بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عەلی عیماد وتی: ئێمە گوێ بەم ناڕەزایەتی و پڕوپاگەندەیە نادەین لە بەر ئەوەی کە ئەوانەی ئیدانەی هێرشەکانی ئێمەیان بۆ سەر ئیمارات کردووە و هاوخەمی خۆیان بۆ دەسەڵاتدارانی ئەم وڵاتە ڕاگەیاندووە، هەر یەک بە شێوەیەک لە تاوانەکانی ئالی زاید و ئالی سعوود لە دژی یەمەن هاوبەشن.
ناوبراو وتی: کەمترین هاوکاریی ئەو کەسانە، بەشداری و هاوکاری هەواڵگری، سیاسی، ئابوری، میدیایی یان پشتیوانی لە تاوانەکانی دەسەڵاتدارانی ئیمارات و سعوودیە لە کوشتار و گەمارۆی گەلی یەمەنە.
عیماد وتی: ئەوە دەسەڵاتدارانی ئیمارات بوون کە خۆیان خستووەتە وەها گێژاوێک، لە کاتێکدا کە چاوەڕوان دەکرا وانە لە چارەنووسی سعوودیە وەربگرن.
وتیشی کە بەردەوام دەرفەتی ئەوە بە دەسەڵاتدارانی ئیمارات درا تا لە شەڕی دژ بە گەلی یەمەن بکشێنەوە بەڵام ئەو دەرفەتەیان لەبار برد، بەم هۆیەوە سوپای یەمەن بڕیاریدا بە شێوازێکی دیکە مامەڵە لە گەڵ ئەواندا بکات.
ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی ئەنساروڵڵای یەمەن وتی: ئێمە لە بەرامبەر ستەمی دەسەڵاتدارانی یەمەن زۆر پشوودرێژ بووین بەڵام ئەوان ڕێگەیەکی دیکەیان هەڵبژارد کە پێویستی بەوە دەکرد سزا بدرێن.
عەلی عیماد وتی: ئەوان دەبێت کۆتایی بە دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆیی یەمەن و پاڵپشتیکردنی تیرۆریستان بێنن بەڵام ڕۆڵی زایۆنیستە عەرەبەکانیان گێڕا و درێژەیان بە ڕووخاندنی ژێرخانەکانی یەمەن و هەوڵدان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ڕێڕەوە ئاوییە گرنگەکان دا.
ناوبراو وتی: ئیمارات لێرە بە دواش و تا ئەو کاتەی کە واز لە تاوانەکانی لە یەمەن نەهێنێت، لە سەرجەم بوارەکانی ئابوری، ئەمنی و سیاسی چارەنووسێکی دیکەی دەبێت و ئەمەش ئەنجامی کردەوەی دەسەڵاتدارانی ئیماراتی شوشوییە کە خۆیان خستووەتە وەها گێژاوێک./.