بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عەلی دەعموش ڕایگەیاند: شەڕێکی ئابوری و دارایی ناڕەوا لە لایەن هەر دوو حکومەتی ئەمریکا و سعوودیەوە لە دژی لوبنان ماوەیەکە دەستیپێکردووە کە تێیدا کەڵک لە سەرجەم ئامرازەکان بۆ گوشارخستنە سەر لوبنانییەکان وەرگیراوە تا لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی داهاتوودا ئەوان گۆڕانکاری لە بژاردەی خۆیاندا بکەن.
ناوبراو لە درێژەدا وتی: لەو شێوازانەش کە ئەمریکا و سعوودیە لەم شەڕە ئابورییە و داراییە بەکاری دێنن، دەتوانین ئاماژە بە دەستکاریکردنی نرخی دۆلار، ڕێگری لە هاوکاریکردنی وڵاتانی دیکە بۆ لوبنان، پاڵپشتی لە گەندەڵان لە ناوخۆی لوبنان، ڕێگری لە دادگاییکردنی ڕیاز سەلامە سەرۆکی بانکی ناوەندیی لوبنان، ڕێگری لە دۆزینەوەی چارەسەری کێشە و قەیرانەکان، بەسیاسیکردنی دۆسیەکان لە دەزگای داد و دەستێوەردانی ئاشکرا بە ئامانجی دادگایینەکردنی ئەو کەسانە کە داهاتی وڵات و پارەی وەبەرهێنەرانیان بە فیڕۆ داوە.
ئەو بەرپرسەی حزبوڵڵا وتی: لە کاتێکدا کە ئەم شەڕەی ئەمریکا و سعوودیە بە ئاشکرا لە دژی لوبنان بەڕێوە دەچێت، هەندێک پرسیار دەکەن کە لە کوێ و چۆن لوبنان گەمارۆ دراوە و بە درۆی دەزانن.
دەعموش وتی: کاتێک کە نرخی دۆلار بە ڕادەیەکی نائاسایی بەرز دەبێتەوە و کەسێک موڵەتی هاوکاریکردنی لوبنان لەم هەلومەرجە دژوارەدا نادات و بڕیارە داراییەکانیش کە لە لایەن هەندێک لە بانکەکانەوە دەکرێت ڕاستەوخۆ سەرمایەدانەران و وەبەرهێنەران دەکاتە ئامانج، هەندێک ڕێگری لەوە دەکەن لێپرسینەوە لە سەرۆکی بانکی ناوەندی بکرێت. ئەو کەسانە کۆسپ و لەمپەر دەخەنە بەردەم دادگاییکردنی ئەوانەی کە داهاتی وڵاتیان بە فیڕۆ داوە، ئایا ئەمە گەمارۆدانی لوبنان نییە؟
ناوبراو لە درێژەدا ڕایگەیاند: یاریکردن بە نرخی دۆلار لە شەڕی هەڵبژاردنەکان بۆ لوبنانییەکان پیلانگێڕییەکی ئاشکرایە و ئەم پیلانە و جێبەجێکارانی بۆ خەڵک ئاشکرا کراون. ئەوانەی کە یاری بە نرخی دۆلارەوە دەکەن و خەڵک بە برسێتی دەهێڵنەوە، کەسانی ناسراون.
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکاری حزبوڵای لوبنان وتی: ئەگەر ئەوان وا دەزانن کە دەتوانن بەم پیلان و شێوازە نامرۆڤانەیە ئیرادە و بیر و بڕوای خەڵک لاواز بکەن و بەوەی کە دەیانەوێت بگەن و خۆڕاگری دووەم شکست پێ بێنن، تووشی هەڵە و خەونێکی گەورە بوون.
عەلی دەعموش بەرامبەر بەو کەسانەش کە هەوڵی لاوازکردنی خۆڕاگری دەدەن، وتی: هەرچەندە بتوانن ڕاستییەکان بۆ خەڵک بە پێچەوانەوە پیشان بدەن خەڵک دەتوانن لە نێوان ئەوانەی پیلانگێڕی دەکەن و ئەوانەی بۆ پاراستنی لوبنان گیانفیدایی دەکەن جیاوازی ببینن.
وتیشی: خۆڕاگری لە گەڵ ئەوانەی هەوڵی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی لوبنان دەدەن هاوکاری دەکات تا پەرلەمانی داهاتوو شوێنی ئیرادەی لوبنانییەکان بێت نەک بەسراوە و ملکەچی وڵاتانی دەرەکی، حزبوڵڵا هەروەها لە گەڵ ئەو دامەزراوەی هاوکاری دەکات کە ناسنامەی خۆڕاگریی لوبنانی پاراستووە و بۆ مسۆگەرکردنی بەرژەوەندی گەلی لوبنان هەوڵ دەدات نەک ئەو لایەنانەی تەنیا لە خەمی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلدان./.