بەپێی ڕاپۆرتی جام کوردی بە گێڕانەوە لە ماڵپەڕی سەبا، فیلمە سینەماییەکانی «لاکپشت و حلزون» لە دەرهێنانی ڕەزا حەماسی و ئامادەکاری هووشەنگ نوروڵاهی و نووسینی موحسن ڕەزایی لە بەشی سینەمای نێودەوڵەتی بیستەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی«داکا» لە بەنگلادیش بۆ بەدەست هێنانی خەڵاتی باشترین فیلم لە ڕوانگەی بینەرانەوە لە گەڵ بەرهەمە هەڵبژێردراوەکانیتری ئەم بەشە دەکەونە کێبڕکێ و بە شێوازی هاوکات لە بەشی کێبڕکێی چیرۆکە فیلمەکانی چواردەیەمین خولی فێستیڤاڵی «مەنار سوفیا» لە بولگاریاش لە گەڵ بەرهەمەکانیتری بەشدار بوو لەم بەشەدا دەکەونە کێبڕکێ.
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی داکا یەکێک لە فێستیڤاڵە گرینگەکانی باشووری ئاسیایە کە لە ساڵی 1992ی زایینیەوە بە هاوکاری ئەنجوومەنی فیلمی «پەلکە زێڕینە» و بە درووشمی «فیلمی باشتر، بەردەنگی باشتر و کۆمەڵگای باشتر» چالاکی خۆی دەستپێکردووە. بیستەمین خولی ئەم فێستیڤاڵە بە نمایشی بەرهەمە هەڵبژێردراوەکان لە 60 وڵاتی جیهانەوە لە بەشە جۆراوجۆرەکانی وەک پێشبڕکێی ئاسیا، ژنانی فیلمساز، سینەمای جیهان، ڕێزلێنان و یادکردنەوە، پانۆرامای بەنگلادیش، فیلمی مناڵان، سینەمای «معناگرا/ Spiritual» و بەرهەمە کورتە سەربەخۆکان بەڕێوە دەچێت.
فێستیڤاڵی «مەنار سوفیا» لە ساڵی 2009 لە شاری سووفیە پێتەختی بولگاریا دەستی پێکردوە و هەموو ساڵێک باشترین بەرهەمە سینەماییەکان، بەڵگە فیلم و کورتە فیلم لە وڵاتانی ڕڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئاسیای ناوەندی و باکووری ئەفریقا نمایش دەکات. ئەم فێستیڤاڵە وەک یەکێک لە گەورەترین ڕووداوە کولتوورییەکانی ناوچەی باڵکان دەناسرێت و لە خولی پێشوودا(پێش بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا) میوانداری زیاتر لە 10هەزار بەردەنگ بووە.
فێستیڤاڵی «داکا» لە 15 تا 23 ژانوویە لە شاری داکای بەنگلادیش و فێستیڤاڵی «مەنار سووفیا»ش لە 14 تا 30 ژانوویە بەشوازی ئامادە بوون و ئۆنلاین بەڕێوە دەچێت.
عەلی مسەفا، لەیلا زارع، سام نووری، مێهران نائل ئەلبورز کەڕووبە (ئەکتەری منداڵ) گرووپی سەرەکی ئەم پرۆژە فیلمە پێک دەهێنن.
پانتە ئا مەهدی نیا، محەمەد نەریمانی، حەمید خردمەندی، زوهرە حیجازی و عەلی ڕەستگاری ئەکتەرەکانی تری فیلمی سینەمایی « لاکپشت و حلزون»ن.
لە پووختەی چیرۆکی «لاکپشت و حلزون»دا هاتووە: «پێدرام کوڕێکی تەمەن 10 ساڵەیە لە گەڵ دایکیدا (ئەفسانە) ژیان دەکات و کێشەی زۆری لە گەڵدا هەیە. ئەفسانە دەیەوێت ژیانی هاوسەری پێک بهێنێت بەڵام پێدرام ناڕازییە و هۆکاری کێشەکانی پێدرامیش بەم بابەتە گرێدەدات. پێدرام لەگەڵ لاوێکی سەرسوڕ هێنەردا ئاشنا دەبێت و پەیوەندییەکی دۆستانەی شاراوە لە نێوانیاندا درووست دەبێت… »