بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عەلی شەریعەتی لە وتووێژێکدا ڕایگەیاند کە ئەوەی کە لە دوو ساڵی ڕابردوو لە عێراقدا بینراوە، بە هۆی کێشە و ململانێ سیاسییە ناوخۆییەکانی ئەو وڵاتەوە بووە کە کاریگەری زۆریشی لە سەر پرسە ئابورییەکان هەبووە. ئەو کێشانەش کە لە عێراقدا هەبوو پەیوەندییان بە کۆرۆناوە دەدا بەڵام لە ڕاستیدا وا نەبوو و کۆی گشتی ڕووداوەکان سیاسی بووە. هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکە کاریگەری زۆری لە سەر عێراق هەبووە، بۆ یەکەم جار لە مێژووی عێراق نرخی دینار لە بەرامبەر دۆلار تووشی هەڵکشان و داکشانێکی زۆر بوو و ئەمەش کێشەی خستە بازاڕەوە.
ناوبراو وتی: سیستەمی بازاڕدۆزیی ئێمە لە عێراق تا ڕادەیەک جیاوازیی لە گەڵ وڵاتانی دیکە هەیە. ستراتیژی ئێمە دەبێت پاراستن و پەرەپێدانی بازاڕ بێت بەڵام وڵاتانی دیکەش لە چالاکییەکانیان بەردەوامن. بۆ نموونە، پاش ئەو ڕووداوانەی کە بۆ لیری تورکیا ڕوویدا کە لە ماوەی ڕابردوودا کەم وێنە بووە، بۆ کەرتی هەناردەی ئەو وڵاتە، نرخی کاڵای تورک بۆ هەناردەکاران دابەزی و لەو ستراتیژە کەڵکی پێویستیان وەرگرت.
شەریعەتی وتی: کاتێک بازرگانێکی تورک کە پێشتر کاڵایەکی بە 100 دۆلار دەفرۆشت، 700 لیری بۆ ناوخۆی وڵاتەکەی دەبردەوە بەڵام ئەمڕۆ ئەو 100 دۆلارە دەکاتە 1350 لیر و هەندێک کاتیش گەیشتە 1800 لیر، بە واتایەکی دیکە ئەو بازرگانە دەتوانێت دوو هێندەی ڕابردوو بۆ وڵاتەکەی پارە کۆبکاتەوە و سوودی هەبێت. ئەم ستراتیژەش لە وڵاتێکی وەک چین بە دابەزاندنی نرخی دراوی نیشتمانی لە جیهاندا پەیرەو دەکرا تا کاڵا و بەرهەمەکانیان کێبڕکێی لە سەر نەکرێت. ئەمەش وایکردووە کە تورکیا لە بازاڕی عێراق و بازاڕەکانی دیکەدا کاریگەرییەکی زۆری هەبێت. تورکیا نزیکەی 220 تا 230 ملیار دۆلار هەناردەی هەیە کە هەناردەی نانەوتی ئەو وڵاتەش 6 تا 7 هێندەی هەناردەی نانەوتی ئێرانە، عێراقیش بۆ تورکیا بازاڕێکی نزیک، خێرا و گەورەیە.
ئەندامی ژووری بازرگانی ئێران وتی: وڵاتانی عەرەبی ناوچەی کەنداوی فارس بە سەرکردایەتی سعوودیە هەوڵی کردنەوەی شوێنپێ و بەهێزکردنی پێگەی خۆیان لە عێراق دەدەن و دەیانەوێت لەم بوارەدا چالاک بن، ئەگەر ئێمەش کەمتەرخەم بین ڕەنگە بازاڕەکانی هەناردەمان لە دەست بدەین.
شەریعەتی وتی: مەترسییەکی گەورە هەیە کە ئەوەیە دامەزراوە گەورە حکومییەکان کە لە ئێراندا خۆشناو و چالاکی زۆریان هەیە، لە عێراقدا ئەم تایبەتمەندییەیان نییە، دەبێت کارەکانی کەرتی تایبەت ڕوون بکرێتەوە، چالاکی حکومییەکان بە شێوازێکە کە ئەنجامی ئەرێنیی بۆ ئێمە نابێت، بەو چالاکییانەی کە هەیانە زۆربەی کاتەکان تووشی شکست دەبن و پارەکەشیان لە داهاتی گشتی وڵاتە./.