بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، نووسینەدا هەوڵمان داوە سوودەکانی خواردنی لیمۆی ترش بۆ تەندرووستی مرۆڤ شرۆڤە بکەین تا باشترین شێوازەکان بۆ بەهێزکردنی میتابۆلیزمی جەستە هەڵبژێرن.
1 – بە گەنجی هێشتنەوەی پێست:
یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی بەکارهێنان و خواردنی لیمۆی ترش بۆ تەندرووستی پێستە. پێویست بەوە ناکات چیدی پارەی خۆتان بۆ کڕینی دەرمان و کرێمە گرانەکان بەکار بێنن، بەڵکوو تەنیا دەتوانن لیمۆی ترش لە ڕێجیمی خۆراکیی خۆتان زیاد بکەن تا بگەنە پێستێکی گەنج و تەندرووست. بە پێی توێژینەوەیەک کە لە گۆڤاری ئەمریکیی Clinical Nutrition بڵاو بووەتەوە، بەکارهێنانی ڕێژەیەکی زۆری ڤیتامین C پەیوەندی بە کەمبوونەوەی چرچ و لۆچیی پێست و ڕێگری لە وشکبوونی هەیە. بە پێی ئەوەی کە یەک لییمۆی ترش هەڵگری نیو هێندەی ئەو ڕێژەی پێویستی ڤیتامینەیە، هەر بۆیە خواردنی دەتوانێت ببێتە هۆکاری بە گەنجی هێشتنەوەی پێست.
2 – دابەزاندنی پەستانی خوێن:
پەستانی خوێن دەتوانێت ببێتە هۆکاری توشبوون بە نەخۆشییەکانی وەک گورچیلە، دڵ و جەڵتەی مێشک بەڵام خۆشبەختانە ئەوە سەلمێندراوە کە بەکارهێنانی بەردەوامی لیمۆی ترش دەتوانێت لە دابەزاندنی پەستانی خوێن ڕۆڵی هەبێت. دوو توێژینەوە کە لە گۆڤاری Nutrition and Metabolism بڵاو بووەتەوە، پیشان دەدات کە توشبووانی پەستانی خوێن کە لانیکەم ڕۆژێک نیوەی لیمۆ ترشێکیان خواردووە و لە هەمان کاتدا نزیکەی 7 هەزار هەنگاو بە پێ ڕۆیشتوون، پەستانی خوێنیان بە ڕێژەیەکی بەرچاو دابەزیوە. سەرەڕای ئەمەش دەبێت گرنگی بەوە بدرێت کە بەکارهێنانی لیمۆی ترش تەنیا دەرمان بۆ بارودۆخێکی جیدیی وەک پەستانی بەرزی خوێن نییە بەڵام سوودی تەندرووستی زۆری هەیە بە شێوازێک کە دەوترێت بەکارهێنانی ڕۆژانەی یەک لیمۆی ترش دەتوانێت وا بکات کە پێویست بە سەردانیکردنی پزیشک نەبێت.
3 – کەمکردنەوەی حەزی خواردن:
ئەگەر کێشەی خواردنی ڕادەبەدەرتان هەیە خواردنی لیمۆی ترش دەتوانێت یارمەتیدەری ئەوە بێت لە بەر ئەوەی کە ئەم میوەیە ئیشتیا و حەزی خواردن کەم دەکاتەوە. ئەو پێکهاتەی کە لە پێست و ناوەوەی میوەکانی وەک لیمۆی ترشدا هەیە دەتوانێت یارمەتیدەری ئەوە بێت کە کەسەکان بۆ ماوەیەکی زۆر هەستی تێرییان هەبێت. بە پێی ئەنجامی توێژینەوەیەک کە لە گۆڤاری ئەمریکیی Collega of Nutrition بڵاو بووەتەوە، ئەوانەی کە لانیکەم لە ڕۆژدا چەند لیمۆی ترشێکیان خواردووە، بۆ ماوەیەکی زۆر هەست بە تێری دەکەن.
4 – یارمەتیدەری دابەزاندنی کێشی جەستەیە:
لیمۆکان دەوڵەمەندن بە پەلی فنوڵ کە پێکهاتەیەکی سرووشتییە و ئەنتی ئۆکسیدانیان هەیە. ئەگەرچی میوەکانی وەک پرتەقاڵ بە گشتی خاوەن پەلی فنوڵی تایبەت بە خۆیانن بەڵام ئەوانەی کە لە پێکهاتەی لیمۆی ترشدا هەیە سوودی تەندرووستی بەرچاوتریان هەیە. لە توێژینەوەیەکدا کە لە گۆڤاری Clinical Biochemistry and Nutrition بڵاو بووەتەوە، هاتووە کە ئەو مشکانەی خواردنەکەیان لە ڕێجیمی پڕ چەور و دەوڵەمەند بە پەلی فنوڵەکان بووە، نەک تەنیا کێشیان زیادی نەکردووە بەڵکوو ئاستی شەکری خوێن و ئەنسۆلینی ئەوانیش باشتر بووە. سەرەڕای ئەوەی کە ئەنجامی توێژینەوە زانستییەکانی تایبەت بە مشکەکان سەبارەت بە مرۆڤەکانیش یەکسان نییە، بەڵام توێژەران بەکارهێنانی پەلی فنوڵەکانی لیمۆ وەک شێوازێکی ڕوبەڕوبونەوەی قەڵەوی دەزانن.
5 – دژی هەوکردنە:
لە گۆڤاری هیندیی Clinical Biochemistry ئەنجامی توێژینەوەیەک بڵاو بووەتەوە کە پیشان دەدات ڤیتامین C دەوڵەمەندە بە ئەنتی ئۆکسیدان و دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی هەوکردنی جەستە.
6 – چارەسەرکردنی خێرای هەڵامەت:
هۆکاری ئەوەی کە لە کاتی توشبوون بە هەڵامەت ئامۆژگاریی خواردنی ئاوی پرتەقاڵ دەکرێت ئەوەیە کە بەکارهێنانی ڤیتامین C بۆ لەناوبردنی نیشانەکانی هەڵامەت و بەهێزکردنی سیستەمی بەرگری جەستە بە پێویست دادەنرێت. بە پێی توێژینەوەیەک کە لە گۆڤاری Cochrane Database of Systematic Reviews بڵاو بووەتەوە، ئەگەرچی ئەنجامی توێژینەوەکان سەبارەت بە کاریگەریی ڤیتامین C لە سەر نەخۆشیی هەڵامەت جیاوازە، بەڵام هەموویان پیشان دەدەن کە ئەو ڤیتامینە لە کاتی دەرکەوتنی نیشانەکانی نەخۆشیی هەڵامەت بەسوودە. هەروەها بەکارهێنانی ڤیتامین C بۆ تەندرووستیی هەناسەدان سوودی هەیە کە لە کاتی توشبوون بە هەڵامەت گرنگە.
7 – یارمەتیدەری خواردنی ڕێژەیەکی زۆری ئاوە:
ڕەنگە خواردنی ئاو بە ڕێژەیەکی پێویستی جەستە هەندێک دژوار بێت. ئەگەرچی خواردنی ئاو سوودێکی تەندرووستی زۆری هەیە، وەک دابەزینی کێشی جەستە، میتابۆلیزمی خێراتر و وزەی زیاتر، بەڵام خواردنی بە تەنیا هەندێک ئاسان نییە کە ئەو ڕێژەی وا بۆ جەستە پێویستە بخورێتەوە بەڵام زیادکردنی ئاوی لیمۆ بە ئاو دەبێتە هۆی ئەوەی کە تامەکەی خۆشتر بێت و خواردنەکەی ئاسانتر بێت.
8 – بۆنی ناخۆشی دەم ناهێڵێت:
ڕەنگە هیچ شتێک وەک بۆنی ناخۆشی دەم ئازاری نەبێت، بۆ لەناوبردنی ئەو بۆنە ناوخۆشەش دەتوانن لیمۆی ترش بەکار بێنن، بەکارهێنانی لیمۆی ترش دەتوانێت بۆنی دەم خۆش بکات. ئەسیدی ناو ئاوی لیمۆ دەتوانێت بۆنی ناوخۆشی دەم نەهێڵێت، ئەمەش لە کاتی خواردنی سیر و پیاز دەتوانێت باشتر یارمەتیدەر بێت.
9 – یارمەتیدەری ڕێگری لە توشبوونی بەردی گورچیلە دەبێت:
ئەگەر تووشی نەخۆشیی بەردی گورچیلە بوون دەزانن کە خستنی ئەو بەردانە چەندە ئێش و ئازاری هەیە، بەڵام ئەگەر لیمۆی ترش بخەنە ڕیزی خواردنەکانی ڕۆژانەوە، چیدی پێویست بەوە ناکات نیگەرانی ئەم بابەتە بن. لیمۆکان ڕێژەیەکی زۆر سیتراتیان هەیە کە بە شێوازی سرووشتی ڕێگری لە دروستبوونی بەردی گورچیکە دەکەن. توێژینەوەیەک پیشانیداوە کە ئەو نەخۆشانەی لیمۆی ترشیان وەک دەرمانێک بەکارهێناوە، واتە ڕۆژانە ڕێژەیەکی دیاریکراوی ئاوی لیمۆیان لە دوو لیتر ئاوی بێ شەکریان بەکاردەهێنا، بەردی گورچیلەیان بە خێراییەکی کەمتر بەراورد بە پێشوو درووست دەبوو.
10 – یارمەتیدەری باشتربوونی ئاستی کۆلیسترۆڵە:
بە پێی ئەنجامی توێژینەوەیەک کە لە گۆڤاری Chiropractic Medicine بڵاو بووەتەوە، لیمۆی ترش دەوڵەمەندە بە مادەی دژە کۆلیسترۆڵ کە ئەمەش کۆلیسترۆڵی خەراپ ناهێڵێت. هەروەها توێژینەوەیەکی دیکەش ئەمەی سەلماندووە. ئەنجامی ئەو توێژینەوانە پێمان دەڵێت کە لیمۆی ترش بە هۆی سوودەکانی لە دابەزاندنی کۆلیسترۆڵ لە ڕێجیمی خۆراکیی ڕۆژانە زیاد بکەن.
11 – یارمەتیدەری پاراستنی مێشکە:
خەڵک بە گشتی گرنگی بەو بابەتانە دەدەن کە بۆ تەندرووستییان بەسوودە، بەڵام مێشکیش پێویستی بە پاراستن هەیە. توشبوون بە نەخۆشییەکانی وەک کەمبوونەوەی عەقڵ و ئەلزهایمەر بە بەرزبوونەوەی تەمەن ڕوو دەدات بەڵام بە چەند گۆڕانکارییەک لە شێوازی ژیان دەتوانن ڕوبەڕوی ئەو حاڵەتانە ببنەوە. توێژینەوەیەک ئەوەی سەلماندووە کە لیمۆ دەتوانێت لەم بوارەدا یارمەتیدەر بێت. هەروەها ئەوەش ڕوون بووەتەوە کە بەکارهێنانی ڕێژەیەکی پێویست لە ڤیتامین C بۆ پاراستنی مێشک سوودی هەیە.
12 – کرداری هەرس باشتر دەکات:
ئەگەر یەک لیمۆی ترش بە تەواوی – واتە پێست و میوەکەی – پێکەوە بەکار بێنن، لەو حاڵەتدا هاوکاری سیستەمی هەرسی خۆتان کردووە. لیمۆی ترش هەڵگری هەندێک فیبرە کە یارمەتیدەری گەشەی بەکتریا تەندرووستەکانی ڕیخۆڵە دەبێت و کارەکانی ڕیخۆڵە باشتر دەکات. لیمۆی ترش هەروەها ئەسیدی سیتریکی هەیە کە ئەمەش بۆ هەرسکردنی خۆراک سوودی هەیە./.