بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئیسماعیل شەعبانۆف لە وتووێژێک لە گەڵ ئاژانسی فەرمی ئێران بە ئاماژە بە کۆبوونەوە و وتووێژی تەلەفوونیی نێوان سەرۆک کۆمارانی ئێران و ڕووسیا لە چەند مانگی ڕابردوو، ڕایگەیاند کە ئەو وتووێژانە جوڵەی بەرچاوی بە پەیوەندی و هاوکاریی نێوان هەر دوو وڵات داوە.
ناوبراو کۆماری ئیسلامی ئێرانی بە وڵاتێکی گرنگ و بەتوانای ناوچەکە ناو برد و وتی کە ئەم پێگە و هێزەی ئێران، گرنگی پەیوەندییەکانی بۆ ڕووسیا زیاتر کردووە و بەم هۆیەوە ئامادەکاری بۆ سەردانەکەی سەید ئیبراهیم ڕەئیسی بۆ مۆسکۆ دەکرێت کە سەردانەکە بەرهەمی بۆ بەرژەوەندییەکانی هەر دوو وڵات هەبێت.
شەعبانۆف وتی کە سەردانەکەی ڕەئیسی بۆ مۆسکۆ لە سەر ئاستی جیهان چاوی لە سەرە و میدیاکانی ڕووسیا و وڵاتانی دەرەوە خۆیان بۆ ئەو ڕووداوە گرنگە ئامادە دەکەن.
ئەو بەرپرسەی ڕووسیا وتی کە لە کۆبوونەوەی نێوان ڕەئیسی و پوتین، دۆخی ئێستا و ئاسۆی بەردەم پەیوەندییەکانی نێوان هەر دوو وڵات لە بواری ئابوری و بازرگانی، زانست و تەکنۆلۆژیا و …. تاوتوێ دەکرێت.
وتیشی کە چاوەڕوان دەکرێت سەرۆک کۆمارانی ئێران و ڕووسیا گرنگی بە جێبەجێکردنی پرۆژە گەورەکانی هەر دوو وڵات لە بواری وزەی ئاشتیخوازانەی ناوەکی، نەوت و گاز، گواستنەوە و هاوکاری لە بواری بەرگری بدەن.
ئەندامی ئەنجومەنی پەیوەندیی نێوان پێکهاتەکانی ڕووسیا وتی کە بە دڵنیاییەوە لەو سەردانەدا لە بواری بەرگری ڕێکەوتنی باش لە نێوان هەر دوو وڵات دەکرێت.
ناوبراو وتی کە بەدەر لە وتووێژی تایبەت بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و هاوکارییەکان، هەر دوو سەرۆک کۆمار سەبارەت بە هاوکارییە ناوچەییەکان بە تایبەت لە چوارچێوەی ڕێکخراوی شانگهای بیر و ڕا ئاڵوگۆڕ دەکەن.
شەعبانۆف وتی کە وتووێژ سەبارەت بە دوایین دۆخی ناوچەکە بە تایبەت بەرەنگاربوونەوەی هاوبەشی تیرۆر لە تەوەرەکانی دیکەی کۆبوونەوەکەی ڕەئیسی و پوتین دەبێت.
ناوبراو وتی: دڵنیاین کە سەردانە گرنگەکەی سەرۆک کۆماری ئێران بۆ ڕووسیا دەگاتە پتەوکردنی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوانیان و بەهێزبوونی دۆستایەتی و دراوسێبوونی ئەم دوو وڵاتە گرنگە./.