بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەمین باقری قایمقامی قەزای ڕیگان ی پارێزگای کرمان وتی کە ئاو، کارەبا و تەلەفوونی ناوچە کوێستانییەکانی ئەم قەزایە پچڕاوە و هیچ پەیوەندییەکانمان بەم ناوچانەوە لە ئێستادا نەماوە.
ناوبراو وتی کە هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی چارەنووسی چەند کەسێکی ونبوو بە هۆی لافاوەوە بەردەوامە و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەوان دەست نەکەوتووە.
وتیشی کە 6 کەس لە هێزەکانی فریاگوزاری ڕێگاوبان و فەرمانگەی کارەبا لە گەڵ منداڵێک چارەنووسیان نادیارە.
باقری وتی کە بە سەدان ئاژەڵی گوندنشینەکانیش بە هۆی لافاوەوە لەناوچوون.
ناوبراو وتی کە بەردەوامی بارینی باران وایکردووە کە هاوکاریکردن لە ڕێگای ئاسمانەوە تووشی کێشە بێت.
قەزای ڕیگان کەوتووەتە 285 کیلۆمەتریی ڕۆژهەڵاتی ناوەندی پارێزگای کرمان ی ئێران./.