بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حەسەن بەهەشتی پور شارەزا لە کاروباری ڕووسیا بە ئاماژە بە هەوڵی ئەمریکا و بەریتانیا بۆ پەرەسەندنی قەیرانی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا و ناردنی چەک بۆ ئەم وڵاتە، وتی: بۆ تاوتوێکردنی دۆخی ئێستای ئۆکرانیا دەبێت بۆ مێژووی پەیوەندییەکانی ڕووسیا و ئەم وڵاتە بگەڕێینەوە. ئۆکرانیا لە بنەڕەتدا ڕۆڵی سەرەکیی لە گۆڕانکارییەکانی ڕووسیا هەبووە و تەنانەت لە سەردەمی ئیمپراتۆریەتی ڕووسیاش ئەوەمان بینی کە هەندێک باسی هەبوونی ئیمپراتۆریەتی مۆسکۆ – کیێف یان دەکرد. پاش ئەوە، گۆڕانکارییەکانی پاش شەڕی دووەمی جیهانی و هەروەها شەڕی سارد، ئۆکرانیا بە کردەوە بووە هێڵی جیاکەرەوەی هەر دوو بەرەی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا و بەم هۆیەوە گرنگییەکی زۆری هەبووە. پاش ئەوەش تا بە ئەمڕۆ ئەوەمان بینیوە کە لە ڕۆژئاوای ئەم وڵاتە، هەوڵی پەیوەندی بە پۆڵەندا و یەکێتی ئەورووپا زیاتر بووە بەڵام لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا حەزی پەیوەندی بە لای ڕووسیاوە بووە.
ناوبراو وتی: بەم پێیەش دەتوانین بڵێین کە هەر دوو وڵات هاوپەیمانێکی مێژوویین و پەیوەندییەکی نزیکیان پێکەوە هەبووە. بە واتایەکی دیکە، ڕووسیا و ئۆکرانیا نەک تەنیا لە ڕووی ژئۆپۆلتیکی بەڵکوو لە ڕووی ژئۆئیکۆنۆمیشەوە پەیوەندییەکی تایبەتیان پێکەوە هەبووە. هەر ئێستاش ئەگەر گازی ڕووسیا هەناردەی ئەورووپا دەکرێت لە ڕێگەی ئۆکرانیاوە دەکرێت. ئەڵبەت ڕووسیا هەوڵ دەدات لە ڕێگەی پرۆژەکانی وەک نۆرد ستریمی 2 لە بەرژەوەندی خۆیدا گۆڕانکاری لە دۆخەکەدا بکات. ڕووسیا پێی وایە کە لەم هەلومەرجەدا سەرۆک کۆماری ئۆکرانیا دەیەوێت وڵاتەکەی بکاتە ئەندام لە یەکێتی ئەورووپا و ناتۆ و دەبێت بڵێین کە پرسی ناتۆ بۆ مۆسکۆ بابەتێکی پەیوەندیدار بە ئاسایشی نیشتمانییە، ئەوەش کە ئەمریکا و یەکێتی ئەورووپا بەردەوام باس لە هەڕەشەکانی خۆیان دەکەن، بە چەشنێک ڕەگ و ڕیشەی بۆ بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی ڕووسیا دەگەڕێتەوە.
ئەو شارەزایەی کاروباری ڕووسیا وتی: بە گشتی دەتوانین بڵێین کە ڕووسیا هێزی خۆی پیشانی ئەمریکا و یەکێتی ئەورووپا دەدات و هەندێک بۆچوونیش ئەوەیە کە شەڕێکی سنوردار لە نێوان هەر دوو لا ڕوو بدات. من پێم وایە کە ئەمە ڕوو نادات، لە بەر ئەوەی کە ڕووسیا لە ڕێگەی هەر دوو پارێزگای لۆهانسک و دۆنتسک و بە هاوکاری دانیشتووانی بە ڕەگەز ڕووسییەوە گوشار لە سەر حکومەتی ئۆکرانیا دادەنێت. ڕووسیا دەزانێت کە بوونی سەربازیی لە ئۆکرانیا ڕەنگە ئاسان بێت بەڵام کشانەوەی لەو وڵاتە بە دڵی خۆی نابێت. ئەمریکاش هەوڵی ڕوبەڕوبونەوەیەکی توند لە بەرامبەر ڕووسیا نادات و تەنیا هەوڵی گەمارۆدانی بەربڵاوی ئەم وڵاتە دەدات. ئابوریی ڕووسیا لە گەڵ ئەمریکا و یەکێتی ئەورووپا زۆر لێکچوونی هەیە، ئەوان لە بواری بانکی، بازرگانی و وزە پێکەوە کار دەکەن و هەر دوو لا لەوە تێدەگەن کە ڕەنگە پەیوەندییە دووقۆڵییە ئابورییەکانیان تووشی کێشە بێت و هەوڵ دەدەن ئەوە ڕوو نەدات.
بەهەشتی پور لە کۆتاییدا وتی: ڕووسیا دەزانێت کە لە ساڵی 2014 تا ئێستا سەرمایەیەکی زۆری ئەم وڵاتە براوەتە دەرەوە و ئەمەش زیانی ئابوریی بە دواوە بووە. ئەوەی کە بەریتانیا و کەنەدا بۆ پاڵپشتیکردنی کیێف هاتوونەتە گۆڕەپانەکەوە، بۆ ململانێ مێژووییەکانی نێوان لەندەن و مۆسکۆ دەگەڕێتەوە و ئێستا پێدەچێت کە لەندەن هەوڵی تۆڵەسەندنەوە بدات. ڕووسیاش هەوڵ دەدات هێزی سەربازیی خۆی پیشانی ئۆکرانیا بدات تا ڕێگری لە ئەندامبوونی ئەم وڵاتە لە ڕێکخراوی ناتۆ بکەن و لە قۆناغی دووەمیش موڵەتی جێگیرکردنی مووشەکەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا لەم ناوچەیە نەدات. مۆسکۆ لە ئاکامدا دەیەوێت ئەوە بە ئۆکرانیا بڵێت کە بوونی هاووڵاتییە بە ڕەگەز ڕووسییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ئەم وڵاتە بە فەرمی بناسێنێت. ڕووسیاش دەزانێت کە تێچووی ئەم ڕوبەڕوبونەوە زۆرە و تەنانەت بەرگەی گەمارۆی نوێ ناگرێت. بەم هۆیەوە لەو بڕوایەدام کە ڕووسیا لە هەلومەرجی ئێستادا پەنا بۆ کردەوەی سەربازی نابات، لە بەر ئەوەی کە لە ئەگەری هەر حاڵەتێکی نەخوازراودا گۆڕانکاری گەورە لە ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا ڕوو دەدات./.