بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەرچاوەیەکی نزیک لە نووسینگەی موقتەدا سەدر سەرۆکی ڕەوتی سەدر بە ئاماژە بەوەی کە لایەنە براوەکانی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە کابینەی نوێی ئەم وڵاتەدا بەشداری دەکەن، وتی: وەزیرانی کابینەی نوێ بە پێچەوانەی کابینەی پێشوو کە کەسایەتی سەربەخۆ و تەکنۆکرات بوون، ئەمجارە لە نێو کەسایەتییە ناسراوە حیزبی و سیاسییەکان هەڵدەبژێرێن.
ئەو سەرچاوە ڕایگەیاندووە کە بە پێی ڕێکەوتنێکی سیاسی، پۆست و پشکی هەر حیزب و لایەن لە کابینەی نوێی عێراق بە پێی ئەو ژمارە کورسییانە دەبێت کە لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی 10 ی تشرینی یەکەمی 2021 بە دەستی هێناوە.
بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، پێشبینی دەکرێت کاندیدی ڕەوتی سەدر بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی عێراق ڕابسپێرێت و کابینەکەشی 21 وەزارەت لە خۆ دەگرێت کە بە سەر سێ گرووپدا دابەش دەکرێن.
وتیشی کە گرووپی یەکەم چوار وەزارەتی گرنگی دەرەوە، دارایی، نەوت و کارەبا لە خۆ دەگرێت، گرووپی دووەم 8 وەزارەتی مامناوەندی وەک ناوخۆ، بەرگری، پلاندانان، تەندرووستی، بازرگانی، داد، پەروەردە و خوێندنی باڵایە.
سەرچاوەکە لە شرۆڤەی گرووپی سێهەمی وەزارەتەکانی کابینەی عێراق ڕایگەیاندووە کە 9 وەزارەتی خزمەتگوزارە، وەک، پیشەسازی و کانزاکان، پەیوەندییەکان، کشتووکاڵ، سەرچاوە ئاوییەکان، ژینگە، ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبوون، گواستنەوە، مافی مرۆڤ و کاروباری حکومەت./.