بەپێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەو لە ناو هاوڕێیەکانی بە رۆناڵدۆی تۆپی پێی ئافرەتان لە کوردستان و عێراق ناوزەند دەکرێت، بەهۆی ئەو ئاستە بەرزەشی چەندین جام و مەدالیای بردۆتەوە ئەویش، لاڤان محەمەد یاریزانی یانەی ئافرەتانی دهۆکە لە فوتساڵ .
لاڤان کێیە؟
لاڤان محەمەدم، ساڵی ١٩٩٩ لە دایکبووم و ماوەی ١٠ ساڵ دەبێت یاریزانی تۆپی پێم هاوکات خوێندکاری زانکۆی ئەمەریکیم لە کۆلیژی ئەندازیاری .
کۆلیژەکەت قورسە و چۆن بواری وەرزشکردنت هەیە ؟
پرسیارەکە راستە، کۆلیژی ئەندازیاری زۆر قورسەو ئەرکی سەعی و جێبەجێی وانەکان کارێکی گرانە، بەڵام حەزو خولیام بۆ یاری و وەرزش کارێکی وای کردووە وەرزشەکەم فەرامۆش نەکەم و خشتەیەکم داناوە کە هەر دوو کارەکە بکەم .
خۆشترین ساتەکانی وەرزشیت چی بووە؟
ساتی خۆش و ناخۆش زۆرە لە وەرزش، بۆ من ساتی بوونە گۆڵکاری وەرزی رابردوی خولی کوردستان ساتێکی لەیاد نەکراوە هەروەها وەرزێکیش بە باشترین یاریزانی عێراق دانرام لە یاریگای کراوە.
بۆ کام یانە یاریت کردووە؟
لە ئێستادا دوو وەرزە بۆ ئافرەتانی هەولێر ، پێشتر بۆ زێرەڤانی و سیمێل و قوەجەویەو بانگهێشتی هەڵبژاردەی عێراقیش کراوم .
کێ بە پاڵپشتی خۆت دەزانی ؟
ئەوە گرنگە بۆ من، باوکم زۆر زۆر هاندەرو پاڵپشتمە ، خانەوادەکەم ، راهێنەر رۆبینا گۆرگیس و سەرۆکی یانەکەم خاتوو چریسک و خاتوو ناڵە سوپەریش.
گرنگی بە تۆپی پێی ئافرەت دەدرێت؟
بە بەراورد بە پیاوان زۆر کەمتر، هیوادارم ئەوە نەمێنێ چونکە ئاستی ئێمەش بەرزەو پێویستمان بە پاڵپشتی زیاترە.