جام کوردی – ڕێبازی ئەدەبیی مەولەوی و نالی و بۆتیقایەکی جیاواز کە نووسینی عادڵ محەمەدپوور لە سێ بەشی سەرەکی پێکهاتووە و هەرکامیش چەند بەشی تر دەگرێتە خۆی. لە بەشی یەکەمدا هەوڵ درا لەسەر گرینگی فەلسەفەی گۆڕانکاریی ڕەوتە شیعرییەکان و نواندنی جیاوازییەکان بدوێین و بە خوێندنەوەی سەردەمی بەراوردکارییان بۆ بکرێت. بەشی دووهەم کە لە درێژەدا هاتووە، دوو ڕێبازی شیعری کوردی خراونەتە بەر باس و شەن و کەو کردن.
نالی(١٧٩٧ـ١٨٧٧ ز)
٢-٢- نالی(١٧٩٧ـ١٨٧٧ ز)؛ ئەندازیاری زمان و شیعری کرمانجیی ناوەڕاست و قۆناغێکی هەستیاری سیاسی- ڕۆشنبیریی کورد
کە باسی شیعری کلاسیکی کوردی دەکرێت بێ سێ و دوو یەک لەو شاعیرانە بە زەیندا تێدەپەڕێت، نالی و شیعری نالی لە بەر چاودا خۆ دەنوێنێ. هۆی ئەم ڕاستییە بێگومان دەگەڕێتەوە بۆ سەر ئەو تایبەتمەندییە دەگمەنانەی کە هەر شیعری نالی خاوەنیانە و لە هەمان کاتدا بە جوانکارترین شێوەی گونجاو لە دەقە شیعرییەکانیدا ڕەنگ دەداتەوە (یعقوبی، ١٣٩٠: ٣٠). نالی شاعیرێکی نوخبە، کاریزما و «گەورەی کوردە و بە درووستکەر، بناغەدارێژ و داهێنەری قوتابخانەی شیعری کرمانجیی ناوەڕاست ناوزەد کراوە»(عەبدۆڵڵا خدر مەولوود، ٢٠٠٧ : ١٩). «جێ دەستی ئەو شاعیرە بە سەر پانتاییەکی گەورەی شیعری کوردی و قۆناغی خۆیدا بە ڕوونی دیارە، یان بە واتایەکی تر ڕەنگرێژ و بونیاتنەری ڕێبازی کلاسیزم بوو لە شیعریی کوردیدا» (ڕەئوف عوسمان، ١٣٩١: ١٣٨). زۆربەی شاعیرانی کلاسیکی سەر بە قوتابخانەی سێ کوچکەی بابان لەو بلیمەتە کاریگەرییان وەرگرتوە و بەم لەونە شیعری کلاسیکی سۆرانی بووە خاوەن ناسنامەی شیعریی خۆی. ئەمە بەشێک لەو شاعیرە ناسراوانەن کە لە سەردەمی نالی یان پاش نالی خاوەن بەرزە دیوان بوون: سالم(١٨٠٠ـ١٨٦٦)، کوردی(١٨٠٩ـ١٨٤٩)، مەحوی(١٨٣٠-١٩٠٤)، حەریق(١٨٥١-١٩٠٧)، ئەدەب(١٨٥٩-١٩١٢)، حەمدی ساحێب قەران(١٨٧٦-١٩٣٦)، حاجی قادری کۆیی(١٨١٦-١٨٩٨)، ناری(١٨٧٤-١٩٤٤)، زیوەر(١٨٧٥-١٩٤٨)، پێرەمێرد(١٨٦٨-١٩٥٠)، ئەحمەد موختاری جاف(١٨٩٨-١٩٣٥)، شێخ رەزا(١٨٣٥-١٩٠٩)، فایق بێکەس(١٩٠٥-١٩٤٨) و دەیان شاعیری تر.
بۆ ئەوەی باسەکە تاپۆکراو ئاراستە بکەین، سەرەتا چەند پرسێک دەورووژێنین:
الف) قوتابخانەی شیعریی نالی لە چە هەلومەرجێکدا سەری هەڵداوە و چۆن بوو بە ئاخێزگەی درەوشانەوەی بەشێک لە جوغرافیای زمان و شیعری کلاسیکی کوردی و کاریگەرییەکانی لەسەر شیعری کرمانجیی ناوەڕاست چی بوون؟
ب) لە شیعری هەورامیدا، ئەو نەمامەی لە هورموزگانەوە سەری هەڵدابووو لە مەولەویدا گەیشتە لووتکە، ئایا پاش مەولەوی لە بەخشەندەیی دەکەوێت یان دەپووکێتەوە؟
ج) بۆ کۆرپەلەی نوێخوازی شیعری کوردی کرمانجیی ناوەڕاست و شۆڕشە مووسیقاییەکەی عەبدۆڵڵا گۆران، باوکی شیعری نوێی کوردی، لە سینگی شێوازە ئەدەبیەکەی نالی- پاش نالی گۆچ نەکرا؟
د)لە هەمان کاتدا، ئەی بۆ فەلسەفەی نوێخوازیی گۆران لە جەرگەی قوتابخانەی شیعری هەورامیدا، ڕسکا و پاشان تێئۆریزە و فراژوێ بوو؟ لە درێژەی ئەم وتارەدا هەوڵ دەدەم، بەو پرسانە وەڵام بدەمەوە:
هەندێ بەڵگەی مێژوویی- ئەدەبی وادێنە گۆ کە بزووتنەوەی نالی و ڕەوتی شیعری کرمانجیی ناوەڕاست هەڵقوڵاوی سەردەمێکی هەستیاری سیاسی- ئەدەبیی بۆ ڕەواندنەوەی دەسەڵاتی مێرنشینی ئەردەڵان و ململانێ لەگەڵ شاعیرانی هەورامی بووە. پێش نالی زەمینەیەکی دەسەڵاتی سیاسی و نویساری، زاڵ نەبووە تەنیا دیاردەیەکی فەرهەنگی و کەلەپوورێکی دەمبێژیی ناوچەیی دەوری هەبووە. بەم بۆنەوە ناتوانین بڵێین شیعری کوردیی سۆرانی لەم سەروبەندەدا، وەک ڕەوتێکی بناغەدار و خاوەن ڕێباز، خۆی نواندبێت، ئەگەریچ هەبووە مەحاڵی7و زارەکی بووە و دەقێکی نووسراو نەبیندراوە کە لەم بارەوە بەرچاو و بەڵگەئامێز و باوەڕپێکراو بێت. وەک لە سەرچاوەکاندا ئاماژەی پێکراوە کە «قوتابخانەی نالی کە لە نیوەی یەکەمی سەدەی نۆزدەهەم لە سلێمانی پەیدا بوو، ئەدەبێکی بەرزی گۆرانزەمین یا هەورامی لە ناوەوە بوو، ئەم بزووتنەوە تازەیە دەستی بەوە کردبوو، جێگە بە ئەدەبی تەمەن هەزارساڵەی گۆرانزەمین لەق بکات. بەم جۆرە، شێوەی کرمانجیی ناوەڕاست وەکوو زمانێکی رەسمی مێرنشینی سلێمانی پەیدا بوو و بەرەبەرە جێی بە شێوەی گۆران/هەورامی تەنگ دەکرد و بەم ڕەنگە لە سەر حسێبیلاواز بوون و نەمانی دیالێکتی گۆران بوو» (خەزنەدار، ٢٠٠٣: ٦). نالیش لە ناو شارێکی تازە پایتەختی وەک سلێمانی و ناوەندی دەسەڵاتی باباندا دەژیا، کە لەو کاتەدا هەر نزیکەی (٤٠ ـ ٥٠) ساڵێک دەبوو دروست کرابوو، «دەبوو نالی بە گیانی تازە و شارستانییانەی ئەم پایتەختە تازەیەوە، کە لە دیدی نالییەوە تاقانە مێرنشینێکی قەومی داهاتووی نالی بوو، ئەدەب و فەرهەنگێکی تازەش لە گەڵ خۆیدا پێشکەش سەردەمەکەی بکات» (محەمەد حمە باقی، ١٣٩١: ١٣٨). شێخ ڕەزای تاڵەبانی لە قەسیدە بەناوبانگەکەیدا ئیشارە بەو پایتەختە تازە دەکات و دەڵێت:
لە بیرم دێ سولەیمانی کە دارالملکی بابان بوو
نە مەحکوومی عەجەم، نە سوخرە کێشی ئالی عوسمان بوو
(خەزنەدار، ٢٠٠٣ : ١٣)
نالی لە ڕوانگەی هەڵسەنگاندنی بێ سنووری دیالێکتی ناوچەکەی خۆیەوە، پێی وابوو توانای تەقاندنەوەی زۆری لە هەناوی خۆیدا هەڵگرتووە (محەمەد حمە باقی، ١٣٩١: ١٣٥- ١٣٦). بۆ بەکردەکردنی ئەم تێزە هزریە، پشت بە هۆنەی شانازینامە(مفاخرە) دەبەستێ کە دڵنیا بوو توانای تەقاندنەوە و –هێژمونێتی زۆری لە هەناوی خۆیدا هەڵگرتووە ولە لایەکی ترەوە دەرکیشی بە هەبوونی دەسەڵاتی مێرنشینی ئەردەڵان و شاعیرانی هەورامی کردبوو و لە هەوڵێکی فەرهەنگی و زمانیدا بوو بۆ ئەوەی کە ئەو دەسەڵاتە سیاسی- ئەدەبییە کە لە مێژە سەقامگرتنی بە خۆیەوە بینی بوو، لە ئەردەڵان و گۆران بسێنێتەوە و هەم وێنای هێژمونیی سیاسی و دەسەڵاتدارییەتی بە بابانەکان ببەخشێ و هەمیش دیالێکتی سۆرانی ناوچەی سلێمانی ببوژێنێتەوە و بازنەی جوغرافیاکەی بەربڵاوتر بکات، بۆیە بە ئاگایی و شارەزاییەوە، وەک شاعیر و بکەرێکی وریا و زیرەک8، زانیویە لەم نێوەندەدا، چۆن کایە زمانی و نیشانە ئەدەبییەکان بۆ ئامانجەکانی بەکار بهێنێت و بیانقۆسێتەوە. لەم بەیتەدا:
کەس بە ئەلفازم نەڵێ خۆ کوردییە، خۆکردییە
هەر کەسێ نادان نەبێ خۆی تالیبی مەعنا دەکا
(نالی، ١٣٦٣: ١٠٧)
لە تێهزرینی نووسەری ئەم دێڕانەدا، یەک لە تەئویل و کردنەوەی ڕەمزی ئەدەبیی ئەم بەیتە ئەوەیە: نالی هۆشیارانە لەفزی جێناسی لێکدراوی «خۆ کوردی، خۆکردی»ی بەکار هێناوە. دیوی خۆکردی نیشانەیەک بۆ وێنای بەرجەستەکردن، هەڵاوێردن و بەدەسەڵات کردن لە ڕوانگەی داهێنانەی هونەری -زمانی خۆیەوە و دیوی(خۆ کوردی)یش نواندن و ئانالیزکردنی باقیشێوەکان لە زمانی کوردیدا، کە جۆرە نرخاندن و جەختاندنێکی شاعیرانەیە بۆ دابین کردنی مەبەستی خوازراو و بەهێژمونی کردنی دەسەڵاتە هونەرییەکەی.
لە پێناو درەوشانەوەی بزووتنەوەوکەیدا، لە ماوەیەکی زۆر کورت و چاوەڕوان نەکراودا، توانی سنوور و جوگرافیای دیالێکتەکەی بەخێرایی بەرفراوانتر بکات و وەک ئاگر و پووشوو، بە ناوچەکانی گەرمیان و کوێستان و موکریان و ئەردەڵاندا بتەنێتەوە کە ئەم کارە، لە هەمان کاتیشدا و بە تێپەڕینی رۆژگار، بووە مایەی تەنگ پێهەڵچنین دیالێکتی گۆران، کە ڕاستەوخۆ، سنووری لە گەڵ سنووری ئەم دیالێکتە تازە و گورجەدا تێکەڵ و هاوبەش بوون(محەمەد حمە باقی، ١٣٩١: ٢٣٦). لە شیعرێکی فەخرئامێزدا بە زمانی ئیهام و توانج ئاماژە دەدات بە نمانای ئەم دەسەڵاتەزمانی-ئەدەبییە و دەڵێ ئەمڕۆ دیوانی حوکمڕانیم هەیە و حوکمی ئەم سێ وڵاتەی لێوە ئەکەم:
فارس و کورد و عەرەب هەر سێم بە دەفتەر گرتووە
نالی ئەمڕۆ حاکمی سێ موڵکە دیوانی هەیە
(نالی، ١٣٦٣: ٥٧٧)
پێشتر نالی ئەم کۆسپەی لە ناواخنی ئەدەبەکەیدا دەرک کردبوو کە بە پێچەوانەی تێکڕای شاعیرانی پێشینەی نیشتمانەکەی خۆی و شاعیرانی نەتەوە درواسێکانیەوە، کە هەموویان لەبەر کڵاوڕۆژنەی گەنجینە و خەرمانی بەبڕشت و دەوڵەمەندی پێشینەی خۆیانەوە پێگەیشتوون و درەوشاونەتەوە، بەڵام نالی و قوتابخانەی شیعری کلاسیکی کرمانجیی ناوەڕاست، بە تەنیا و بەبێ پشتیوانی گەنجینەیەکی دەوڵەمەند و بەبێ دووبارەکردنەوەی تاقیکردنەوەی شیعری پێش خۆی، بەڵکوو لەناو فەرهەنگێکی هەژار و زمانێکی دیالێکتدا، سەری هەڵداوە و درەوشاوەتەوە(محەمەد حمە باقی، ١٣٩١: ٢٣٦.)
لە هەمان کات و سەردەمدا شیعری هەورامی دوخێکی تری هەبووە، حوزوورێکی جەوهەریی سەقامگرتوو و درێژخایەن و نەپساو. تێکستی شیعری گۆران کۆنترین تێکستە لە ئەدەبی کوردیدا، یا خود بە واتایەکی تر دەتوانین بڵێین سەرەتای مێژووی ئەدەبی کوردی بە شیعری گۆران دەستی پێ کردووە . هەندێ لە دیالێکتەکان، وەک دیالێکتی کرمانجیی ژووروو، چەند سەدەیەک دەبوو لە دوای درەوشانەوەکانی مەلای جزیری و ئەحمەدی خانییەوە، ئیتر پردی پێوەندی و داهێنان و بەخشینی لەگەڵ خوێنەراندا پساندبوو. لەبەر ئەوە تەنیا دیالێکتێکی بەردەوام و زیندوو، کە نزیکەی (شەش سەدە) دەبوو، ئەدەبی پێ دەنووسرا، بە تەنیا هەر دیالێکتی گۆران بوو، کە ئەم دیالێکتەش لە سەردەمی نالیدا، لە جوغرافیایەکی یەکجار بەربڵاوی ناوچەکانی کرماشان و ئەردەڵان و موکریان و شارەزوور و کەرکووکدا، لە لووتکە و درەوشانەوە و داهێنان و بەخشیندا بوو (محەمەد حمە باقی، 1391: 235. )
٢- ٣- زمانی ناجێدیی شیعر و ململانێی بەرچاو
لە لایەن شاعیرانی ڕێبازی سێ کوچکەی بابانەوە، چەکی شیعری تەوساوی و درکەئامێز، میکانیزمێکی بەهێز بووە بۆ ململانێی سیاسی-ئەدەبی لەگەڵ دەسەڵاتی ئەردەڵان و شاعیرانی هەورامیدا. نالی شاعیری گەورە، لەژێر کاریگەریی ئەم هەوڵانە و قووڵکردنەوەی دژخوازیی سیاسی و ئەدەبی و خەست کردنەوەی دۆزەکان، قەسیدەیەکی خەونامەی بۆ مەستوورەی ئەردەڵانی(1264-1220 ک.م) نووسیوە و بە زمانی چزداری لاقرتێ، لۆمە و تەشەرەوە، مەبەستەکانی خۆی بۆ ڕەخنە و لاوازاندنی کەسایەتیی تاکی ئەو شاعیرە دەربڕیوە. ئەمە لە لایەکەوە لەو مێرنشینەدا بەڵگەیەکە بۆ کەسییەتی بەرز و بەدیاری مەستوورە ولە لایەکی دیکەشەوە خەست کردنەوەیوێنای ململانێی سیاسی و ئەدەبییە لەگەڵ بنەماڵەی ئەردەڵان و سەرجەم قوتابخانەی هەورامی:
مەستوورە کە حەسناو و ئەدیبە بە حیسابێ
هاتە خەوم ئەمشەو بە چ نازێک و عیتابێ
(نالی، ١٣٦٣: ٦٠٣)
سالم شاعیری گەورەی سەردەمی بابانەکانیش (١٨٠٠ـ١٨٦٦ ز)، کاتێک عەبدوڵڵا پاشای بابان لە قوستەنتەنییەوە دەگەڕێتەوە بۆ عێراق، بۆ پیرۆزبایی، قەسیدەیەکی ستایشی (٤٢) دێڕی بە مەتلەعی (تیروەش دەی مە گوزەشت و عەهدی نەیسان هاتەوە)؛ لە وەسفیدا نووسیوە و لە بەیتێکی تەوساویشدا، دیاردەی ململانێی، ئاوا خستووەتە ڕوو:
کەڕ و فەڕ با کەم بکا والی بە فەوجی چێش کەروو
پووشتبەندی لەشکری وەندات و جافان هاتەوە
(سالم، ٢٠١٥: ٨٤٠)
باری واتاناسی و تاوتوێی نیشانەکانی ئەم بەیتە وا پیشان دەدات کە والی، حاکمی ئەردەڵانە و چێشکەرووش شاعیرانی هەورامین و لەشکری وەندات و جافانیش دەرباری بابان و سەرجەم ئەو رێچکە ئەدەبییە دەگرێتەوە. سالمی شاعیر لەم بەیتەدا لە ئاوابوونی دەسەڵاتی ئەردەڵان و کزبوونی شێوەی هەورامی دەدوێ و بە لەحنێکی پاڵەوانی9، موژدەی هاتنەوەی هێمای لەشکری ئەمارەتی بابان و بریسکانەوەی شاعیرانی ئەو دەسەڵاتە دەدات. ئەمە لە نەریتی ئەدەبی و چەشنە ئەدەبییەکاندا (مفاخرە، شانازی کردن بە شیعری خۆ) پێ دەڵێن کە لە ئەدەبی گەلانی تریشدا زۆر باو بووە. لەم ڕووکردەدا شاعیر بە لەحنی ئەدەبی و بەکاربردنی دەستەواژەی فەخرئامێز، لە مەبەستەکە زیدەڕۆیی دەکات و خۆی بەرز و سەرکەوتوو و ئەویدی نەوی و شکست خواردوو پیشان دەدات . ئەم چەشنە ئەدەبییە سەرەتا لە شیعری عەرەبدا سەری هەڵداوە و لە ئەدەبی فارسی لە لایەن خاقانی و نێزامی، شاعیرانی سەدەی شەشەمی کۆچیی مانگی، پەرەی پێدراوە و ئەمجار لە شیعری کوردیشدا کاریگەریی داناوە و لە دیوانی نالی و باقی شاعیرانی هاومەبەست لە شیعری کلاسیکی کرمانجیی ناوەڕاستدا ئەم چەشنە ئەدەبییە بە خەستی بەرچاو و بەدیارە.
شیعر و نەریتی ئەدەبیی گۆران لەو دەمەیدا خاوەن دیاردەیەکی ئەدەبی و ڕۆشنبیری چەسپاو بووە و سالمیش لە پێناو ململانێی ئەدەبیدا، بە تەوسە زمان وشەی فەوجی بۆ بەکارهێناون، فەوجیش توخمێکی سەربازی و بەشێکە لە هێزی سوپا، کە واتە مەبەستەکەی ئەم دوو بژاردە بووە: یەکەم ئەوان بەشێکن لە هێزی سەربازی دەسەڵات سەر بە کاسێتی ئەردەڵان و قاجارەکان نەک شاعیر!، دووهەم سووک نیشاندان و بێ بایی کردنیان کە با ئیتر والی کەمتر شانازییان پێوە بکات. بە بۆچوونی نووسەری ئەم دێڕانە، بەکاربردنی ئەم نیشانەگەلە کەڕ و فەڕ، والی، فەوج، لەشکری وەندات و جافان کە توخمگەلێکن بۆ سۆپا و هێزی سەربازی بەکار دەبرێن، شاعیر ویستوویە بەرجەستەیان بکاتەوە و پێوەندییان بدات بە دەسەڵاتەوە و شان و شکۆ و هەیمەنەی ئەدەب و شیعری هەورامیی ئەو دەمە دابەزێنێ و بە شکست خواردوو لە قەڵمیان بدات و لە بەرامبەریشدا زایەڵەی شیعری سۆرانی بەرز بنوێنێ و دەسەڵاتی فەرمانڕەوایی بۆ بابانەکان بچەسپێنێ. ئەمە لە کاتێکدایە کە ئاوا هەڵوێستێکی تەوس ئامێزلە قوتابخانەی شاعیرانی هەورامی بەرامبەر بە شاعیرانی بابان و دەسەڵاتدارانی ئەو مێرنشینە شک نابەین. لەم سووچەنیگاوە، ڕەنگە ئەم گوزارە لە سەقامگرتوویی ئەم ڕەوتە، متمانە بە خۆ و تەنیا بە داهێنانی نابی ئەدەبی(شیعر بۆ شیعر) و لە هەمووی گرنگتر پارێز لە هەر چەشنە دووبەرەکی سەرچاوە بگرێت.
کۆتایی بەشی دووهەم
درێژەی هەیە