بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی ڕۆژی چوارشەممە لە فڕۆکەخانەی تاران سەبارەت بە سەردانەکەی بۆ ڕووسیا وتی: ئەم سەردانە لە سەر بانگهێشتی بەڕێز پوتین دەکرێت و هەوڵی بەرزکردنەوەی پەیوەندییە سیاسی و دیپلۆماسی و ئابورییەکانی نێوان هەر دوو وڵات دەدرێت.
ناوبراو وتی: پەیوەندییەکانی ئێران لە گەڵ سەرجەم وڵاتانی دراوسێ بە تایبەت ڕووسیا باشە و لە بوارە جیاجیاکاندا ئەو پەیوەندییە دەبینرێت، سەردانەکەش خاڵێکی وەرچەرخانە بۆ سەرجەم پەیوەندییەکانمان لە گەڵ ڕووسیا.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: ئێمە و ڕووسیا لە زۆربەی دامەزراوە و ڕێکخراوە ئابوری و سیاسییەکانی ناوچەکە وەک ڕێکخراوی شانگهای ئەندامین و ڕووسیاش ڕۆڵی گرنگی لەواندا هەیە و بە ئەندامبوونی ئێران لە ڕێکخراوی شانگهای هاوکارییەکی زۆر باش و نزیکمان لە گەڵ سەرجەم وڵاتان بە تایبەت ڕووسیا دەبێت.
ڕەئیسی وتی: ڕووسیا لە یەکێتی ئوراسیاش ڕۆڵی بەرچاوی هەیە و هاوکارییەکانی ئێمە لەمەشدا دەتوانێت پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکان بەرز بکاتەوە.
ناوبراو وتی کە لەم سەردانەدا سەبارەت بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، کاروباری سیاسی، ئابوری، وزە، بازرگانی و کەشوهەوا وتووێژ دەکرێت.
سەید ئیبراهیم ڕەئیسی وتی: هاوکارییەکانی نێوان هەر دوو وڵات تا ئێستا نەبووەتە جێی ڕەزامەندی بەرپرسانی باڵای ئێران و ڕووسیا و بە دڵنیاییەوە کە دەتوانین ئاستی هاوکارییەکان بەرزتر بکەینەوە و هیوادارین ئەم سەردانەش لە پێناو دابینکردنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان لە ناوچەکە و جیهان کاریگەریی هەبێت و هەنگاوی کاریگەری بە دواوە بێت./.