بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عەلی ئەسغەر شاڵبافیان لە کۆبوونەوەیەک لە گەڵ ڕاوێژکارانی بازرگانیی ئێران لە عێراق، وتی: گەشتیارانی عێراقی دەبێت لە کاتی گەیشتنیان بۆ سنوری وشکانی یان فڕۆکەخانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران تا کاتی کۆتایی گەشتەکەیان لە هەمان خاڵی سنوری، گەشتێکی ڕێکخراوەییان بە سەرجەم خزمەتگوزارییە گەشتیارییەکانەوە و بە پێی دوایین ستانداردەکان هەبێت و ڕاوێژکارانی بازرگانیش دەبێت ڕۆڵی خۆیان لە پەرەپێدانی پەیوەندییە گەشتیارییەکانی نێوان هەر دوو وڵاتی ئێران و عێراق بگێڕن و ئاشنایەتی خەڵکی عێراق لە گەڵ دەفرایەتییە گەشتیارییەکانی ئێران لە ڕیزی کارە هەرە گرنگەکانیان بێت.
ناوبراو وتی: ئەم پلانە گەشتیارییە دەبێتە هۆی پەرەپێدانی کار و پیشە پەیوەندیدارەکان بۆ چالاکوانانی گەشتیاریی ئێران و عێراق و پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری شیاو و ستاندارد بە گەشتیاران و زیارەتکارانی عێراقی.
شاڵبافیان لە درێژەدا وتی: ئەوەی کە بۆ ئێمە گرنگە ئەوەیە کە گەشتیارانی عێراقی کە بە ئامانجەکانی پزیشکی، زیارەت، گەشتکردن و ….. ئێران وەک ئامانجی سەردانەکەیان هەڵدەبژێرن، بتوانن لە خزمەتگوزارییە فەرمییەکانی وڵاتی ئێمە وەک شوێنی مانەوەی موڵەتدار و ستاندارد، نووسینگەکانی خزمەتگوزاری گەشتیاری، ڕێنمایان و پسپۆڕانی گەشتیاری، ناوەندە تەندرووستی و پزیشکییەکان و هەروەها ئیمکانیاتی دیکە کەڵک وەربگرن.
جێگری وەزیری گەشتیاریی ئێران هەروەها وتی: ئەوەی کە لەم پرۆسەیەدا بۆ ئێمە گرنگە، هاوکاری ڕاوێژکارانی بازرگانی ئێرانە لە عێراق بۆ ناساندنی توانا و دەفرایەتییەکانی کەرتی گەشتیاری ئێران و بە کەلتوریکردنی سەردانیکردن و گەشتکردن بۆ ئێران تا هەوڵ بدرێت گەشتیاران و زیارەتکارانی عێراقی زانیاری و ئاگادارییان لە سەرجەم ئیمکانیات و خزمەتگوزارییە پێشبینیکراوەکانی ئێران هەبێت و بزانن کە ئەگەر لەو خاڵە سنورییە دیاریکراوەوە سەردانی ئێران بکەن دەتوانن سەرجەم ئەو خزمەتگوزارییانە وەربگرن.
وتیشی: دەبێت هەوڵ بدرێت گەشتیاران و زیارەتکارانی عێراقی لە ڕووی جوگرافییەوە لە ئێران دابەش بکرێن و ئەمەش ئامانجێکی گەشتیاری ئێمەیە لە بازاڕی عێراق. هەندێک کات گەشتیارانی عێراقی تەنیا چەند پارێزگایەکی ئێرانی دەناسن و ئاگاداری توانا و دەفرایەتییە گەشتیارییەکانی پارێزگاکانی دیکەی ئێران نین، هەر بۆیە ڕاوێژکارانی بازرگانی دەتوانن بە هاوکاری کەرتی تایبەت لە پێناو دابەشکردنی جوگرافیی گەشتیارانی عێراقی هەوڵی کاریگەریان هەبێت.
عەلی ئەسغەر شاڵبافیان هەروەها داوای لە ڕاوێژکارانی بازرگانیی ئێران لە عێراق کرد کە زانیاری پێویست لە بواری گەشتیاری و پەیوەندییە گەشتیارییەکانی ئێران و عێراق ڕادەستی کەرتی تایبەت بکەن تا باشترین بڕیار لە سەر پەیوەندییەکان و وەرگرتنی پشکی زیاتر لە بازاڕی گەشتیاریی عێراق دەربکرێت./.