بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕۆژنامەی الاخبار ی لوبنان ئەمڕۆ سێ شەممە 18 ی کانوونی دووەمی 2022 ڕایگەیاند کە ئەمریکا داوای دانوستانی لە حیزبوڵڵا کردووە.
ڕۆژنامەکە ڕایگەیاندووە کە هەندێک لایەن بە نوێنەرایەتی ئەمریکا لەم ماوەیەدا پەیامی ئەو وڵاتەیان گەیاندووەتە حیزبوڵڵا و لە یەکێک لەو پەیامانەدا داوای دانوستان لە حیزبوڵڵا کراوە.
الاخبار بە بێ بڵاوکردنەوەی وردەکاری زیاتر، ڕایگەیاندووە کە حیزبوڵڵا نێوەندگێڕەکانی ئاگادار کردووەتەوە کە هیچ پەیوەندییەکی بە ئەمریکییەکانەوە نابێت.
هاوکات حوسێن مورتەزا پەیامنێری لوبنانی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاند کە سەید هاشم سەفیەدین سەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکاری حیزبوڵڵا باسی ئەوەیکردووە کە ئەمریکییەکان هەوڵیان داوە پەیوەندییان بە سەرکردایەتی حیزبوڵڵاوە هەبێت.
ئەو بەرپرسەی حیزبوڵڵا ڕایگەیاندووە کە داواکەی ئەمریکا دەستبەجێ ڕەتکراوەتەوە.
حکومەتی ئەمریکا هیچ کاردانەوەیەکی بۆ ڕەتکردنەوە یان پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە تا ئێستا نەبووە./.