بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دوو ساڵ بە سەر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جیهاندا تێپەڕ دەبێت. بە هۆی ئەم بەربڵاوییەش، پرسیاری زۆر سەبارەت بە کاریگەرییەکانی ڤایرۆسەکە لە سەر گرووپە جیاجیاکان هاتووەتە پێشەوە کە هێشتا زۆرێک لەوان بە بێ وەڵام ماوەتەوە. یەک لەو پرسیارانەش، کاریگەری ئەم ڤایرۆسەیە لە سەر ئەو دایکانەی کە شیری کۆرپەلەکانیان دەدەن.
سەرەتا هەست بەوە دەکرا کە ڤایرۆسی کۆرۆنا دەتوانێت لە ڕێگای پێدانی شیرەوە لە دایکەوە بۆ کۆرپەلەکەی بگوازرێتەوە، بەڵام توێژینەوەکان باس لە هەندێک ڕاستی و زانیاری نوێ دەکەن.
توێژینەوەیەک کە لە مانگی ئادار تا ئەیلولی 2020 کراوە، پیشان دەدات ڤایرۆسی کۆرۆنا توانای گواستنەوەی لە دایکەوە بۆ کۆرپەلەکەی نییە. لەو توێژینەوەدا کار لە سەر ژمارەیەک لە ژنانی ئەمریکی کراوە کە بەشێکیان هەڵگری نیشانەکانی کۆرۆنا بوون و بەشێکی دیکەیان ئەو نیشانانەیان تێدا نەبووە.
زانایان لە توێژینەوەکەدا بەوە گەیشتن کە شیری ئەو دایکانەی توشبووی کۆرۆنا هەڵگری بەشێک لە RNA ی ڤایرۆسی کۆرۆنایە، بەڵام هیچ یەک لەو نموونانە ڤایرۆسی چالاکی کۆرۆنای نەبووە، لە ڕاستیدا هێشنا زانایان نازانن کە چۆن ڤایرۆس لە شیری دایک بێ کاریگەر دەبێت.
دکتۆر پائۆل کرۆگستاد بەڕێوەبەری توێژینەوەکە لە زانکۆی کالیفۆڕنیا وتی: هۆکاری ئەوەی کە بۆ شیری ئەو دایکانەی هەڵگری RNA بووە بەڵام ڤایرۆسی چالاک و هۆکاری نەخۆشیی نەبووە، هێشتا بۆ ئێمە جێی پرسیارە. ئێمە سەرەتاش ئەوەمان دەزانی کە شیری دایک هەندێک تایبەتمەندیی هەیە کە لە ڕێگای ڤاکسێن یان توشبوون بە نەخۆشی لە جەستەی دایکدا بەرهەم دێت بەڵام شێوازی بێ کاریگەربوونی ڤایرۆسەکە ناتوانین شرۆڤە بکەین.
ئەگەرچی شیری دایک ڤایرۆسی کۆرۆنای نییە بەڵام دەستەکان و هەناسەدانی دەتوانێت هۆکاری گواستنەوەی نەخۆشییەکە بە کۆرپەلەکەی بێت، هەر بۆیە باشترە کە دایکان پێش پێدانی شیر بە کۆرپەلەکان دەستی خۆیان بە باشی بشۆن و هەروەها لە کاتی پێدانی شیریش دەمامک بەکار بێنن./.