بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕۆژی هەینی پۆلیسی ناوچەی ئێرۆ لە باشوری فەرەنسا هەواڵی کوشتنی دوو ژنی بە چەقۆ ڕاگەیاند. یەکێک لە قوربانییەکان تەمەنی 20 ساڵە و هاوسەرەکەی بە تۆمەتی کوشتنی دەستبەسەر کراوە.
قوربانی دیکە، ژنێکە کە ناسنامەکەی ئاشکرا نەکراوە بەڵام پۆلیس ڕایگەیاندووە کە ئەویش بە هەمان شێوە بووەتە قوربانیی توندووتیژی خێزانی لە لایەن کەسە نزیکەکانیەوە.
پێشتریش هەواڵی کوژرانی سێ ژن بە هۆی توندووتیژی خێزانییەوە لە ڕۆژانی سەرەتایی ساڵی نوێی زائینی هەرای نایەوە، لە ئێستادا ژمارەی ئەو ژنانەی لەم 16 ڕۆژەی ڕابردوو بوونەتە قوربانی، گەیشتووەتە 5 ژن.
لە ساڵی 2006 تا ئێستا ژمارەی ژنانی قوربانیی توندووتیژی خێزانی ساڵانە بەردەوام زیاتر لە 100 کەس بووە. هەروەها لە سەدا 30 ی بکوژەکانیش پێش تاوانی کوشتنی ژنەکان دۆسیەی دیکەیان هەبووە و حوکمدراو بوون. لە لایەکی دیکەوە لە فەرەنسا لە سەدا 80 ی دۆسیەکانی تایبەت بە توندووتیژی خێزانی ناگاتە ئەنجام.
بە پێی ئامارێکی ساڵی 2017 ی کۆمیسیۆنی ئەورووپا، فەرەنسا لەو ساڵەدا بە 123 حاڵەتی ژنکوژی لە پاش ئەڵمانیا بە 189 حاڵەتەوە لە پلەی دووەمدا بووە. ڕۆمانیا بە 84 حاڵەت، بەریتانیا بە 70 حاڵەت و ئیتالیا بە 65 حاڵەت لە پلەکانی دواترەوە ناویان هاتووە./.