بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی لە درێژەی سەردانەکەی بۆ ڕووسیا لە گەڵ ژمارەیەک لە ئێرانییەکانی نیشتەجێی ئەو وڵاتە کۆبووە.
ناوبراو بە ئاماژە بە کۆبوونەوەکەی لە گەڵ ڤلادیمیر پوتین سەرۆک کۆماری ڕووسیا، وتی: هەست بەوە دەکەین کە ئیرادەیەکی جیدی بۆ هەڵگرتنی کێشە و گرفتەکانی بەردەوام گەشە و بەرزکردنەوەی ئاستی هاوکارییە هاوبەشەکان هەیە.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: بەشێک لەو کۆبوونەوە تایبەت بە پەیوەندییە ئابورییەکانی نێوان تاران و مۆسکۆ بوو و لە بەشێکی دیکەدا باسی ڕۆڵی بەهێزی ئێران و ڕووسیا لە ناوچەکە و کاروباری نێودەوڵەتی کرا.
ئایەتوڵڵا ڕەئیسی وتی: خوێندنەوەم لە کۆبوونەوەکە ئەوەیە کە بەرپرسانی باڵای هەر دوو وڵات هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی هاوکارییەکان و پەیوەندییەکان دەدەن.
ڕەئیسی وتی: دەبێت وەبەرهێنان و هەناردە پێشبینیکراو بێت و هەناردەکاران و وەبەرهێنەران بتوانن بە پێشبینی داهاتوو لەم بوارەدا چالاکی بکەن، ئابوری دەبێت ئاسۆیەکی ڕوونی هەبێت تا چالاکوانانی ئەم بوارە تووشی زیان نەبن.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران بە ئاماژە بە دابینکردنی بەستێنی گونجاو بۆ کاڵای ئێرانی لە بازاڕەکانی ڕووسیا، وتی کە دەتوانین پشکی ئێران لەم بازاڕەدا بەرز بکەینەوە.
ناوبراو وتی: ئێمە کەسایەتی وەهامان لە ئێراندا هەیە کە ناویان لە مێژوودا دەدەرەوشێتەوە، لە کۆبوونەوەکەم بە سەرۆک کۆماری ڕووسیام وت کە ئەگەر بمانەوێت قارەمانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم بە جیهان بناسێنین، ئەو کەسە قارەمانە شەهید حاجی قاسم سولێمانییە.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: سیاسەتی ئێمە سیاسەتێکی هاوسەنگە بۆ بوونی پەیوەندی لە گەڵ وڵاتانی جیهان و ئیرادەی تاران و مۆسکۆش چالاککردنەوە و کەڵک وەرگرتنە لە توانا و دەفرایەتییەکانی هەر دوو وڵات./.