بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، شێخ نەعیم قاسم جێگری ئەمینداری گشتی حیزبوڵڵای لوبنان لە شرۆڤەی دوایین گۆڕانکارییەکانی ئەم وڵاتە، وتی: دادوەر بەیتار بەرپرسی دۆسیەی تەقینەوەی بەندەری بەیروت و ئەوانەش پاڵپشتیی لێدەکەن، بەرپرسی ڕاستەوخۆی ئەم دۆخەی حکومەتی لوبنانن. ئەو دادوەرە زیانێکی گەورەی بە دەزگای داد گەیاندووە و دەزگای دادی لوبنان لە خەراپترین دۆخی خۆیدایە.
ناوبراو لە درێژەدا تێکچوونی دۆخی ئابوری و دارایی لوبنانی بۆ چەند هۆکارێک گەڕاندەوە، وەک، گەمارۆدانی لوبنان لە لایەن ئەمریکاوە، گەندەڵییەکی بەربڵاو لە ناوخۆی وڵات، سیاسەتە هەڵە ئابوری و داراییەکان لە ماوەی 30 ساڵی ڕابردوو و کارنامەی هەڵەی ڕیاز سەلامە سەرۆکی بانکی ناوەندی.
ئەم بەرپرسەی حیزبوڵڵا وتی: باشتربوونی دۆخی وڵات تەنیا لە ڕێگای چارەسەرکردنی ئەم کێشانەوە دەبێت و حیزبوڵڵا لەوەدا سەرکەوتوو بووە کە لە بەرامبەر گەمارۆکانی ئەمریکا خۆڕاگری بکات، ئێمە لە ڕێگای هێنانی سووتەمەنی ئێرانەوە شکستمان بەو گەمارۆیانە هێنا، ئەمریکا لەو دۆسیەدا شکستی هێنا، لە بەر ئەوەی کە دەزانێت بژاردەی دیکەمان هەیە کە دەتوانین بەکاری بێنین.
شێخ نەعیم قاسم وتی: بۆ هەمووان ڕوون بووەتەوە کە ئەمریکایە لوبنانی گەمارۆ داوە و ئەگەر ئێمە ڕوبەڕوی نەبینەوە و شێوازی درووست بەکار نەهێنین ئەمریکا دەتوانێت درێژە بەو پیلانەی بدات.
ناوبراو وتی: نابێت بڵێین کە ناتوانین کارێک بۆ چارەسەرکردنی ئەم دۆخە بکەین، سەرۆک وەزیران دەتوانێت لە ڕێگەی ڕاسپاردنی دەزگا ئەمنی و داراییەکانەوە کۆنتڕۆڵی بازاڕی دراو بکات.
نەعیم قاسم وتی: هەرچەندە دوژمنان پیلانگێڕی بکەن و ئێمە تۆمەتبار بکەن، حیزبوڵڵا بەردەوام وەک خۆڕاگرییەکی بەشەرەف دەمێنێتەوە کە پێشتر لوبنانی ئازاد کرد و ئەم دەسکەوتەش لە ڕابردوو و ئێستا و بۆ نەوەکانی داهاتوو تۆمار دەکرێت.
ناوبراو وتی: حیزبوڵڵا لایەنگرێکی زۆری لە ناوخۆی لوبنان هەیە و هەمووان دان بەوەدا دەنێن کە حیزبوڵڵا گەورەترین حیزبی سیاسی وڵاتە، ئەو پیلانگێرییانەش لە دژی خۆڕاگری هیچ سوودێکی نییە و من بە ئێوە دەڵێم کە سندۆقەکانی دەنگدان دەتوانێت چارەنووسی هەموو شتێک یەکلایی بکاتەوە./.