بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بەم پەیوەندییانەی نێوان پارتی دیمۆکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان سەبارەت بە پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق، دیار نییە کە لە ئاکامدا کێ ئەو پۆستە وەردەگرێت. ئایا یەکێتی واز لە بەرهەم ساڵح دێنێت و لەتیف ڕەشید وەک کاندیدی هاوبەش پاڵپشتی دەکات، یان پارتی بە پشت بەستن بە ڕێکەوتنەکەی لە گەڵ سەدر و حەلبوسی هۆشیار زێباری دەنێرێتە کۆشکی سەلام.
بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری ئێستای عێراق خۆیی کاندید کردووەتەوە، هۆشیار زێباری کە سەردەمێک وەزیری دەرەوە و دارایی عێراق بووە وەک کاندیدی پارتی ناوی خۆیی تۆمار کردووە، لەتیف ڕەشید یەکێکی دیکە لە کاندیدەکانە کە ئەگەری ئەوە لە ئارادایە دوا جار و بە بەردەوامی ناکۆکییەکان لە سەر بەرهەم ساڵح، ببێتە کاندیدی هاوبەسی پارتی و یەکێتی. دادوەرەکەی دادگاییکردنی سەدامیش کاندیدە، ڕزگار ئەمین دەڵێن لە پارتی دیمۆکراتی کوردستانەوە نزیکە.
ئێحسان شمەری بەڕێوەبەری ناوەندی هزری سیاسی لە بەغدا بە سکای نیوزی ڕاگەیاندووە کە کورد لە هەر کاتێکی دیکە زیاتر لە پەرتەوازەیی لە بەغدا زیان دەبینێت.
ناوبراو وتی: یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئامادە نییە دەستبەرداری پۆستەکە بێت و وەک هێمایەک بۆ خەباتی سیاسیی مام جەلالی دەزانێت و لە لایەکی دیکەوە کێشی سیاسیی یەکێتی لە عێراق بەندە بەم پۆستەوە.
شمەری وتی: ئەگەر پارتی دیمۆکراتی کوردستان پۆستەکە وەربگرێت بە دڵنیاییەوە زیانی بۆ خۆی و هەرێمی کوردستان دەبێت.
وتیشی کە لەم حاڵەتدا ئاڵۆزییە سیاسییەکان لە هەرێم زیاتر دەبێت و پێداچوونەوە بە پۆستەکانی هەرێم و بەغدا وەک پشکی کورد دەکرێت، لە ئاکامدا دەبێت هەر دوو لە سەر یەک کاندید بگەنە ڕێکەوتن، لە بەر ئەوەی کە لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستانە.
لە لایەکی دیکەوە، شرۆڤەکارانی سیاسی ئەم هەڵوێستەی پارتی دیمۆکراتی کوردستان بۆ وەرگرتنی ئیمتیاز لە یەکێتی نیشتمانی دەزانن و پێیان وایە کە ڕەنگە پارتی چاوی لە سەر پۆستی پارێزگاری کەرکوک بێت، ئەو شارەی کە یەکێتی زۆر بە گرنگییەوە لێی دەڕوانێت و پێی باش نییە پێگەی خۆی لە دەست بدات./.