بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی بە گێڕانەوە لە میدیاکانی لوبنان، حەریری گەڕاوەتەوە بەیروت تا سەبارەت بە هەڵوێستی کۆتایی خۆی لە سەر بەشداریکردن یان نەکردن لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی لوبنان و دیاریکردنی کاندیدەکانی ڕەوتەکەی لەو هەڵبژاردنەکاندا وتووێژ بکات.
سەرچاوە ئاگادارەکان ڕایانگەیاندووە کە سەرەڕای دابەزینی ئاستی جەماوەریی ڕەوتی موستەقبەل بە سەرۆکایەتی سەعد حەریری لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو، بەڵام بە هۆی نەبوونی لایەنێکی جێگرەوە، ئەم ڕەوتە هێشتا لە نێو سوننەکانی لوبنان پێگەی خۆیی هەیە، هەر ئەمەش وایکردووە کە سەرجەم حیزبەکان و کەسایەتییەکانی سوننە جەخت لەوە دەکەنەوە کە چاوەڕوانی هەڵوێستی حەریرین بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکان.
ئەو سەرچاوانە ڕایانگەیاندووە کە ئەوەی کە بۆ سەعد حەریری گرنگە، ئەوەیە کە سعوودیە و هاوپەیمانەکانی بەو ئەنجامە گەیشتوون کە هیچ پرۆژەیەکی هەڵبژاردنەکان لە دژی تیمی سەرۆک کۆمار و هاوپەیمانەکانی بە بێ بوونی حەریری بە سەرکەوتن ناگات، بە تایبەت ئەوەی کە هیچ جێگرەوەیەک بۆ سەعد حەریری لە نێو سوننەکاندا نییە، هەروەها ماوەیەکی زۆری بۆ وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان نەماوە و لەم ماوەیەشدا ناتوانێت جێگرەوەیەکی بۆ بدۆزرێتەوە.
لە لایەکی دیکەوە چەند کەسایەتییەکی سوننەی لوبنان کە پەیوەندییان لە گەڵ حەریریدا هەیە، بە ڕۆژنامەی دیار یان ڕاگەیاندووە کە حەریری بە هۆی کێشە سیاسی و دارایی و کەسییەکانەوە لە هەڵبژاردنەکاندا کاندید نابێت./.