ئەوەی کە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ ئیدانەکردنی هێرشەکەی سەر ئیمارات کۆدەبێتەوە بەڵام تاوانی هاوپەیمانیی سعوودیە و ئیمارات لە دژی خەڵکی یەمەن لە بەرچاو ناگرێت، جێی گاڵتەجاڕی و پێکەنینە.
حەسەنی جەختیکردەوە کە وەڵامی توند و پێویست لە بەرامبەر ئەو تاوانانە دەدرێتەوە و وتی: ئیمارات بەرگەی هێرشەکانی یەمەن ناگرێت، هەر بۆیە دەیەوێت لە ڕێگای کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە ڕێگری لەو هێرشانە بکات بەڵام یەمەن لە بەرامبەر ئەو گوشارانە خۆی بە دەستەوە نادات، لە بەر ئەوەی کە دەزانێت کۆمەڵگای نێودەوڵەتی پاڵپشتی لە دوو وڵاتی تاوانباری سعوودیە و ئیمارات دەکەن، بەڵام دۆخەکە گەیشتووەتە قۆناغێک کە چیدی ئەو پاڵپشتییانە سوودێکی نەماوە، وەک چۆن کە لە ڕابردبووش سوودی نەبووە./.