بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، تێڕوانینێک لە سەر گۆڕانکارییەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا پیشان دەدات کە حکومەتەکەی بایدن تووشی شکستی بەرچاو بووە، ئەوەش پێمان دەڵێت کە ئەمریکا چیدی هێزی یەکەم و هەژموونی بێ ڕکابەر لە جیهاندا نییە و دەبێت هەڵوێستەکانی لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی بە پێی ئەم پێگەی ئێستا دابڕێژێت. ئەم بابەتەش بەم دواییانە لە لایەن ” فرانسیس فوکویاما ” بیرمەندی ناسراوی ئەمریکی، کە سەردەمێک بیرۆکەی ” کۆتایی مێژوو ” و سەرکەوتنی ئایدۆلۆژیای لیبراڵیزمی بە سەر تەواو ئایدۆلۆژییەکانی جیهان هاوکات لە گەڵ ڕووخانی یەکێتی سۆڤییەت خستبووەڕوو، باس کراوە.
بایدن بە بەڵێن و درووشمی زیندووکردنەوەی دیپلۆماسی گەیشتە دەسەڵات، بەڵام بە کردەوە دەبینین کە حکومەتەکەی هێشتا لە پشت دیواری دوژمنایەتی نێوان ئەمریکا و دراوسێکانی ماوەتەوە و شەڕێکی ساردی دیسانەوە لە دژی ڕووسیا و چین دەستپێکردووە و گەمارۆ و سزا ئابورییەکانی لە دژی وڵاتانی وەک کوبا، ئێران، سوریا، ڤەنزولیا و دەیان وڵاتی دیکە لە جیهان هێشتووەتەوە و هێشتا بیری لە کەمکردنەوەی بودجە زەبەلەحە سەربازییەکەی وڵاتەکەی نەکردووەتەوە.
ئەگەرچی بەردەوام شکستەکانی سیاسەتی دەرەوەی بایدن بینراوە بەڵام بوونی سێ هۆکار ئەو شکستانەی ئاشکراتر کردووە. یەکەم، کشانەوەی بەپەلەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان کە بە شکستێکی ستراتیژی، سەرشۆڕی نیشتمانیی ئەمریکا و کارەساتێک بۆ خەڵکی ئەفغانستان دادەنرێت. هاوپەیوەند لە گەڵ ئەمەش فەرماندەی سنتکۆم ڕایگەیاندووە کە بە پێچەوانەی بەڵێنەکانی تاڵیبان، پاڵپشتی لە قاعیدە ڕەنگە کەمێک زیاتر بووبێت و دەبێت چاوەڕوانی سەرهەڵدانەوەی داعش لە ئەفغانستان بین.
بابەتی دووەم، لاوازبوونی بایدنە لە ڕێکەوتنی ناوەکی لە گەڵ ئێران و دانوستان لە گەڵ کۆریای باکور. سێهەم ئەوەی کە بە پێ پێویست هێزی ڕوبەڕوبونەوەی ڕکابەرە گەورەکانی وەک ڕووسیا و چینی نەبووە، ئەگەرچی بە ڕواڵەت هەندێک بابەتە دوژمنایەتی نێوان ئەم وڵاتانەی زیاتر کردووە. ئەوەی کە لە سەر ڕووسیا کراوە تەنیا ئەنجامەکەی زیاتربوونی گوشارەکانی سەر ئۆکرانیا بووە و سەبارەت بە چین بە هەمان شێوە بایدن ئامانجێکی ڕوونی نییە و تێگەیشتنێکی تەواوی لە هەڕەشەکانی پەکین نییە و یان هیوای بە هاوکارییەکانی نێوان هەر دوو وڵات هەیە کە لە هەر دوو حاڵەتدا خوازراوی ویلایەتە یەکگرتووەکان نییە.
درووشمی ” سیاسەتی دەرەوە بۆ چینی مامناوەند ” دەتوانین بە تەوەری گرنگی سیاسەتی دەرەوەی کۆشکی سپی ناو ببەین. ئەگەر بایدن نەتوانێت دەسکەوتی ئابوری و سیاسی پێویست بۆ پتەوکردنی پێگە کۆمەڵایەتییەکەی لە ڕێگای سیاسەتی دەرەووە بە دەست بێنێت، ڕەنگە تووشی کێشەی زیاتر ببێت./.