عەدالەت عەبدوڵڵا، چاودێری سیاسی هەرێمی کوردستان، لە وتووێژی لە گەڵ پەیامنێری جام کوردی لە سەر سەردانەکەی ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ ڕووسیا و کۆبوونەوەکەی لە گەڵ ڤلادیمیر پوتین، وتی: پەیوەندی کۆماری ئیسلامی ئێران لە گەڵ زلهێزێکی وەک ڕووسیا پەیوەندییەکی دێرین و ستراتیژییە و پەیوەندییەکە کە زیاتر لە فاکتەرێک هەر دوو وڵات پێکەوە دەبەستێتەوە. یەک لەو فاکتەرانەش پێگەی ستراتیژی و ژئۆپۆلۆتیکی کۆماری ئیسلامی ئێرانە لە ئاسیا و هەروەها چەند دۆسیەیەکی گرنگی نێودەوڵەتی و ناوچەیی ئەم دوو وڵاتە پێکەوە دەبەستێتەوە، بە تایبەت ئەو دۆسیانەی کە پەیوەندییان بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە هەیە. لە لایەکی دیکەوە ئێران لە دانوستانەکانی ڤیەننا پێویستی بە پاڵپشتیی ڕووسیا هەیە تا دانوستانەکانی هەڵگرتنی گەمارۆکان بگاتە بەرهەم.
ناوبراو لە درێژەدا وتی: یەکێک لەو وڵاتانەی کە دەزانێت پێگەی ئێران ستراتیژییە و ڕۆڵی لە ناوچەکەدا هەیە و وڵاتێکی دەستڕۆیشتووە، ڕووسیایە. ئێستا سەقامگیری زیاتر لە وڵاتێک بەندە بە ڕۆڵی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، لە سوریا، عێراق، لوبنان، یەمەن و چەند وڵاتێکی دیکە. هەر بۆیە ئەم پەیوەندییانە یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئەوەی پێکەوە کار لە سەر دۆسیە هاوبەشەکاندا بکەن. دۆسیەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە سوریا یەک لەو بوارە هاوبەشانەی نێوان ئێران و ڕووسیایە، هێشتا تیرۆر کۆتایی نەهاتووە و لە عێراقیش خەریکە دیسانەوە سەر هەڵدەداتەوە. هەر بۆیە دەتوانین بڵێین کە هاوکاری سەربازی و هەواڵگری و سیاسی لە نێوان مۆسکۆ و تاران بەشێکی ستراتیژیی نێوان هەر دوو لایە بۆ ئێستا و داهاتوو و سەردانەکەی ڕەئیسی ڕۆڵی دەبێت لە سەر لە نوێ داڕشتنەوەی ئەم ستراتیژە.
عەدالەت عەبدوڵڵا وتی: سوریا یەک لەو وڵاتانەیە کە بە لای تاران و مۆسکۆوە بایەخێکی ستراتیژیی هەیە، کەم ناوەند و لایەنێکی نێودەوڵەتیش هەبوو چاوەڕوانی کەمترین خۆڕاگریی لە حکومەتی سوریا بکردایە، بە تایبەت لە بەرامبەر ئەو هەموو گرووپە تیرۆریستییەی کە لە سوریا سەریان هەڵدابوو، داعش و ئەو گرووپانەی کە لە لایەن تورکیا و وڵاتانی کەنداوی فارسەوە پاڵپشتی دەکران، ئەو خۆڕاگرییەی سوریا بە بێ ڕێکەوتنی نێوان ئێران و ڕووسیا نەدەکرا، هەر بۆیە ئاسایشی سوریا بە بابەتێکی هاوبەش و گرنگ بۆ ئەم دوو وڵاتە دادەنرێت.
ئەو چاودێرە سیاسییەی هەرێمی کوردستان لە کۆتاییدا وتی: ئەگەر سرنج بدەین دەبینین کە سوریا لە قۆناغێکی جیاوازدایە و پەیوەندییەکانی لە گەڵ وڵاتانی دیکەی ناوچەکە بەرەو ئاساییبوونەوە دەڕوات، هەروەها هەندێک وڵاتی ناوچەی کەنداوی فارس و بە دیاریکراوی سعوودیە دەیانەوێت پەیوەندییەکانیان لە گەڵ ئێران ئاسایی بکەنەوە و ئەوەش حاڵەتێکی چاوەڕوانکراوە و سورییەکانیش دەیانەوێت پەیوەندییەکانیان ئاسایی بکەنەوە و بۆ ئەمەش پێویستیان بە پاڵپشتی تاران و مۆسکۆ هەیە، ئەگەرچی ڕۆڵی سوریا لە داهاتوو بەندە بە چۆنەیتی چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکان و داهاتووی ڕۆڵ و دەستڕۆیشتوویی تورکیا لە ناوچەکە.
وتووێژ: سەردەشت محەممەد